حوزەیران 22, 2021

زۆرترین بینراو بۆچوون


مەشخەڵ كەوڵۆسی
گەر دوورتر لەو نیگەرانییە بچوكانە بڕوانین كەلەناوخۆی ئەمریكا بەتایبەت لەلایەن كۆمارییەكانەوە بەرانبەر گەڕانەوەی بایدن بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی دەوروژێنرێن، یان ئەو گلەییانەی كە هەندێك لە كۆنگریسمانەكانی سەربە پارتی دیموكراتی ئەمریكی لە بایدن و ئیدارەی تازەی دەكەن گوایە زیاد لەپێویست هەنگاو بەرەو گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی دەنێت. ئەوا دەتوانین بڵێن: چاوەڕوان دەكرێت ئەمریكا بەبێ گەڕانەوە بۆ نیگەرانییەكانی ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو، بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە ڕێككەوتنی ئەتۆمییەوە.
ئەم ئەگەرە لەم هەفتەیە و هەفتەی داهاتوودا، زاڵترین و بەرجەستەترین چاوەڕوانییە، تەنانەت بەرپرسان و میدیای ئیرانی جەخت لەوە دەكەنەوە كە دانوستانەكان قۆناغی زۆرباشیان بڕیوەو چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی سەركەوتنی دانوستانەكان و پابەندبوونەوەی ئەمریكاین بە ڕێكەوتنەكەوە.
سەبارەت بەم ئاڵوگۆڕە زۆر گرنگەی هاوكێشەكانی ناوچەكە، دەوڵەت و لایەنەكان هەریەك لەگۆشەی بەرژەوەندییەكانی خۆیەوە سەرنج دەدات و بەگەزو پێوانەی خۆی دەیپێوێت و، هەوڵ دەدات دەستوپەنجەی لەگەڵدا نەرم بكات. بێگومان جگە لەكورد!.
بەلای بەندەوە وەك چاودێرێك ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە كورد وەك ئەوەی لەدەرەوەی مێژوو بێت، بەهیچ جۆرێك و لەهیچ كەناڵێك و لەسەر هیچ ئاستێك، باسی ئەم ڕێككەوتنە ناكات و، هیچ بایەخێكی پێ نادات و ڕەنگە بەلایشیەوە گرنگ نەبێت تەنانەت گوێ بۆ هەواڵەكانیشی بگرێت.
ئەركی ئێمەمانا لێرەدا تەنها پرسیار كردنە، هەر بەڕاستی بۆچی كورد وا بێخەمەو ئاگای لەوە نیە كە ئاڵوگۆڕێكی لەو شێوەیە دروست دەبێت؟ ئایا ئەمە جەهلی مورەكەب نیە بەرانبەر سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان؟.
لەكاتێكدا ڕووداوێكی گەورەی لەو شێوەیە لە تەنیشتمان ڕوودەدات و كاریگەری ڕاستەوخۆ دەكاتە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان و، پەیوەندییەكانی كورد بەلایەنەكانی ترەوە، هەروەها جێپەنجە دادەنێت لەسەر هاوكێشەكان لەئیراقدا، خێرە وا كورد و حیزب و دەستەڵاتی كوردی هیچ گوێیەك بەو ڕێككەوتنە نادەن؟.
تا ئیستا بەشبەحاڵی خۆم نەمبیستوەو و نەم خوێندۆتەوە، كۆڕو كۆبوونەوەیەكی شیكاری، یان ناردنی شاندێكی فەرمی، یان دیداری حیزبی، یان لانی كەم دۆسیەیەكی میدیایی و نیشاندانی داتاكان و ئەگەرەكانی بەردەمی ئەو ڕێككەوتنە لەلایەن كوردەوە باسكرابێت! یاران نهێنیی ئەم بێخەمییە لەچیدایە؟
ئێمە لەبەر ئەوەی دراوسێی كۆماری ئیسلامی ئێرانین و زۆرینەی كاڵاو پێداویستییەكانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵك لەئێرانەوە هاوردە دەكرێن، هەروەها لەبەر هەژمونی گەورەی ئێران لەسەر بازاڕی سیاسەت لەئێراق و كوردستان، پێویست بوو بەر وڵاتانی كەنداو و ئیسرائیل، پێش لایەنە شیعییەكانی ئێراقیش هەوڵمان بدایە دەستوپەنجە لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییە گەورەیەدا نەرم بكەین. كەچی تا چركەساتی نوسینی ئەم چەند دێڕە، بێخەمترینین لەو بارەیەوە و، نەبامان دیوەو نەباران!.
یەك نمونەی زۆر سادە لەسەر ئەو گۆڕانكارییە، لابردنی سزا بەنكییەكانی سەر دراوی ئێرانی و لادانی بلۆكی سەر داهاتەكانی ئیران، بەشێوەی ئۆتۆماتیكی كاریگەری لەسەر كیلۆیەك تەماتە و بیبەر دادەنێت كە لەئیرانەوە هاوردە دەكرێن، بەوەش باری سەرشانی هاوڵاتی هەرێمی كوردستان چەند بەرانبەر قورستر دەبێت! لێرەوە بیگرە تا ئاڵۆزییەكانی سیاسەت و هاوكێشەكانی پەیوەندی لەگەڵ ئێراق و لایەنەكانی تر! كەچی هیچ نەخشەیەكمان نیە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم ئالوگۆڕەدا مامەڵە بكەین.

© 2017 Hawler