ئایار 16, 2021

کوشتنی ئافرەت بە پاساوی شەرەف، هۆکار و چارەسەر

د.ڤیان سلێمان
لە ڕێکەوتی شانزەی نیسان و لە کاردانەوەی تاوانی کوشتنی ئافرەتێکی گەنج کە دایکی سێ منداڵە، بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا نیگەرانی خۆی لە ئاست ئەو تاوانە دەربڕی و ڕایگەیاند" هیچ شەرەفێک لە کوشتنی ژندا نییە". پەیامێکی ڕوون و ڕاشکاو بە ئاڕاستەی گۆڕانی بنەڕەتی لە چەمکی شەرەف لەو وێنا نەریتی و خێڵەکی و پیاوسالارییەوە بەرەو ڕوانینێکی مرۆڤایەتی ناجێندەری وەک یەک بۆ هەردوو توخمی مرۆڤ. پەیامێک وەک سەربارێک بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکانی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان لە پرسی ئافرەت و ڕەتکردنەوەی ئەو کولتورە نامۆ و دژە مرۆڤانە کە بە پاساوی شەرەف ڕەوایەتی بە کوشتنی ئافرەت دەدا. کوشتن بە پاساوی شەرەف دیاردەیەک نییە تایبەت بێت بە کۆمەڵگە و نەریتێکی دیاریکراو، بەڵکو لە چەندین کۆمەڵگەی جیاجیادا ئەم تاوانە ئەنجام دەدرێت. بەشێوەیەکی گشتی کوشتن بە پاساوی گەڕانەوەی شەرەف، برتییە لە: “کوشتنی ئافرەت لەلایەن باوک یان برا لەسەر ئەنجامدانی یان گومان لە ئەنجامدانی کاری سێکسی پێش شووکردن یان لە دەرەوەی خانەی هاوسەرگیریدا".
پاڵنەر و هۆکارەکانی کوشتنی ئافرەت لە کۆمەڵگەی کوردستانی کولتوری و کۆمەڵایەتیە، کوشتنی ئافرەت لەلایەن پیاوانی هەرە نزیکی خێزان و بنەماڵە تاوانێکە لەوپەڕی دڕندەیی و قێزەونیدا، لەم جۆرە تاوانەدا، تاوانبار و تاوانلێکراو کەسانی هەرەنزیکی یەکدین لەڕووی پەیوەندی خێزانی و بایەلۆجی، ئەوەی تاوانەکە ئەنجام دەدات؛ باوک، هاوژین، برا و ئەوەش کە کۆتایی بە ژیانی ئەهێنرێ، هاوژین، خوشک و تەنانەت دایکیشە. ئەم تاوانە جیا لەوەیێ هاودژە لەگەڵ بەها مرۆڤایەتی و پەیامە ئاسمانییەکان. کاریگەری یەکجار نەرێنێش بەجێئەهێڵێ چی لەسەر ناوبانگی کۆمەڵگە و ئەو کولتورەی ڕەوایەتی بەو تاوانە دەدات، هەروەها لەسەر دەرون و کەسایەتی کەسانی پەیوەندار بە تایبەت منداڵ و ئافرەتانی ئەو خێزانە و بۆ دوورمەوداش کاریگەرییەکە دەمێنێت.
کوشتنی ئافرەت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا پەیوەندی بە ڕوانینی کۆمەڵگە بە تایبەت ڕوانینی پیاو بۆ هەڵسوکەوت و ڕەفتاری ئافرەت هەیە، ئەوەش لە ڕوانگەی ئەو پێوەرە کۆمەڵایەتییانەی بەپێی ڕێسا و نەریتەکانی خێڵ و لەژێر پێناسەی ئەخلاق بۆ ئافرەت بە پەسەند دەزانرێن. ئەخلاق لەسەر بنەمای داب و نەریتەکان پێناس دەکرێ کە عەقڵی پیاوسالاری خێڵەکی داهێنەریەتی و سنورێک کە لە نێویدا ڕەفتاری قەدەخەکراو هەیە بۆ هەڵسوکەوتی ئافرەت دادەنێت، هەر لادان و دەرچوونێک لێیان سزای بەدوادادێت کە هەندێک جار دەگاتە لێسەندنەوەی ژیان. بەدەرچوونی ئافرەت لەو پێوەرانە شەرەفی پیاو و بنەماڵە و خێڵ دەڕوشێت یان دەڕوات و بە کوشتنی ئافرەتەکە شەرەف دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەو پێودانگە پیاو ناگرێتەوە و بە دەگمەن نەبێت پیاو سزای کۆمەڵایەتی لەسەر ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی وەرناگرێت، ئەمەش هەژمونی باڵای پیاو دەردەخات لە هاوکێشە کۆمەڵایەتییەکان. هاوکات جیاکارییەکی زەقی جێندەرییە لە ڕوانین و چاوەڕوانی لە ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکانی هەردوو ڕەگەز.
