
د.ڤیان سلێمان
چه‌مكی ئازادی چه‌مكێكی فره ڕه‌هه‌ندە و لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆ دەکرێت. هەندێ جاریش بەشێوازێکی نادروست وەردەگیرێت، وەک ئەوەی کورت دەکرێتەوە لە فۆرمی ڕووكه‌ش و دەرەوەی مرۆڤ و چۆنیه‌تی ده‌ركه‌وتنی له ناو فه‌زای گشتی دا، یاخود ئازادی ئەوەیه چیت ویست، بیکەی بێ ڕه‌چاوكردنی هیچ یاسا و پرەنسیپێک. هەربۆیە، پێویستە لە گشت ڕەهەندەکانەوە لە ئازادی بڕوانین و خوێندنەوەمان بۆ ئەم چەمکە چەند لایه‌ن و ڕه‌هه‌ندی بێت.
چه‌مكی ئازادی، ڕه‌هه‌ندێكی بابه‌تییه و په‌یوه‌سته به باری ژینگه‌یی مرۆڤ و په‌یوه‌ندی ئه‌و له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و مرۆڤه‌كانی تر و ڕه‌هه‌ندی تر خودییە و په‌یوه‌سته به كۆهه‌ستی خودی كه‌سه‌كه و ڕاده‌ی تێگه‌یشتوویی و پێگه‌یشتوویی ئه‌و له چه‌مكه‌كانی به‌رپرسیاره‌تی و به‌ها باڵاكانی مرۆڤبوون و مرۆڤدۆستی.
له یه‌كه‌میاندا، ئازادی بە واتای ڕزگاری مرۆڤە لە هەموو کۆت وبەند و فۆرمەکانی ناچارکردن و کۆنترۆڵکردن. ئازادی مافێکی بنەڕەتی هەر مرۆڤێکە و بەبێ ئازادی مرۆڤ بەختەوەر نابێت، ئەمەش لەبەرئەوەی لە نەبوونی ئازادی‌دا بڕیار و هەڵبژاردەکان هەڵقوڵاوی خودی ئیرادەی مرۆڤ نین، هه‌روه‌ها مرۆڤ نه خاوه‌نی خۆی و نه هیچ به‌رهه‌م و ده‌ستكه‌وتێكی خۆیه‌تی؛ واته مرۆڤ لە دۆخی نەبوونی ئازادی‌دا لە باری پاشکۆیی و کوێلایەتی دایە.
له دووه‌میاندا، واته له‌ڕووی لایه‌نی زاتییه‌وه، ئازادی بەرپرسیاریەتی و پێگەشتنی هزری و دەروونی و ویژدانی مرۆڤی پێویستە. ئازادی بەبێ ڕەچاوکردنی پرەنسیپ و بەها باڵاکانی مرۆڤدۆستی، ئازادییەکی بەرپرسیار و شکۆدار نییە. لەو دۆخەدا لەوانەیە ئازادییەکە سنووری ئازادی کەسانی دیکە پێشێل بکات. نووسەر و ڕۆماننوس و پێشەنگی فکری فمینیزمی لە وڵاتانی عەرەبیدا نەوال سەعداوی، دەڵێت، تەنها کەسێتی پێگەیشتوو دەتوانێت خواستی ئازادی بکات و بێ ترس هەوڵی بۆ بدات، مرۆڤی پێنەگەیشتوو و ناسەربەخۆ لە ئازادی دەترسن.
له لایه‌كی تره‌وه په‌یوه‌ندی نێوان چه‌مكی ئازادی و پێشكه‌وتن له‌سه‌ر ئاستی كه‌سی و ئاستی كۆمه‌ڵگه، وه‌ك په‌یوه‌ندی نێوان دوو ڕووی دراو وایه و له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌واوكه‌ری دان. به یه‌كتر به‌ها ده‌به‌خشن و به‌بێ یه‌ك بوونیان نابێت. پێشکەوتن بوونی نابێت ئه‌گه‌ر مرۆڤ ژێردەستە و پاشکۆ و كوێله بێت یا خود له ڕووی پێگه‌یشتوویی هزری، مه‌عریفی و پێوه‌ره مۆڕالییهكان له ئاستێكی نزم دا بێت. له‌م باره‌یه‌وه جۆن ستیوارت میل دەڵێت: ''تەنها ئەوکات کۆمەڵگە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەخۆوە دەبینێ کە تاکەکان ئاستی مۆڕاڵ و توانا هزرییەکانیان گەشەی کردبێ.'' ئەوەش ئەوکاتە بەدی دێت، کە تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە بە ئازادی گەیشتبن.
