تشرینی یەکەم 24, 2021

ئێن ئاڕتی یاری بە عەقڵی خۆی دەکات یان بە بینەرەکانی؟

ئاسۆ عوسمان

 

بەداخەوە چەواشەکردن و یاریکردنێکی ناعەقڵانی و بێهوودە و خەمسارد و نابەرپرسیارانە بۆتە بەشێک لە کاری ناپرۆفیشاڵانەی هەندێ میدیای کوردی، لەوانە " ئێن ئاڕتی" لە ١١ی ئەیلوولەوە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێوڕەسمی بانگەشەیەکی شارستانی و ئاست بەرز و پابەند بە ڕێنماییە تەندروستییەکان، تەنیا سەرکردایەتی و بەربژێرەکانی لە هۆڵێکدا کۆ کردەوە و، لەبەر پەتای کۆڕۆنا و پاراستنی تەندروستی ئەندام و کاندیدەکان وەک نەریت، لە نێوان دوو کورسی، یەکێکی بۆشایی بوو، بەڵام کورتبینی و کۆربینی بەرپرسەکانی ئێن ئاڕتی، ئەمەیان لە خەیاڵدانی خۆیاندا، بە دیوێکی دی ئاوەژوو وێنا کردوەو پرسیارێکی نالایەقیان وروژاندوە، گوایە پارتی کورسی هۆڵەکەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێ پڕ نەکراوەتەوە، ئاخر بێ عەقڵی و بەلاڕێدابردن و گەوجاندن تا ئەو ئاستە ناشرینە؟! تێناگەین ئێن ئاڕتی بینەر و کۆمەڵگەی کوردستان بەچی دەزانێ؟
لە ڕاستیدا، عەقڵی سەلیم ئەگەر هەبێ زۆر باشە، بە تایبەت بۆ داڕێژەرانی هەواڵ و ئیدارەی میدیای ناوبراو، چونکە کاری میدیا دەبێ ڕاستگۆیانە ئاڕاستە بکرێت و مسداقیەت بپارێزێت، نەک وەک تەلەفزیۆنەکە کوێرانە ئاڕاستە بکرێت، ئاخر بۆیە حاڵی بەشێک لە راگەیاندنی کوردی لە ناو گێژاوی ململانێ ناتەندروست و فەوزای سیاسی و بێسەروبەرییدایە و خەڵکیشیان تووشی ڕاڕایی و بێمتمانەیی و چەواشەکاری کردوە.

© 2017 Hawler