نیسان 15, 2021

گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

 

ساڵانە پلەی گەرما بەرزتردەبێتەوە و دیاریدەکانی کەشوهەوای توند زیاتردەبن، ئەوەش یەکێکن لە نیشانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا و بەباری نەرێنی لەسەر ژیان و سروشت دەشكێنەوە.

گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ژیانی ئادەمیزاد و هەروەها سروشت بەگشتی، بۆیە کارکردن بۆ ژینگەدۆستی لە کارو پرۆژەکان و ژیانی ڕۆژانەدا یەکێکە لە پیویستە سەرەکی و بەپەلەکان.
بەپێی توێژینەوەیەک کاریگەرییەکانی شەپۆلە گەرمەکان و وشکەساڵی لەسەر بەرهەمەکانی دانەوێڵە دەرکەوتوە بەشێوەیەک کە لە ماوەی (٥٠ ساڵ) ی ڕابردوودا شەپۆلە توندەکان و، وشکەساڵی سێ ئەوەندە زیاتر بوون.
لەو بارەیەوە (دکتۆر تێرسا بڕاس) توێژەری ژینگەیی لە زانکۆی نۆڤا لە لیزبۆن گوتی، ئەو کەمبونەوەیەی بەرهەمەکانی دانەوێڵە بەهۆی شەپۆلە توندەکانی کەشوهەواوە دەبێتەهۆی کەموکورتی لەبواری خۆراک و، هەروەها بەرزبونەوەی نرخەکەی.
بەرزبونەوەی نرخی خۆراک بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە کاریگەری لەسەر هەردوولا، وڵاتانی هەناردەکار و وڵاتانی هاوردەکاری بەرهەمە خۆراکیەکان دروستدەکات، بەتایبەتی وڵاتانی هەژار و کەمدەرامەت زیاتر دەکەونە بن قورسایی پەیداکردنی خۆراکەوە.

وەرزەکان پێش وادەی خۆیان دەگۆڕێن:
هەر بەهۆی گەرمبونەوەی پلەکانی گەرما لەجیهاندا وەرزەکان پێش وادەی هاتنیان دەستپێدەکەن بەتایبەتی بەهار و هاوین، وە چاوەڕێدەکرێت تا کۆتایی ئەو سەدەیە وەرزی هاوین درێژببێتەوە بۆ شەش مانگ.
لە توێژینەوەیەکی دیکەدا کە لە (زە هیڵ) بڵاوکراوەتەوە، زانایان هۆشداریدەدەن ئەگەر بێتوو کارنەکرێت بۆ کەمکردنەوەی دەردراوە گازییەکان کەشوهەوا زۆر گەرمدەبێت و کاریگەری گەورە لەسەر ژیان و تەندروستی مرۆڤ دروستدەکات.
وە لەئەگەری بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما بێجگە لەزۆربوونی ڕووداو و کارەساتە سروشتیەکان هاوکات کاتی گۆڕانی وەرزەکانیش گۆڕانی بەسەردا دێت و وەرزی هاوین درێژتردەبێتەوە، بەوەش مێشوولەکان زۆردەبن.
زۆربوونی مێشوولە و خێزانەکانی هاوشێوەیان دەبنەهۆی بڵابونەوەی ڤایرۆس و نەخۆشیەکانی وەکوو مەلاریا، هەروەها ئاستەنگ بۆ ژیانی خەڵکی دروستدەبێت کە چۆن خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەو شێوە نائاساییەی گۆڕانی کەشوهەوادا.
لە ئێستادا بەبەراوورد بە ساڵی (٢٠١١) وەرزی بەهار و هاوین نزیکەی مانگێک پێش وادەی خۆیان دەستپێدەکەن، وە هەتا ساڵی (٢١٠٠) زانایان پێشبینی دەکەن ئەگەر هەموولا هاوکارنەبین لە کەمکردنەوەی دەردراوەکانی گازی کاربۆن ئەوا وەرزی هاوین دەبێتە نزیکەی نیوەی هەر ساڵێک.
وە لەگەڵ گۆڕانی کاتی وەرزەکان سەرجەم سیاسەتەکانی باری کشتوکاڵی و چاودێری تەندروستی و، کارەساتەکان و، بواری ژینگەیی دەبێ بەپێی ئەو کاتە دەستکاری و چاکبکرێن.
زانایانی بواری ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا داوا لەهەر تاکێک لەسەر ئەو گەردوونە دەکەن لە بەشی خۆیان هاوکاربن، چونکە گەرمبونی گەردوون و گۆڕانکاری بەسەرداهاتنی وەرزەکان شتێکە کاریگەری لەسەر هەمووان دەبێت و پێویستە لە ئێستاوە تێگەیشتنیان بۆی هەبێت.
شیاوی باسکردنە، کەشوهەوای توند و کارەساتەکانی پۆلێن کراون بەسەر شەپۆلە توندە گەرمەکان و، شەپۆلە توندە ساردەکان و، وشکەڕۆیی و، لافاوەکان، کە هەر یەکێک لەوانە کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆی ژیانی ئادەمیزاد و، گیانلەبەران و، سروشت بەگشتی دروستدەکەن.
لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتوە، شەپۆلە توندە گەرمەکان و، وشکە ساڵیەکان کاریگەری زۆریان هەبوە لەسەر کەمبونەوەی بەرهەمەکانی دانەوێڵە و، سەوزە و میوە لە وڵاتانی ئەوروپا، وە لەساڵانی داهاتوودا کاریگەرییەکان ڕەنگدانەوەی زیاتریان دەبێت لەسەر فەرهەمبوونی خۆراکە پێویستیەکانی ژیان.

© 2017 Hawler