پەیوەست بە پاشخان و هۆکارەکانی ئەنجامدانی ئەم جۆرە تاوانە تیشک دەخەمە سەر چەمکی ئافرەتبوون لە ڕوانگەی هزری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستانی و بەستراوەیی بە چەمکی شەرەف و ڕوانین بۆ شەرەف و پەیوەستبوونی بە ئافرەت و هەڵسوکەوتی ئافرەت. دیارە کە لە کۆمەڵگەیەکی لە شێوەی کۆمەڵگەی ئێمە سەرەڕای پێشکەوتنی بەرچاو، بەڵام تا ئێستاش لە ڕوانگەی نەریتەکانی خێڵەوە لە ئافرەت دەڕوانرێ و لەو ڕوانگەشەوە لێکدانەوە بۆ چەمکی شەرەف دەکرێ.
نزمڕوانین لە ئافرەت و نایەکسانی لە پێگە و پلەی مرۆڤایەتیدا لەگەڵ پیاو دیاردەیەکی جیهانییە و ڕەگی قوڵی مێژوویی هەیە. ئافرەت بەدرێژایی مێژووی دوای قۆناخی کۆمەڵگەی دایکسالار لەگەڵ هاتنی موڵکایەتی تایبەت و پیاوسالاری، لە پێگەی هاومرۆڤی لەچاو پیاودا هێنرایە خوارەوە و لە چواردیواری ماڵ بەندکرا و وەک کاڵا و سامانی پیاو وێنا دەکرا، جیاوازی ڕەگەزی و باری فیزیکی کرا بە بنەمایەک بۆ پلەدوویی ئافرەت و وا وێنا دەکرا کە بە سروشت ئافرەت لە ڕیزی پیاو دانانرێ، بەوپێیەش پیاو بوو بە باڵادەست و سەنتەر و ئافرەتیش پاشکۆ و سامانی پیاو. ئایین، بیر و ڕوانگەی فەلسەفەی کلاسیک و شارستانیەتەکان پشتیوانی ئەو ڕوانگەیان کردووە و بەو شێوەیەش هەستی ڕەگەزی باڵادەست و مرۆڤی ڕەسەن و مەزنکردنی زایەندی لە هزری پیاودا چەسپێنراوە، ئەمەش وایکرد پیاو ئافرەت وەک سامانی خۆی ببینێ و کۆمەڵگەش لە چوارچیوەی پێوەرە کۆمەڵایەتی و داب و نەریتەکان ئافرەت دیل و دەستەمۆی هزری پیاوسالاری بکا.
ئافرەت لە چاوەڕوانی هزری پیاوسالاری لە کۆمەڵگەی کوردیدا بوونێکی فیزیکیی و سۆزدارییە و جەستەشی جیا لەوەی بە پێوەری جوانی و ناجوانی هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێ هەڵگری شەرەف و ئابڕووی پیاو و بنەماڵە و خێڵیشە. ژنبوون بەستراوە بە دۆخێکی بایەلۆجی و لایەنی فیزیکی، ژنبوون لە کۆمەڵگەی ئیمەدا بە مێ، یەک دەوترێ کە دەچێتە پرۆسەی هاوسەرگیری و بەردەوامە لەو پرۆسەیەدا، لەگەڵ هەر گۆڕانێکیش لەو پەیوەندییەی لەگەڵ پیاودا ناسناوەکە دەگۆڕێت، پێش پرۆسەی هاوسەرگیری کچە و کە هاوسەرگیری دەکات دەبێتە ژن و کە جیا دەبێتەوە بێوەژن، ئەمەش بە پێچەوانەی پیاو کە لەهەر بارێکی کۆمەڵایەتیدا بێ هەر گونجاوە پێیبوترێ پیاو. هاوکات گۆڕانی ناسنامەی ئافرەتە بەوەی پیاو لە ژیانیدا هەیە یاخود نا و لەوەشدا تەنها جەستە و غەریزە پێوەرە.
نەوال سەعداوی دەڵێ:"شەرەفی مرۆڤ، پیاو بێت یان ئافرەت، لە ڕاستییدایە، ڕاستی لە بیركردنەوە و هەستكردن و كردەوە، مرۆڤی بە شەرەف ژیانێكی دوالیزم ناژی، یەكیان بە ئاشكرا و ئەوەی تر نهێنی". هەروەها شەرەف "ئاکار یان تایبەتمەندییەکە کە ئاستی مرۆڤی لەڕووی کردار و هەڵسوکەت لە کۆمەلگەدا پێ هەڵدەسەنگێنرێت". بە شێوەیەکی گشتی شەرەف کۆمەڵێک بەهای مرۆیی و مۆڕاڵییە وەک ڕاستگۆیی، دەسپاکی، چاکەخوازی و تایبەتمەندی دیکە کە لە کەسێکدا کۆدەبێتەوە و وەک کەسێکی ڕێزدار و چاکەخواز دەریدەخا، ئەمە لە ڕوانگەی مرۆڤایەتییەوە، بەڵام لە ڕوانگەی خێڵ و ڕێسا و نەریتەکانی خێڵ شەرەف بەستراوەتەوە بە جەستە و هەڵسوکەوتی ئافرەت و ئەوەش کە پارێزگاری لەو شەرەفە دەکا و بەرپرسە لێی پیاوە نەک خودی ئافرەت. بەوشێوەیە، شەرەف لە مانا مرۆڤایەتی و مۆڕاڵییەکە داماڵراوە و بەستراوە بە جەستەی ئافرەتەوە، بینینی ئافرەت تەنها وەک جەستە داماڵینی ئافرەتە لە پێودانگە ڕۆحی و مرۆڤایەتییەکان.
