حوزەیران 22, 2021

زۆرترین بینراو بۆچوون

نووری بێخاڵی

 

وەک چۆن کوردبوون بە دروشمی فوودراو و کەفوکوڵ و هەڵچوونی هەرزەییانەوە ناکرێت، بە هەمان شێوەش، نابێت بە هیچ جۆرێک کوردبوون بخرێتە تای تەرازووی ململانێی سیاسی و شەڕەقۆچی حزبی، ئەوەی کە ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و دەگوزەرێ ڕێک ئەو دۆخی پارادۆکسە سیاسییەیە کە تێیدا دەژین.
بۆ کوردێکی لەخۆوە کورد، ئەو ڕاستییە یەکلا بووەتەوە، کە داگیرکەرانی کوردستان، بە یەک مەسافە دوژمنی سەرسەختی کورد و بوونە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەین. ڕەنگە تەنیا جیاوازیی لە ئاست و جۆری دوژمنداریی و دڕندەییەکەیاندا هەبێت، کە ئەمەش پەیوەستە بە زەمینە و هەلومەرجی ڕەخساو بۆ هەر یەکێکیان، کە تیایدا ئەم
دوژمنایەتییەیان پیادە و تۆختر دەکەنەوە.
بەدڵنیاییەوە هیچ کوردێک، کە تۆزقاڵێک ئینتمای بۆ نەتەوە و نیشتمانی خۆی هەبێت، نابێت بەم داگیرکاریی و دوژمنکارییە ڕازی بێت، جا بڕ و بیانوو و پاساوەکانیان هەر چییەک بێت، بەڵام لە بەرامبەریشدا نابێ لە هەڵسەنگاندنی دۆخەکەدا، لەپشتی چاویلکەی ئایدیۆلۆژیا و بە میکڕۆسکۆبی حیزبی و بەرمەبنای ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکانی ناو هێزەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری پێشوەختە لەسەر ڕووداوەکان بدات، چۆن؟ ڕاستییەکەی بوونی (پەکەکە) لەم دەڤەرەدا گرێدراوی سێ فاکتەر، یان ڕاستتر بڵێین سێ واقیع حاڵە:
یەکەم: بوونێکی کلاسیکی، بانگەشەی پێویستیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، بۆ ڕێگرتن لە مەترسیی تەشەنەکردنی بازرگانیی ماددەی هۆشبەری نێوان ئێران، ئەفغانستان و پاکستان و بەرگرتن بە شەپۆلی گرووپی توندڕۆ و تیرۆریست (کە ئەوەیان لە نوکتە دەچێت).
دووەم: بوونی لە شنگال بە قۆستنەوەی دۆخی دوای داعش، کە بەداخەوە بواری بۆ گەڕاندنەوەی تورکیا و دەستتێوەردانەکانی لە هەرێمی کوردستان خۆشتر کرد، هاوکات بووە هۆی گەڕانەوەی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەکە و ڕێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوچەکە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
سێیەم: بوون و پەلکێشی و دەستتێوەردانی لە دەڤەری بادینان، کە جیاواز لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، ئامانجێکی تەواو پاوانخوازی و خۆسەپێنی و
کەڵەگایی هەیە.
بەشێوەیەکی گشتی، بوونی پەکەکە لەگەڵ بوونی (دیموکرات و کۆمەڵەکان) لە هەرێمی کوردستان، زۆر زۆر جیاوازە و ئاسمان و ڕێسمانیان نێوانە. لەکاتێکدا حزبەکانی ڕۆژهەڵات کە لە دوای ڕاپەڕینەوە لە سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان جێگیربوونە، تا ئێستا ڕێز لە یاسا و بڕیارەکانی حکوومەتی هەرێم دەگرن، کەچی پەکەکە ڕێک پێچەوانەکەی کردووە و دەکات. واز لەو دروشمە بێنن کە کوردستان یەک پارچەیە و مافی هەمووان لەسەر هەر بستێکی ئەو نیشتمانە هەیە، ئەو دروشمەی هەر زوو پەکەکە لێی پاشگەز بووەوە (نەوەدەکان داوای کوردستانی گەورەی یەکگرتوو و سەربەخۆی دەکرد، کەچی ئێستا خەبات بۆ بەدیهێنانی خۆبەڕێوەبەریێکی کەمتر لە حوکمی زاتی دەکات!)، بەڵام ئەگەر بە عورفی سیاسی و بنەما یاساییەکان بێت، ئەوا ئەو حزبانە لە سنووری جوگرافیی دەسەڵاتێکن، کە پێی دەگوترێت (هەرێمی کوردستان). بۆیە کەم و زۆر، دەبێ ئەو هێزانە ڕێز لە سەروەریی سیاسی و یاسایی ئەو سنوورە جوگرافییە بگرن. دەی، نەخوێندەوارێکیش دەزانێت سنووری جوگرافیی هەرێمی کوردستان، تا کۆتا خاڵ و دەروازە سنوورییە نێودەوڵەتییەکانی لەگەڵ ئێران و تورکیا دەگرێتەو . بۆیە هەر هەڕەشە و مەترسییەک لە قووڵایی هەرێمی کوردستان بۆ سەر ئاسایشی ئەم دوو دەوڵەتە، دواجار لەسەر هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت.

