ئایار 16, 2021

چەند بیرهێنانەوەیەكی پێویست لە بارەی مانگی ڕەمەزا

عومەر چنگیانی

بەشی دووەم
لەگەڵ ئەوەی كە وەك بنەمایەكی نەگۆڕ و چەسپیو لە شەرعی ئیسلامدا، هیچ "حوكم"ێك لەسەر "حیكمەت" دانامەزرێت، بەڵكو هەر حوكمێك وابەستەیە بە "عیڵەت"ەوە، وەلێ ئەوە نەبێ كە مرۆڤ هەوڵی زانینی حیكمەتی پەرستشەكان نەدات، هەربۆیە هەمیشە زانایان بە پێی توانست ویستوویانە لەوبوارەدا خزمەت بكەن، لێرەدا منیش بە ئەركی دەزانم لە ژێر ڕۆشنایی ئایەتەكانی قورئانەوە، ڕۆژوو بە نموونە بێنمەوە: ئەگەر بەم گوڵخەرمانەیەش تەواوم نەكرد پشتیوان بەخوا حەفتەی دابێتەوەیشی بۆ تەرخان دەكەم بەر لە هەموو خاڵێكیش با ئەوە ئەوە بڵێم كە ڕەوشتبەرزی بەهۆی ڕۆژووگرتنەوە، حیكمەتێکی گەورە و بەدیكراوە كە خوای گەورە لە سەدوهەشتاوسێهەمین ئایەتی سوورەتی "بەقەرە"دا پێمان دەفەرمێت: "ئەی گرۆی بڕواداران! خوای گەورە، ڕۆژووی لەسەرتان پێویست كردووە، هەروەك چۆن لەسەربڕوادارانی بەر لە ئێوەیشی پێویست كردووە، بۆ ئەوەی خۆتان لە هەڵە بپارێزن". كەوابوو ئارمانجی هەرە گەورەی ڕۆژوو، بەرزكردنەوەی لایەنی ڕەوشت و سلوكی ڕۆژووگەوانە، زیاتر لەوەی كە هەر خۆگرتنەوە بێت لە خواردن و خواردنەوە و حەزەكانی دی، لێرەوە دەچمە نێو
باسكردنی هەندێك لە لایەنە سلوكییەكانی ڕۆژوو:
یەكەم/ پەیوەستبوون بە سووڕی گەردوونەوە: ئەو كاتەی كە مانگی ڕەمەزان دێتە پێشەوە، هەربڕوادارێك بە دڵ وابەستە و چاوەچاوی ئەوە دەبێت، داخۆ كەی مانگی یەكشەوەی ڕەمەزان هەڵدێت و ئەمان دەیكەنە دی، بۆ ئەوەی سبەینێ دەست كەن بە ڕۆژووگرتن، بۆ شەوانیش دەكەونە چاوەچاوی كاتی پارشێو و هەڵهاتنی بەیان بۆ خۆگرتنەوە لە ڕۆژاندا لە خواردن و خوارنەوە و هەركەس دووركەوتنەوەی لە حەڵاڵی خۆی، تا دەكەوێتە كۆتایی مانگ و سەر لە نوێ گەڕان بە شوێن مانگی یەكشەوەی شەواڵ و دەستكردن بە جەژن، كە ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، كە پەرستنەكانی بڕوادار وابەستەن بە ژماردنی مانگی ئاسمانەوە، بەتایبەتی وەك هەمووان دەزانین، ئەو مانگە بە ویستی خوا گەڕوخولی خۆیی هەیە، جارێك دەكەوێتە زستان و جارێك هاوین و جارێك پاییز و جارێك بەهار، كاتێك رۆژگار كورتە و كاتێك رۆژگار درێژە، بەم شێوە، دەبینین بڕوادار لەم پەرستنەدا، زۆر وابەستە دەبێتەوە بە خولەكانی گەردوونەوە، لەسەرو هەموو ئەمانەیشەوە، هەر كە چاوی بەهەڵهاتنی مانگ دەكەوێت، بە خۆشیەوە لێی دەڕوانێت زیاتر لەو ئایەتانە دەگات كە خوای گەورە تێیاندا باسی گەردوون دەكات وەك چلوچوارەمین ئایەتی سوورەتی "ئیسرا" كە دەفەرمێت: "هەر حەوت ئاسمانەكان و زەوی و چیشیان تێدا هەیە، بە سپاسەوە تەسبیحاتی خوا دەكەن، بەڵام ئێوە لەو تەسبیحاتانەی ئەوان تێناگەن". هەروەها لە هەژدەهەمین ئایەتی سوورەتی "حەج"دا دەفەرمێت: "ئایا ئێوە ئەوە دەبینن، كە ئاسمانەكان