چەمکی ئازادی ئافرەت بە واتای توانای ئافرەت بۆ پراوەکردنی هەموو مافێک و بڕیاردان لەو هه‌ڵبژارده و پرسانەی کە پەیوەندی بەخۆیەوە هەیە و ڕزگاربوونە لە گشت کۆت و بەندەکان، ئازادی ئافرەت بە واتای، ئازادی بیر و باوەڕ و دەربڕین، ئازادی خۆشەویستی و بژاردەکانی ژیان و ئازادی کارکردن و ئازادی ..تد. ئازادبوون لە هەژمونی پیاو و گەیشتن بە ئازادی وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ و خاوەن کیان و بڕیار. مەوسووعەی بەریتانی بەوە پێناسەی کردووە: جێبەجێکردنی هەمان پێوەرە مۆڕاڵییەکان بۆ هەریەکە لە ئافرەت و پیاو و مامەڵەی یەکسان بەرامبەریان لە گشت بوارەکان وەک خوێندن و سیاسەت و دەرفەتی کار. ئافرەت پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی کۆمەڵگە و یەکەم مامۆستای زمان و پەروەردەکاری نەوەکانە، بۆیە ئازادی پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ ئافرەت و بنەماییترین پێوەری پێشکەوتن و کرانەوەی کۆمەڵگە هەر ئازادی ئافرەتە.
کۆمەڵگەی کوردستانی دەورەدراو بە وڵاتانی داگیرکا‌ر و قوربانی چەندین پرۆسەی داگیرکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوری، خاڵی نییە لە ڕوانینی ڕەگەزگەرا و باڵادەستی هزری پیاوسالاری، هاوکات بەهێزی پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان و دەستێوەردانی کۆمەڵگە لە ژیانی تایبەتی تاکەکان بە ئافرەت و پیاوەوە، دیارە لەم هاکێشەیەدا پێوەرەکان لە بەرژەوەندی هەژموون و دەسەڵاتی پیاو و مانەوەی ئافرەتدان لە دۆخی ژێردەستەیی. لەهەمانکات، کۆمەڵگەی کوردستانی کۆمەڵگەیەکی زیندووە و بەردەوام لە گۆڕان و جوڵەدایە، ئافرەتانی کورد ئازادیخوازن و هاوشانی پیاوان بەشدارییان لە بەگژداچوونەوەی ستەمی ڕژێمە داگیرکارەکان کردووە و لەو پێناوەدا قوربانی گەورەیان داوە، لەڕووی مێژووییەوە ئافرەتی کورد بەوە ناسراون کە ئاستی ئازادییان لە ئازادی نەتەوەکانی دەوروبەر زیاتر بووە و چەندین سەرچاوەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن، ئافرەتی کورد قوربانی لە پێناو ئازادی داوە و هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە ئافرەتان پێگەیشتوون لە ئاکامی تێکۆشانی یەکسانخوازی و هزری ئازادیخوازی خودی ئافرەتان بووە. هەروەها قوربانییەکانیش، بەردەوامیش لە شەڕێکی سەختی ئەو نۆرم و ڕێسا کۆمەڵایەتیانەدان، کە متمانە بە تواناکانیان ناکا و پابەندی پێوەرە کۆن و بەسەرچووەکانیان دەکات.
لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای پشتیوانی سیاسی و سزای یاساییش؛ توندوتیژیی و ستەمی کۆمەڵایەتی بەرامبەری و ڕێگری لە دەرکەوتنی و ڕوانین لە ئافرەت وەک تەنها بوونێکی فیزیکی و بایەلۆژی بەردەوامە، ڕوانین لە پیشە و بواری کار و کایەی سیاسەت و بەڕێوەبردن لە دیدی ڕەگەزییەوە درێژەی هەیە، هەموو ئەمانەش دەرخەری ترسێکی زۆری کۆمەڵایەتییە لە ئازادی ئافرەت، کەواتە سەرەکیترین ئاستەنگ و دیارترین بەربەست لە پێش ئازادی ئافرەت لە هەرێمی کوردستان، پابەندییە کۆمەڵایەتی و باوەڕە کولتورییەکانە، هەربۆیە تێکۆشانی ئافرەت بۆ گەیشتن بە ئازادی سەختترین فۆرمی تێکۆشانە هەروەک پیرۆزترینیشە. سەختە، لەبەرئەوەی، تێکۆشانە دژ بە بەها و ئایدۆلۆژیا و دابونەریتە زاڵ و ڕەگداکوتراوەکان، پیرۆزە، لەبەرئەوەی، لە پێناو نەهێشتنی توندوتیژی و نەمانی ستەم هەروەها گەڕانەوەی شکۆ و ئازادییە بۆ ئافرەت.
بۆ گەیشتن بە ئازادی، ئافرەت پێویستی بە ئازایەتی کۆڵنەدان هەیە. پێویستی بە پشوودرێژی و بڕوابەخۆبوون هەیە، پێویستی بە هۆشیاری هەیە لەوەی؛ پێش ئەوەی خوازیاری ماف بێ ئەرک جێبەجێ بکا، هۆشیار بێ لەوەی لە کاتێکدا پێویستە تێکۆشانی بۆ ڕزگاری لە هزری پیاوسالاری و دابونەریت بێ، لەهەمانکات نەبێتە دیلی بازاڕی سەرمایەداری و ڕووکەشگەرایی، کار بکات و خاوەن ئابووری سەربەخۆ بێت، بەوەش بە ئازادی دەگات، ئازادییەک کە هۆشیاری و بەرپرسیاریەتی خوڵقاندویەتی، نەک ئازادییەک بەبێ مەعریفە و هۆشیاری دەربارەی گرنگی ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت و شوناسی ئافرەتبوون.