نیسان 15, 2021

خۆناسين وبەدوودانەچوونی کەموکووڕی خەڵك، دوو ئەرکی پیرۆزی ئایینین

عومەر چنگیانی

 

وەک ئەرکی پیرۆزی ئایینی و پیشەیی هەر هەفتەیەکمان ڕۆژی یەکشەممە ۲٨ی ئاداری ۲۰۲۱ زۆربەی ئەندامەهەردەم کاراکانی بۆردی باڵای ئامادە کردنی گوتاری هەینی، بە کۆی دەنگ ئەوەمان لا گەڵاڵە بوو کە دوو ناونیشانی هەستیار بخەینە بەردەم مامۆستایانی ئایینی تا بۆ هەینی ۲ی نیسان، سەرپشک بن لە قسەکردن لەسەر دانەیەکیان و بە ڕاسپردنی مامۆستایەک کە بە زمانی عەرەبی بیاننووسێت و دواتر زەنگیترکردنی لەلایەن گشت ئەنادامانەوە و وەرگێڕانی بۆ زمانی کوردی بە هەردوو شێوەزارەکە، واتە کرمانجی و سۆرانی وەک هەر هەفتەیەکی تر بڕیار لەسەر دوو ناونیشان درا و ئامادە کران، وەلێ ئاستەنگی پەتای کۆرۆنا و جێبەجێکردنی قەدەغەکردنی نوێژی بەکۆمەڵ و هەینی لە مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان، بوونە بەربەست لە ئاست گەیاندنی گوتارەکان بە گوێی مسوڵمانان، هەربۆیە - وەک هەمیشە – وام لا پەسند بوو - دوای ڕاوێژ بە براکانم لەبۆرد – پوختەیەکیان بکەمە توێشووی گوڵخەرمانی ئیمڕۆمان . ناونیشانی یەکەم: خۆناسين وەک ئەرکێکی پیرۆزی ئایینی: خوای گەورە لە ٧-۱۰هەمین ئایەتی سورەتی (الشمس)دا، دەفەرمێت: (سوێند بە گیان بە هەست بە نەفسبە ڕۆح – ماناگەلێک بۆ یەک شت – و سوێندیش بە هەر کارێ کردبێتی، هەر خوایە کە ڕێنمایی ئەو نەفسەی کردووە کام ڕێگایە بەرەو نابەختەوەری و خراپکاری و کۆتایی خراپی دەبات و کام ڕێگایەش بەرەو بەختەوەری و ئاکارجوانی و خۆپارێزی دەیبات، بەڕاستی ئەوەی نەفسی خۆی بەڕیگای ڕاستتدا بردووە و لە باشەدا بەگەڕی خستووە، ئەوە هاوکات ئەوەی ڕۆی چاندووە لە خراپەدا و بە نشوستیدا بردووە زیانپێکەوتووە).کە گەورە زانای تەفسیر، ئیمامی ئیبنکەسیر سەبارەت بەم ئایەتانە دەفەرمێ: بە چەند واتایەك لەو ئایەتە سوودمەند دەبین وەکو ئەوەی مەبەست ئەوەیە (ئەوانە لە ژیانە سەرکەوتوون کە ناخی خۆیان پاك دەکەنەوە) لە ڕێگای تەقوا، کە لەو سۆنگەوە (قەتادە) دەفەرمێت: نەفسی خۆی لە خوڕەوشتی نەشیاو و نەگونجاو خاوێن بکاتەوە، لەبەرانبەریشدا ئەوانەی نەفسی خۆیان تووشی نشستهێنان و دۆڕان کرد لە ژیان، ڕێگەی تاوان و گوناهەکانیانگرتە بەر). چۆن عەیب و عاری خۆمان بزانین: ۱- گەڕانەوە بۆ لای خوای گەورە و زیادکردنی تەقوا: هەر بەندەیەكبۆ لای خوای گەورە بگەڕێتەوە، کەموکووڕیەکان و عەیب و عاری خۆی بۆ بەدیار دەکەوێت، هاوکاریش دەبێت بۆ ئەوەی چارەسەریان بکات. ۲- تێکەڵی و هاموشۆی خەڵك: هاموشۆ کردن و تێکەڵی لە گەڵ کەسەکان لە کۆمەڵگا هۆکاری ئاشنا بوونە باشترە لە خۆ دابڕین تێکەڵ نە بوون لەگەڵ کۆمەڵگا. زۆر جار مرۆڤەکان لە هاموشۆ کەموکووڕی خۆیان بۆ بەدیار دەکەوێت. هەربۆیە پەیامبەری خۆشەویستمان محەممەد – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت - دەفەرمێت: (ئەو بڕوادارەی تێکەڵی لەگەڵ مەردمگەلدا هەیە و دانی ئارام بەخۆیدا دەگرێت لەسەر ئازارەکانیان باشترە لەو بڕوادارەی تێکەڵی خەڵک ناکات و دانی ئارام بەخۆیدا ناگرێت). ۳- ئیستیففار، داوای لی بوردن و لێخۆشبوون کردن: وەکو یەکەی پێداچونەوەیە بۆ دەستنیشانکردنی کەموکووڕیەکان، ئەگەر کەموکووڕی لە خواپەرستیەکان یان لە مافی خەڵکی هەیە تا چارەسەر بکرێت. ٤- خوێندنەوەی بابەتە بە سوودەکان و هاموشۆ کردنی پیاوچاکان: خوێندنەوە شارەزامان دەکات لە کەموکووڕی و عەیب و عارەکانی خودی خۆمان و شێوازی چارەکردنیان. بە هەمان شێوە هاموشۆی پیاو چاکانیش بەکەسایەتی خۆمان ئاشناترمان دەکات و لەوانەوە فێری زۆرشتی باش دەبین . ناونیشانی دووەم: حوکمی بەدواداچوونی کەموکووڕی خەڵك: هەریەک لەئێمەی بڕوادار دەیان جار لەدەمی مامۆستاکانەوە گوێبیستی دوانزەهەمین ئایەتی سورەتی
(ئەلحوجرات) بووین کە خوای گەورە بەشێوازی ڕیگریکردن – نەهی – پێمان دەفەرمێت: (نەکەن سیخوڕی بەسەر یەکترەوە بکەن و لە پاشملە لە یەکدی بخوێنن! داخۆ هیچ کەسێکی واتان تێداهەیە کە ئامادە بێت بە مردوویی گۆشتی براکەی خۆی بخوات؟ بێگومان پێتان قبوڵ ناکرێ و بەلاتانەوە وایە کە کارێکی نابەجێیە). 