و چیش لە زەویدا هەیە، كڕنۆش دەبەن بۆ خوای گەورە و هەروەها خۆر و مانگ و ئەستێرە و كەژ و دارودرەخت و ئاژەڵ و گیانلەبەرەكانیش، هەروەها زۆرێكیش لە مرۆڤەكان، بەڵام زۆرێكی وا هەن، كە سزای خوایان پێ شایانە و هەست بە خۆیان ناكەن، كەسێكیش، كە خوای گەورە بێبەهای بكات، كەس ناتوانێت رێزی بۆ دابنێت، خوای گەورە ویستیاری چی بێت ویستی خۆی جێبەجێ دەكات". ئیتر لەم تێڕوانین و چاوەڕوانیكردنەی هەڵاتنی مانگە، لە ئاسمان و ئەم چەرخ و گەڕ و سووڕانە، بسڵمانان هەرهەموویان تیایدا، یەكسانن و جیاوازیەك نییە لە نێوان عەرەب و كەسانی دی و زەنگین و هەژار و بەدەسەڵات و بێدەسەڵاتدا، كێ زۆر گەورەیە و كێش زۆر بچووكە هەر وەك یەك، ئەگەر لە یەك شوێندا بن كاتی بەربانگیان دێت و وەك یەك كاتی پارشێو و بانگی بەیانییشیان لێ دێت. دووەم/ پارێزران لە تاوان وگوناه: وەك دەزانین خوای گەورە ئەم مانگەی تایبەت
كردووە بە ڕۆژگەوە و ڕۆژوویش مەتاڵ و قەڵغانی بڕوادارە و دەیپارێزێت لە نزیكبوونەوە لە تاوان و، بێجگە لە ڕۆژوو نەبێت، هەرهەموو ئاكار و كردەوەیەكی
بڕوادار بۆ خۆیەتی. سێهەم/ هەڵسەنگاندن و خۆڕاستكردنەوە: وەك
دەقەكان باسمان بۆ دەكەن لەم مانگەدا، خوای گەورە لایەنەكانی لە ئێمە نادیار، كە پێیان دەڵێین: (شەیاتینی) جڵەو دەكرێن و بڕوادار دەدرێتە دەست خۆی، داخۆ تا چەند ئەو دەتوانێت بەسەرخۆیدا زاڵ ببێت و سەرپشك دەكرێت و فریودانی لاوەكی كەم دەبێتەوە بۆ خراپەكردن؛ قورئان لە پەنجاوسێهەمین ئایەتی سوورەتی "یوسف"دا دەفەرمێت: "بە راستی دەروون و نەفسی مرۆڤ زۆر فەرمانی پێ دەدات بە خراپەكردن، مەگەر كەسێك نەبێت، كە خوای گەورە وەبەر میهرەبانی خۆیی خستبێت، بە راستی خوای ئێمە زۆر لێخۆشبووگ و بەبەزەیی و میهرەبانە". كە لێرەوە مرۆڤی بڕوادار بۆی دەردەكەوێت، مادام شەیاتینیەكان جڵەو كرابێتن و لەغاوکرابێتە دەمیان، تێدەگات ئەوان چییان لێی ویستووە و ئارەزوویشی، چی دەوێت لێی، بۆی روون دەبێتەوە، كە (دەردەكە) لە كوێدایە و هەرخۆی لە خۆیدا زانینی دەرد، رێگەیەكە
بۆ دۆزینەوەی دەرمان. چوارەم/ پاسەوانی كردنی لاشە، لە تێهاتن و
لێچوونەدەر: لە ئەنجامی وابەستەبوونی بڕوادار، بەڕۆژووگرتنەوە،
وای لێ دێت، زۆر بە وردی چاوەدێری ئەو شتانە بێت، كە دەچنە نێو لاشەی و ئەو شتانەیش، كە لێی دێتە دەر، تەنانەت بە شێوەیەكی وای لێ دێت، ئەگەر بە لەبیرچوونیش هەڵەی وا بكات، سەرباری ئەوەی لە ناخەوە پێی ناخۆش دەبێ، دەكەوێتە پرسیاركردن، داخۆ ڕۆژووەكەی چی لێ بەسەر هاتووە و دەبێ لە
ڕووی شەرعەوە حوكمی ئەو كارەی چۆن بێت؟. پەراوێز:
(١)(ئەم باسە و هاوشێوەی توێشووی گوڵخەرمانی١٢٠ زنجیرە ١٢٠لە ٢٠١٨ و ١٧١لە٢٠١٩یش

 

© 2017 Hawler