وەک کوردێک، نەک سەتا سەت، بەڵکوو سەتا هەزار لەگەڵ ئەوەدام، کە پێویستە هەرێمی کوردستان وەک (جوگرافیا، دەسەڵات و خەڵک)، باوەشی سۆز، نوای ئارامیی، چەتری دڵنیایی، داڵدە و پەناگەی پاراستنی (کەسوکاری سڤیل)ی هێزە سیاسییەکان و تێکۆشەرانی بەشەکانی تری کوردستان بێت.
چونکە ئەمە دەچێتە خانەی ئەرک و بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانیی، وەک چۆن ئەرکێکی ئەخلاقیی و ویژدانیشە و کرۆکی چەمکەکانی هاوپشتیی و هاوخەباتی نەتەوەیی و نیشتمانیش، هەر ئەوەمان لێ دەخوازن، بەڵام کاتێک حزبێکی پارچەیەکی کوردستان ئەم هەڵوێست و هەستکردن بەرپرسیارێتییە نەتەوەیی و نیشتمانییەی هەرێمی کوردستان، نەک هەر خراپ بقۆزێتەوە، بگرە لەسەروو ئەمەشەوە قەرزارت بکاتەوە و ببێتە سەرچاوەی سەرئێشە، ئەمەیان پێویستیی بە هەڵوەستە لەسەرکردنە.
حزبەکانی ڕۆهەڵاتی کوردستانی لێ دەربهاوێژە، وەکووتر بە درێژایی ۳۰ ساڵی ڕابردووی دوای ڕاپەڕین و پێکهێنانی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، (پەکەکە) نەک هەر خراپ دۆخەکەی قۆستووەتەوە، بەڵکوو سنووری عورفە سیاسی و بنەما یاساییەکانیشی لەو نێوەدا پێشێل کردووە.
ئەمە ڕاستییەکە و نابێت بە خاتری ململانێی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، خۆمانی لێ لەگێلی بدەین و لە ئاستیدا کوێر بین. پەکەکە لەو ماوەیەی لە هەرێمی کوردستانە، چەندین گەڕی شەڕی لەگەڵ پارتی و یەکێتی (بەیەکەوە)، هەروەها شەڕی یەکلایەنەیشی لەگەڵ هەر یەک لەم دوو حزبە کردووە. ئیتر هۆکار و پاڵنەرەکانی پشتی ئەم شەڕانە هەر چییەک بووبن (کە ئێرە شوێنی باسەکە نییە)، ئەوە بابەتێکی دیکەیە.
ئەگەر قسەش لەسەر کوشتنی گەریلا و فەرماندەکانی پەکەکەیە لەو شەڕانەدا، لە بەرامبەردا چەندین پێشمەرگە و فەرماندەی پارتی و یەکێتیش، کە زۆرینەیان پێشمەرگە و پارتیزانی دێرین و کوڕی ڕۆژە سەختەکانی شۆڕش بوون، بە دەستی پەکەکە شەهید کراون.
