ئەیلول 19, 2021

دوو وشەی "زۆرینە" و "کەمینە" لە قورئاندا

عومەر چنگیانی 

(١-٣)

پشتیوان بەخوا دەمەوێت لەسەر بابەتی دوو وشەی زۆرینە و کەمینە بدوێم لە قورئانی پڕ لەبەخششدا، کە لای من یەک لەو باجانەی کۆمەڵگا دەیدات، هەر ئەو زۆرینە و کەمینە، خۆیەتی؛ ئەویش لەسەربنەمای ژمارە نەک جۆر، کە ئێرە شوێنی نییە، وەلێ چونکە بابەتەکە درێژەدانی پێ دەوێ و ستووونەکەیش بە جارێک بەشی ناکات، گوڵخەرمانی ژمارە دووسەدوشەستمان دەبێتە
سێ بەش.
هەر لەسەرەتاوە ئەوە دەڵێم: ئەوەی تێبینی دەکەین لە قورئاندا بە زۆری لە دوای وشەی"زۆرینە"، بەدوویدا لێخوێندنە نەک پێداهەڵگوتن!
خوێنەری هێژا! بێگومان ئاوازانستەبابەتێکی قورئانی، دەیان و بگرە سەدان توێژێنەوەی لەسەر هیەیە نەخاسمە بە زمانی قورئانەکە خۆی، منیش بۆ زەنگینترکردنی بابەتەکە، گەڕامەوە بۆ ماڵپەڕی (اسلام ویب) لە بەشی خوێندنەوەی قورئانی(دراسات قرێنیە) لەژێر سەردێڕی(الأكثریە) فی القران الكریم) لە ٢١٠٥/٤/١٢دا بڵاو کراوەتەوە، کە نووسینێکی زۆر ورد و ئەکادیمی و کورتوپوختە و تیایدا هاتووە:
(لە قورئانی پڕ لە بەخششدا چەندین ئایەت هەیە کە پێناسە و پیاهەڵدانی بۆ زۆرینە بەشێوەیەکی لێخوێندنەوەیە وەک:
١: چل و سێهەمین ئایەتی سوورەتی (الروم)، کە دەفەرمێت:
(وردببنەوە بزانن ئاکام و کۆتایی ئەوانەی پێشتر بوون، چۆن بووە؟ زۆرینەیان هاوەڵ بۆخوا پەیداکەر بوون).
٢: لە ئایەتی سەد و هەشتا و حەوتی سوورەتی(ئەلئەعراف)یشدا دەفەرمێت: (وەلێ زۆرینەی مەردمگەل نازانن).
٣: لە دووسەد و چلو سێهەمین ئایەتی سوورەتی(ئەلبەقەرە)یشدا دەفەرمێت: (بەڵام زۆرینەی مرۆڤەکان بێ ئەمەکن و بە ناز و
بەخششەکان نازانن و سوپاسگوزار نابن).
٤: لە پەنجاهەمین ئایەتی سوورەتی(فورقان)یشدا دەفەرمێت: (زۆرینەی خەڵک بێ ئەمەکی و بگرە حەق وەشێری هەڵدەبژێرن).
٥: لە شەستوسێهەمین ئایەتی سوورەتی (عەنکەبووت) یشدا دەفەرمێت: (بڵێ سوپاس بۆ اڵه، بەڵام زۆرینەیان فام ناکەنەوە
و عاقڵ نابن). بەم شێوە دەبینین ئەم لێخوێندنانە بە پێی شوێنەکان
دەگۆڕێن.
لەبەرانبەریشدا لە قورئاندا هەندێک ئایەت هاتووە کە
بە کەمینەدا دەڵێ لە مرۆڤەکان:
١: لەمیانەی باسی بن ڕکێف خستنی (با) و (جنۆکە)
دا بۆ سلێمان پێغەمبەر – سڵاوی خوای لەسەر – لە سێانزەهەمین ئایەتی سوورەتی(سەبە)دا دەفەرمێت: (کەمن ئەو بەندانەم کە بە ئەمەک و پێزانن). گوتراوە ڕۆژێک عومەر- خوای لێ ڕازی بێت—گوێی لە پیاوێک بوو دەیگوت: خوایە بمگێڕی لە کەمینەکان، عومەریش لێ دەپرسێ ئەم نزایەت لە کوێ هێناوە؟ کابرایش لەوەڵامیدا بەو ئایەتە وەڵامی دەداتەوە، عومەریش بەخۆیدا دێتەوە و دەڵی: هەر هەموومرۆڤەکان لە تۆ زانا و شارەزاترن(١)
