ئەیلول 19, 2021

کۆدەکەی بارزانی ، کڵاوێکی ئاسنین بۆ ھەولێر

مەشخەڵ کەوڵۆسی

لەماوەی ڕابردوودا چەند جارێك هێرشی مووشەكی و هێرش بەدرۆن، دواجاریش هێرش بەدرۆنی بۆمبڕێژكراو، كرایە سەر هەولێر و فڕۆكەخانەكەی. تاكو نوسینی ئەم چەند دێڕە، لایەنی ئەمریكی كە یەكەم ئامانجی هێرشەكانن، نەیان توانیوە یان نەیانویستوە، بەشێوەیەكی كردەیی و دڵنیاكارانە كۆتایی بەو هێرشانە بهێنن. هاوكات جگەلە سەركۆنەكردن و ئیدانەكردن، هەنگاوی كردەییان نەناوە بۆ پاراستنی هەولێر و فڕۆكەخانەكەی.
ئەگەرچی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانی و میدیاییەكان باس لە جێگیركردنی سیستەمی دژە موشەكی دەكەن لەفڕۆكەخانەی هەریر، بەڵام هێشتا بۆ پاراستنی هەولێر و دڵنیاییدان بەوەی هێرشی موشەكەكان كۆتایی دێت، هەنگاوی دیكە ماون.
بێگومان ئەوانەی هێرشەكان ئەنجام دەدەن، چەند پەیامێكیان هەیە بۆ لایەنەكانی ناوخۆی ئێراق و كوردستان و، بۆ ئەمریكا و دەوڵەتانی هەرێمایەتیش، ئەوەندەی پەیوەندی بە ئەمریكاوە هەیە، گرنگترین پەیامی نێو هێرشەكانە، چونكە دەیەوێت بەوان بڵێت: كوردستانیش بۆ ئێوە جێگەی مانەوەو ئەمان نیە! .
كۆی لێكەوتەكانی تری هێرشەكان، دەكەوێتە سەر ئەوەی ئەمریكاییەكان چۆن لەگەڵ ئەو پەیامەدا مامەڵە دەكەن؟ ئایا لەنێو ناوەندەكانی دروستكردنی بڕیار لەئەمریكا، ڕایەك هەیە بۆ كشانەوە لە ئێراق و بەجێهێشتنی كوردستان؟.
سكرتێری یەكێك لەحیزبەكانی كوردستان، پێی گوتم: ئەمریكا لەئێراق دەكشێتەوە! بەرپرسەكە هەروەها دەڵێت: بێ هیچ گومانێك دەزانین كە ئەمریكا دەكشێتەوەو، پێویستە خۆمان ئامادە بكەین.
ئەگەر قسەی ئەو بەرپرسە ڕاست بێت كە پێكەوە قسەمان كرد، كەواتە ڕاستەوخۆ پێویستە ڕاستەوخۆ كورد بپەڕێتەوە سەر وەڵامی ئەم پرسیارە و چیدی كات نەكوژێت بەو جەدەلەوە كە ئایا ئەمریكا پاشەكشە دەكات یان نا؟. بەڵكو پرسیارە هەرە گرنگەكە ئەوەیە كە دەڵێت: بێ ئەمریكا چۆن كوردستان بپارێزین.
ئەگەرچی پارێزگاری كردن لەسنورەكانی هەرێمی كوردستان و لە ئاسایش و ئۆقرەیی سیستەمی سیاسی كوردستان و هاووڵاتییان و بارزاڕەكانی سەرمایەگوزاری كوردستان، چەندین لایەنی جیاجیای هەیە، من پێم وایە ئەوەندەی ڕێككەوتن و دانوستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ كوردستان دەپارێزێت، نیو ئەوەندە بەهێزی سەربازی ناپارێزرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەرچەیەكی دیكە هەیە كە پێم وایە "مەسعود بارزانی" لەم ڕۆژانە بەتیلە چاو ئاماژەیەكی پێدا.
بارزانی لە وتاری دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەكەیدا، گوتی: لەسەرەتای شەڕی داعش بایدن كە ئەوكات جێگری سەرۆك بوو تەلەفۆنی كرد، گوتی: ئەگەر هاوكاریتان بكەین بەرگری دەكەن؟ منیش گوتم: جەنابی جێگر، ئێمە ئەمریكا هاوكاریمان بكات یان نا، بەرگری دەكەین!. ئەو قسەیەی بارزانی لەخۆوە نەبوو، بەڵكو بەبڕوای من كۆدێكی زۆرگرنگ بوو كە هەڵیدایە بەردەم لایەنەكان، بەتایبەتی بەردەمی حكومەتی هەرێم، كە پێویستە بتوانن "بەبێ ئەمریكاش بەرگری بكەن".
پێویستە حكومەتی هەرێم كۆدەكەی بارزانی شی بكاتەوە، ژێرخانی بەرگری كردن بەبێ ئەمریكا دروست بكات.سیستەمێكی تۆكمە و جێگای دڵنیایی بۆ پاراستنی ئاسمانی كوردستان بەتایبەتی ئاسمانی هەولێر لە موشەك و درۆنەكان.
ڕەنگە كۆدەكەی بارزانی، ڕێنمونی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بكات بۆ دروستكردنی كڵاوێكی ئاسنین بۆ هەولێر. ئەگەرچی لەم بارە داراییە ماندووەی كوردستان و لەپەنای گرێ وگۆڵە سیاسی و و كۆسپەكانی وڵاتانی دەوروبەر كە بۆ پرۆژەیەكی وای دروست ئەكەن، هەنگاوەكە قورسە، بەڵام قورستر لەوە ئەوەیە ئەمریكا پاشەكشە بكات و ئێمە هێشتا كڵاوێكی ئاسنینمان لەسەر هەولێر نەنابێت!.

© 2017 Hawler