حوزەیران 22, 2021

زۆرترین بینراو بۆچوون

د.سالار عوسمان

 

- دوا شەڕفرۆشتنی پەکەکە بە هەرێمی کوردستان، مەبەستمان شەڕفرۆشیی ڕۆژی ٥ی حوزەیرانە، کە پێنج پێشمەرگەی قارەمانی تیادا شەهید کرا، جارێکی تر ئەو ڕاستییە ڕۆشنەی بۆ هەمووان سەلماندووە، کە پەکەکە بەردەوامە لەو شەرفرۆشییەی، کە نزیکەی ٣٠ سی ساڵە، ڕێک لەو کاتەی کە قەوارەی هەرێمی کوردستان کەوتە سەرپێ تا ئێستا، دەیکات و وەک بڵێی جگە لەو ئەرکەی ئەرکێکی تری نەبێت، بەڕاستی جێی هەڵوەستەیە، لە هەمان دەمدا جێی دەیان پرسیاری ئەخلاقی و ویژدانییشە، چما پەکەکە ژیانی لە گوندییانی ناوچە سنوورییەکان تێکداوە؟.. چما واز لە قەوارەی هەرێمی کوردستان ناهێنێت؟!..
چما یەخەی پێشمەرگەی کوردستان بەرنادات و، ئەرێ ئەم شەڕە لە بەرژەوەندیی کێ دایە و قازانجەکەی دەچێتە گیرفانی کێوە؟!..
- هەر بۆ وەبیرهێنانەوە، لە شەڕی داعش، ئەو کاتەی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، بە ئیفتیخارەوە شەڕی دڕندەترین دوژمنیان وەئەستۆوە بوو، پەکەکە بە ئیستیغلالکردنی ئەو هەلومەرجە، دەستیان بەسەر هەندێ ناوچەی سەرسنووردا گرت، تورکیایش، وەک دیارە پەکەکە لە هەر کوێ بێت بەدوایدا دێت و پەکەکەیش وەک هەمیشە لە بەرامبەر هێزەکانی تورکیا بەرگری ناکات و ڕا دەکات ، ئاکام تورکیا شوێنەکان دەگرێت!..
لە نێو ئەم هاوکێشەیەدا، ئەوەی زەرەر دەکات خەڵکی سڤیلی سەرسنوور و گوندەوارییانی هەژار و هەرێمی کوردستانە، دیسان دەپرسینەوە، پەکەکە بۆ لە بەرامبەر تورکیا بەرگریی ناکات و، ڕوونتر و بە شێوەیەکی تر دەپرسین، پەکەکە بۆ و لەبەرامبەر چی ئەم شوێنانە ڕادەستی تورکیا دەکات؟!!
- پرس و پرسیارێک، کە پتر موزایەدەچییەکان دەیوروژێنن، ئەویش ئەوەیە: پێشمەرگە بۆ جوولە دەکات؟!..
بەرسڤ ئەوەیە: پێشاقمەرگە جوولە دەکات تا خاک بپارێزێت، تا کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان و خەڵکی بێ دیفاعی کوردستان بپارێزێت، کە پەکەکە و تورکیا دەیانەوێت بیانکەنە سووتەمەنی، بەڵێ هەرێمی کوردستان، خاک و نیشتیمانی پێشمەرگەیە و ئەرکی پێشمەرگەیە خاکی خۆی لەو داگیرکاری و یارییە نابەجێیە بپارێزێت.!.


- پێشمەرگە بەرگری دەکات، نیشتیمان دەپارێزێت، بۆ پاڕاستنی نیشتیمان و قەوارە بەخوێن وەدیهاتووەکەی، پرس بە کەس ناکات و مۆڵەتیش لە کەس وەرناگرێت و مێژوویش شاهێدە ، لە کوێ زوڵم و کەڵەگایی هەبووبێت، پێشمەرگە لەوێ، بۆ هەمووانی سەلماندووە، کە کوردستان بە هەیبەتی پڕ شەرعیەتی یاسایی خۆیەوە سەردەکەوێت و ئەوەی دەکەوێت، دوژمن و ناحەز و بەکرێگیراو و سیاسییە گوماناوییەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەن، کە دەکەونە بەرنەفرەتی مێژووەوە!..
- موزایەدەچییەکان، ئەوانەی کە لە بنەڕەتدا نە دۆستی پەکەکەن و نە لە خەمی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستانن، دەبێ یەک ڕاستی بزانن، ڕاستییەکەیش ئەوەیە: ئەوان بەم موزایەدە بەتاڵانە، بە تاڵ دەچنە نێو مێژوو و ، تەنها دوو رێگەیشیان لە پێشە: یەکەم ڕێگا ئەوەیە، ئەوە عەرز و ئەوە گەز با شەری تورکیا بکەن و لە جیاتی مایک و میدیا، ئەگەر ڕاست دەکەن با دەست بدەنە تفەنگ، دووەم رێگایش ئەوەیە، کە بە پەکەکە بڵێن: واز لەم شەڕفرۆشییە سیی ساڵییە بێنن و یەخەی هەرێمی کوردستان و قەوارە شەرعی و خەڵکە ئاشتیخوازەکەی بەربدەن!..
- دوماهی پەیڤ ئەوەیە: هەرێمی کوردستان و حکومەت و خەڵکەکەی بڕیاری شەڕیان نەداوە، ئەوە پەکەکە و تورکیان بڕیاری شەڕیان داوە، بەڵام هەرێمی کوردستان، سەربەرزانە بڕیاری ئەوەی داوە گەلی کوردستان، خاکەکەی، قەورارە بە دیموکراسیی هاتووەکەی بپارێزێت و لەو پێناوەشدا، پشت بەستوو بە پێشمەرگە قارەمانەکانی، وەک چیا وەستاوە!.

© 2017 Hawler