لەلایەکی تر، واقیعی حاڵی، بوونی ئەم هەموو ساڵەی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بناری قەندیل و تا دەگاتەوە سنووری باکووری کوردستان، ئەوەی ئەوان ناویان ناوە (هەرێمی پاراستنی میدیا!)، ئەوەمان پێ دەڵێت، کە پەکەکە خۆی بە (وەسی) بەسەر حکوومەتی هەرێم، هەروەها بە خاوەن و دەسەڵاتداری ڕاستەقینەی ئەو سنوورە جوگرافییە دادەنێت و هەرواش ڕەفتاری کردووە و دەکات. پەکەکە لە سنووری شارۆچکە و گوند و ئاواییەکانی بناری قەندیل، حکوومەتێکی بچووککراوەی دروست کردووە و خەڵکی ناوچەکەی ناچار بە ملکەچبوون بۆ دەسەڵاتەکەی کردووە. لەو سنوورەدا شارەوانی و دادگای تایبەت بە خۆی لێ دامەزراندووە. بازگەیان لە جەرگەی ڕێگا سەرەکییەکان داناوە، کێیان بوێت ڕێگای ڕۆیشتنی دەدەن، کێیشیان نەوێت، نەک هەر نایگەڕێننەوە، بەڵکوو دەیشیگرن. کەمیش نین ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی خانەخوێی ناوچەکەن، کە بە درێژایی ۳۰ ساڵی ڕابردوو، لە بازگەکانی پەکەکە بە تۆمەتی بێ مانا گیراون، یان شەوان لە ماڵەکانی خۆیاندا ڕفێندراون. پێویستە واز لە سۆز و کەفوکوڵ بێنین و کەمێک وردتر دیوەکەی تری هاوکێشەکەش بێنین و بە ڕاشکاوی بپرسین:
پەکەکە بە چ مافێک حکوومەت لەناو حکوومەتدا دادەمەزرێنێت؟ لەسەر چ بنەمایەک ئەو ڕەوایەتییە بە خۆی دەدات، لە گوند و ئاواییەکانی سنووری چیاکانی ئاراسن و کارۆەوە، تا دەپەڕیتەوە بەری بناری قەندیل، بە دەوروبەری شارباژێڕیشەوە، لەو خەڵک و حکوومەتە ببێتە کەڵەگا؟ بە چ پێوەرێک باج و سەرانە لە گوندنشینەکانی ئەو سنوورانە و ڕەوەند و کۆچەریی و کۆڵبەرەکان وەردەگرێت؟ یەعنی چی پەکەکە ناچێتە ژێر باری هیچ عورفێکی سیاسی و بنەمایەکی یاسایی؟ بیانووی تۆپخانەکانی ئێران و فڕۆکەکانی تورکیا لە بۆردوومانکردنی هەرێمی کوردستان و شەهیدکردنی پێشمەرگانی ڕۆژهەڵات و گەریلاکانی باکوور و هاووڵاتییانی سڤیل، هەر چیەک بن، بێ بنەمان و پاساو نادرێنەوە، بەڵکوو لە دوژمنکارییەک زیاتر بەرامبەر بە کورد، هیچی تر نین و هیچ پێناسەیەکی دیکە هەڵناگرن، بەڵام ئەگەر بۆ جارێکیش بێت، با بوێریی ئەوەش بدەینە خۆمان و بڵێین، کە بیانووەکانی پەکەکە بۆ ئەو دۆخەی دروستی کردووە، تا ئەو ئاستەی خۆی بە کوێخای هەرێمی کوردستان دەزانێت و مافی ئەوەی بە خۆی داوە، بڕیار لە چارەنووسی هەرێمی کوردستان بدات، لە بیانووەکانی خەڵکی دیکە زۆر بێ ماناترن. ڕاستییەکەی ڕووداوی چەند ڕۆژی ڕابردووی شەهیدکردنی پۆلێک پێشمەرگە لە چیای مەتین شتێکی نوێ و چاوەڕوان نەکراو نەبووە، تا بە دیارییەوە واقمان وڕ بمێنێ و تووشی شۆک ببین.
بەوپێیەی لە دوای دەستگیرکردنی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) دۆخەکە بە جۆرێکە کە نەک هەر ئەوەی لە ئەنکارا بڕیاری کوشتنی کورد دەدات، تورکە، بەڵکوو ئەوەی کە لە قەندیلیش بڕیاری ماڵوێرانکردنی کوردی ئێرە و باکوور دەدات، تورک و کوردی پڕۆ ئێرانییە! بەهەرحاڵ، ڕەنگە بۆ نەوەی دوای ڕاپەڕین، کە کەمترین ئاشناییان بە مێژوو و فیکریی پەکەکە هەیە، ئەم هەڵچوون و کەفوکوڵە هەرزەییانەیان، لە سەرسامبوون بەم حزبە، شتێکی ئاسایی بێت، بەڵام ئەو فەریکە ڕۆشنبیر، هەرزە سیاسییانەی لەدوای شەڕی ناوخۆوە تا ئێستا و لە ڕقی پارتی، بە دەنگی دەهۆڵی دووری پەکەکە شاگەشکە بوونە، جێگای پرسیارە.