هەرێمی کوردستان چەندین ساڵ لەمەوپێش یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (۱۱۱ی ساڵی ۱۹٦۹) کە بیانووی یاسایی بە پیاو دەدا بۆ سزادان و کوشتنی ئافرەتە نزیکەکانی، بە یاسای ژمارە (۱٤ی ساڵی ۲۰۰۲) گۆڕی بەم شێوەیە: " سزای تاوان بە پاڵنەری شەرەف لەڕووی یاساییەوە کەم ناکرێتەوە و ماددەکانی ١٢٨و ١٣٠و ١٣١ لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە١١١ ی ساڵی ١٩٦٩ لەمەودوا کاریان پێ ناکرێت" بەو شێوەیەش هیچ بیانوویەکی یاسایی نەهێشتەوە کەسزای تاوانکاری پێ سوک بکرێت، بەدڵنیاییەوە ئەوەش هەنگاوێکی دروست و پێویست بوو بە ئاڕاستەی دادپەروەری و یەکسانی جێندەری.
سەرەڕای ئەمەش هەرێمی کوردستان یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتی وەک پشتیوانییەک بۆ ئافرەت و ڕەتکردنەوەی یاسایی بۆ هەر توندوتیژییەک بەرامبەری دەرکرد، بەڵام سەرەڕای ئەم هەنگاوە یاساییانە تاوانەکانی کوشتنی ئافرەت بە پاساوی گەڕانەوەی شەرەف و توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت بەردەوامی هەیە، بەشێوەیەک کە بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت وەک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بڵاوکرایەوە (٤٩٠) ئافرەت لە ماوەی نێوان(٢٠١٠-٢٠٢٠) کوژراون. ئەمەش دەمانگەیەنێت بەو بڕوایەی کە چاکسازی یاسایی تەنها ڕێگە نییە بۆ بنبڕکردنی ئەم تاوانە و کۆمەڵگەش ئامادەیی تەواوی نییە بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، ئەمەش لەبەرئەوەی ئەم تاوانە پاشخانی بونیادی و کولتوری، ئاینی و پەروەردەیی هەیە و لەوە قوڵتر و ڕەگداکوتاوترە کە تەنها بە یاسا چارەسەربکرێت.
سزای یاسایی قورس بێ هیچ چاوپۆشییەک بۆ بکوژانی ئافرەت بە پاساوی گەڕانەوەی ئابڕوو و شەرەف فاکتەری یەکەم و سەرەکی بنبڕکردنی ئەم تاوانەیە، تەنانەت لەڕووی دەرونی و کۆمەڵایەتییەوە ئەوەی هەندێک جار دەگوترێ تاوانباریش قوربانییە و لەژێر فشاری نەریتە کۆمەڵایەتییەکان ئەو تاوانەی ئەنجامداوە، موبەریر نییە و پێویستە تاوانبار سەرباری سزای یاسایی، لەلایەن کۆمەڵگەوە سزای کۆمەڵایەتی بدرێت. پێداچوونەوە بە ڕێکارە یاساییەکان بکرێت، ئەمەش بەلەبەرچاوگرتنی زەمینەی ئەنجامدانی تاوانەکان لەشێوەی پڕکردنەوەی بەڵێننامە و ڕادەستکردنەوەی قوربانییەکانی توندوتیژی بە کەسوکار، پشتیوانی زیاتری شێڵتەرەکان، قەدەخەکردنی چەکهەڵگرتن. لەهەمانکات چەندین ڕێگەی دیکە بگیرێتەبەر بۆ ڕێگەگرتن لەو تاوانە لەڕێگەی پەروەردەیی و کولتوری و ڕۆشنبیری، کارکردن بۆ گۆڕانکاری لە تێڕوانین بۆ چەمکەکانی پیاوێتی و ژنێتی، شەرەف، ئەخلاق. لەڕێگەی ڕاگەیاندن و ناوەندە ئاینی و کولتوری و ڕۆشنبیرییەکان، لەڕێگەی گۆڕینی یاسا خێڵەکی و نەنووسراو، بەڵام کارپێکراوەکان، لەڕێگەی بەدامەزراوەییکردنی کۆمەڵگە و نەهێشتنی کاریگەرییەکانی عەقڵی خێڵەکی ڕەگەزسالاری، لەڕێگەی باوکردنی کولتوری یەکسانی و پایەدارکردنی مافەکانی مرۆڤ بێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی جێندەری.

© 2017 Hawler