پێناسەی دەستەواژەی بەدواداچوون بە دوای عەیب و عاری خەڵك: مەبەست پیی ئەوەیە کەسێك هەوڵ بدات بە شێوەی ناڕەوا هەواڵ و بەسەرهاتی خەڵك بزانێت و دواتریش بە ناو خەڵکیدا بڵاوی بکاتەوە بۆ چەندین مەبەستی ناشەرعی. زۆرجار مەبەست لەکەدار کردنی خەڵک و شکاندنی کەسایەتیەکانە. کە گەورەیی ئەو ئیسلامە لەوەدایە چەندین ڕێگا و ڕێکار و ڕێبازی پوختی داناوە بۆ ئەوەی ئەندامەکانی کۆمەڵگا یەکتری لەکەدار نەکەن و کۆمەڵگا لەسەر چەندین پێگەی جوان بەرز دابمەزرێ، کە ئەسڵ ئەوەیە مسوڵمانان عەورەت وکەموکووڕی یەکتر دابپۆشن نەوەکو بەدوای کەموکووڕی یەکتریدا بگەڕێن و زەقی بکەنەوە.ا وەلێ زۆر بەداخەوە لەم سەردەمەی ئێستاماندا مرۆڤەکان داهێنانی زۆریان کردووە لە بواری بەدواداچوون لە دوای هەواڵی یەکتر، نەخاسمە بەهۆی خراپ بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا و ئینتەرنێت و، لە ڕێگای سۆشیاڵ میدیا چەندین کەس مافی پێشێل دەکرێت و تانە و تەشەر و ناوزڕاندنی پێدەکرێ، ئەمە لە کاتیکدایە کە پێغەمبەری خۆشەویستمان – دروود وسڵاوی خوای لەسەربێت - دەفەرمێ هەرکەسێك لە دوای عەیب و عاری ئەوی تربێت ئەوا خوای گەورە عەیب و عاری ئەو ئاشکرا دەکات ئەگەر لە ناو ماڵەکەی خۆشی بێت. لایەک لە هۆکارەکانی ناو زڕاندن و ئاشکراکردنی عەیب و عاری یەکتر: ۱- ئێرەییپێبردن و قینلێبوونەوە؛
۲- دژمنداری و ڕکابەری؛ ۳- چێژوەرگرتن و نەشئەوەرگرتن لە تانە و تەشەر؛ ٤- جیاوازی لە بیروڕا. حوکمی بەدواداچونی هەواڵی خەڵك: ئیسلام کۆمەڵیك ڕێوشوێنی داناوە بۆ پاراستنی کۆمەڵگا لە هەڵخلیسکان
و بەربوونەوە، بۆ ئەوەی هەموو کەسێك مافی براکەی خۆی لە کۆمەڵگا پێشێل نەکات لەبەر ئەوە حەرامە و
نەهی لێکراوە کە ناوودەنگی هیچ کەسێک لە کۆمەڵگای موسڵمانان لەکەدار بکرێ

© 2017 Hawler