چونکە پەکەکە یەکێکە لەو حزبانەی، لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، جیاوازیی قبووڵ نەبووە و نایکات. ئەوە نەک تەنیا لەسەر ئاستی باکووری کوردستان، بەڵکوو لەسەر ئاستی پارچەکانی دیکەی کوردستان و تەنانەت لەناو خودی خۆیشی وەک حزب.
لەدوای ڕاپەڕینەوە، لە (پارتی ئازادیی کوردستان)ەوە تا بە (پارتی چارەسەر)ی ئەمڕۆ دەگات، هیچ شتێک نەما پەکەکە نەیکات، بۆ ئەوەی لەسەر میراتی شۆڕش و تێکۆشان و قوربانیدانی ئێرە، خۆی بکاتە ئەلتەرناتیڤی حزبەکانی هەرێمی كوردستان. وەک چۆن ساڵانێکیشە لە ڕێگای (پژاک و کۆدار)ەوە هیچ نەماوە نەیکات، بۆ ئەوەی لەسەر میراتی خەبات و خوێن و شۆڕشی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ببێتە جێگرەوە و کوێخای بڕیاری سیاسیی ڕۆژهەڵات، کە بەداخەوە لەمەدا ئێران هاوکاریێکی زۆر باشی دەکات.
ئەوە لە ڕۆژئاوای کوردستانیش هەر هیچ، کە هەموومان بە چاوی خۆمان دەیبینین، چۆن وەک تاکە حزبی فەرمانڕەوا، مافی بەشداریی سیاسیی لە هەموو جیاوازەکانی ستاندووەتەوە. بینیمان دەرگای چەند حزبیان داخست و چەند ڕۆژنامەنووسیان خستە زیندانەکان و چۆن ئاڵای کوردستانیان بە ڕۆژی ڕووناک سووتاند. شتێک کە لەم دەستدرێژییەدا جێی سەرنج و تێڕامانە، کاردانەوەی هەوادار و لایەنگر و ئەندامانی پەکەکە لە باشوور نا، بەڵکوو هەڵچوون و کەفوکوڵی زۆرێک لە ئەندام و کادیر و سەرکردە و بنکردەی هەندێ حزبی هەرێمی كوردستانە(بە دوکانە سیاسییەکانیشەوە!) ، هەروەها پێڕی بەناو ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیر و چالاکە سەربەخۆ و کەمپینچییەکانە (ئەوانەی ڕووداوەکان بە دوو ڕببەی جیاواز دەپێون!)، کە ڕووداوەکە دەکەنە بیانووێک، بۆ ئەوەی لەلایەک کوردایەتیی بە خەڵکی کوردستان بفرۆشنەوە، لەلایەکی دیکەیشەوە ڕقی مێژوویی و کینەی سیاسی و ئایدیۆلۆژیان، لە هێزێکی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەتاڵ بکەنەوە! لەبەر ڕۆشنایی ئەو پارادۆکسە سیاسییەی ئێرە، کە ئامانج لێی خۆڵکردنە چاوی خەڵک و کوێرکردنی هۆشیاریی شەقامە، پەیوەست بە عەقڵیەتی ستالینیی پەکەکە و قبووڵنەکردنی جیاوازیی، نەک هەر لە بەرامبەر هێزە سیاسییەکانی کوردستان، بەڵکوو لەناو خودی خۆیشیدا، خراپ نییە سەرنجی خوێنەر بۆ ڕاستیێک ڕابکێشین.
هاوشێوەی (کۆمەڵەی رەنجدەران) لە هەرێمی كوردستان، بەشێکی گرنگ و کاریگەر و بەرچاوی خەباتی پەکەکە، لە دروستبوونییەوە تا ئەمڕۆش، پەیوەستە بە خەباتی سەرسەختی ”گرووپی زیندان“.