بەشێوەیەکی گشتی لە قورئاندا ئەوە تێدەگەین کە
یاسایەکی گشتگیر هەیە و خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە زۆرینەی خەڵک بڕوا ناهینن و بێ ئەمەک و کەم فام و بیر و هۆش و هزر و...هتد کۆڵن . مەبەستیش لە وشەی زۆرینە، واتە زوربە، نەک هەر هەموو و، لە هەندێ جێگایشدا هەموو دەگەیێنێت.
لێرەوە هەوڵدەدەین کەمێک لەوبەکار هێنانەی قورئان و پێدا گوتن، یان لێخوێندنانەی وشەی زۆرینە تێبگەین: یەکەم: لێخوێندن لە (زۆرینە) بەوەی کە هاوەڵ بۆخوا پەیدا دەکەن:
گومان لەوەدا نییە کە هاوەڵ بۆخوا پەیدا کردن لە هەرە گوناهە گەورەکانە و، خواگیان لە زۆر جێگای قورئاندا ئاماژەی بۆ ئەوە فەرمووە کە لە گوناهی شیرک خۆش نابێت.
وەک چل و هەشتهەمین ئایەتی سوورەتی(نیسا)کە دەفەرمێت:
(بەڕاستی اڵه لە هاوەڵ پەیداکردن بۆی، خۆش نابێت، بەڵام لە خوار گوناهی شرکەوە بۆ هەر کەس بیەوێت لێی خۆش دەبێت و، هەرکەس هاوەڵ بۆخوا پەیدا بکات درۆیەکی گەورەی هەڵبەستووە بەدەم خواوە).
تێبینی: زانایان لە لێکدانەوەی ئایەتەکەدا گوتوویانە. بەمانا لە هەمووخاوەن گوناهێک کە بە بێ تەوبەیش مردبێت ڕەنگە خۆش ببێت، وەلێ گەر هاوەڵ بۆخوا پەیداکەر پەژیوان نەبووبێتەوە و مردبێت، لیخۆشبوونی بۆنییە) .
جا دەبینین لە دوو جێگادا زۆرینە بە هاوەڵ بۆخوا پەیداکردن لەکەدار دەکات:
١. لە سەد و شەشەمین ئایەتی سوورەتی یوسف دا
دەفەرمێت:
(زۆرینەیان بڕوا ناهێنن کە هاوەڵ پەیدا کردن تێکەڵ و ئاوێتەی ئیمانەکەیان نەکەن).
٢. چلودووهەمین ئایەتی سوورەتی (رۆم) دەفەرمێت: (پێیان بڵێ. فەرموون لەزەویدا بگەڕین و بسووڕینەوە،
بزانن دەرەنجام و ئاکامی ئەوانە چی بووە بەر لەوان هەبوون و ژیاون و زۆرینەیان هەواڵ بۆخوا پەیداکەر بوون)؟.
پەڕاوێز:
(١)سەیری فەتوای ژمارە٢٤٦٩٨٢بکە لە وێبسایتی
ئیسلام ویب،بفەرموون کە لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی دروستی و نادروستی ئەم ڕووداوەوە دەڵێ: زانایان لەدوووی یەک، ئەم گێڕانەوەیان هێناوە و، کەسیان لەسەر دروستی، یان لاوازییەکەی هیچیان لەبارەوە نەگوتووە ....(فإن هذا الأثر رواه ابن ابی شیبە فی المصنف وعبد اڵه بن أحمد بن حنبل فی الذهد لأبیه، وقد
نقله القرطبی وجمع من أهل العلم، ولم نر أحدا منهم حكم علیە بصحه ولا ضعف ).

© 2017 Hawler