ڕوونتر بڵێین: دامەزراندن و گەشەکردنی پەکەکە کە لەمڕۆدا دەیبینین، بە پلەی یەکەم، بناغەکەی خەبات و قوربانیدان و خۆڕاگریی ئەوانەیە، کە لە زیندانە تاریکەکانی باکووری کوردستاندا (بەدیاریکراویش لە دیاربەکر - ئامەد)، ڕووبەڕووی جەڵادەکانی تورک بوونەوە و بەرگەی هەموو ئەشکەنجە و ئازارێکیان گرت، کەچی بە پێوانەی ”شۆڕش ڕۆڵەکانی خۆی دەخوات“، سەرکردایەتیی سەرەتایی پەکەکە، تەسفیەکردنی زۆرێک لەو تێکۆشەرانە ”گرووپی زیندان“ی کردە، بەردی بناغەی پتەوکردنی دەسەڵاتی ستالینییانەی خۆی! خوێندنەوەی پەرتووکی ”ئایەتەکانی ئاپۆ“ و بیرەوەریی زۆرێک لە سەرکردەکانی پەکەکە، بەتایبەتی ئەوانەی ”گرووپی زیندان“، کە بە هەر شێوەیەک توانیان خۆیان لە پرۆسەکانی تەسفیەکردن و زەبروزەنگی پەکەکە بپارێزن و لێی دەرباز بن، زیاتر هەندێ دیو و گۆشەی تاریکی مێژووی ئەو حزبەمان بۆ ڕۆشنتر دەکاتەوە (ئەمەو بەڕێزگرتن لەو خوێن و قوربانیدانەی گەریلاکان، کە بە درێژایی دەیان ساڵە بە خەونی ئازادیی کورد و ڕزگاریی باکووری کوردستان داویانە و دەیدەن). بۆیە بۆ ئەوانەی لە پشتی لابتۆپێکەوە دانیشتوون و بە هەر هۆیەکەوە بێت تۆمەت دەبەشنەوە، خراپ نییە بدەنە بەر خۆیان و لاپەڕەی ئەو بیرەوەرییانە بخوێننەوە و بڕێک لەو کەلی هەڵچوون و کەفوکوڵە هەرزەییەیان داببەزن. دواجار، بەردەوامیی بۆردوومانی دوژمنکارانەی تورکیا بۆ سەر بەری گارە، دەشتە هێرت، بناری قەندیل و ناوچەکانی هەرێمی كوردستان و لەشکرکێشییەکەی بەوە کۆتایی دێت، کە پەکەکە دەستەبەرداری خەونی کوێخایەتیی و (خۆ بە وەسی)زانین لە سەر هەرێمی کوردستان بێت، هەروەها وەک هەر هێزێکی دیکەی سیاسیی پارچەکانی دیکەی کوردستان، کە لە سنووری جوگرافی و دەسەڵاتدارێتیی هەرێمی کوردستان پەنایان گرتووە، پێویستە پەکەکە بێتە ژێرباری عورفی سیاسیی و بنەما یاساییەکان لە پەیوەست بە مامەڵە و مانەوە لە هەرێمی کوردستاندا، لەسەرووشیانەوە هەڵوەشاندنەوەی ئەو حکوومەتە بچووککراوەیەی، کە لەناو هەرێمی کوردستاندا دروستی کردووە و هەرێمی کوردستانی بە کەڵەگایی کردووەتە سێ زۆن! ئەگەر ڕاستیتان دەوێت، گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشانی ڕاستەقینەی پەکەکە دیاربەکرە نەک داقووق، شڕناخە نەک شارباژێڕ، مێردینە نەک مەکێ، سیواسە نەک سنە. بۆیە ئێوەی پڕۆپەکەکەی باشوور، خۆتان و ویژدانتان، ئەگەر بۆ جارێکیش بێت، خۆتان لەم کوێرییە سیاسی و ڕقە ئایدیۆلۆژییە ڕزگار بکەن و بە برادەرانی قەندیل بڵێن: ئەم هەزاران گەریلایەتان هەیە، ئێ دەفەرموون شەڕ ببەنەوە قووڵایی تورکیا.
دەی ئاخر چیتان داوە لە قەندیل و قۆپی قەرەداخ و شارباژێڕ و زینی وەرتێ و کوێ و کوێی تر، لەکاتێکدا هەر لەو (شرناخ)ەی ئەودیو، شاخ و دۆڵ و زنجیرە چیای لەوەی قەندیلی سەختتری لێیە، کە بە دە ساڵی تریش سوپای تورک ناوێرێ تخونیان بکەوێت.
پێیان بڵێن: ئەگەر بە ڕاستی شەڕی ئێوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان نییە، فەرموون (ئەمە عەرز و ئەوە گەز)، کێ دەستی گرتوون (جیلۆ)ی هەرێمی هەکاری بکەنە بەرەی دواوەی شەڕ و وێستگەی پشوو و خۆئامادەکردنەوە و (قەندیلە سەختەکان!)ی ماردین و دیاربەکر و وان و سەرحەد و جزیرە و ئاگری و ئەلازیغ و مەلاتیە و کوێ و کوێی تری باکوور، بکەنە بەرەی پێشەوەی هێرش و زەبر وەشاندن! پێیان بڵێن: کە ئەوە ناکەن، ئەدی ئەم قوونەشەڕانەی ئێرەتان لە چییە؟

© 2017 Hawler