نیسان 15, 2021

عومەر چنگیانی

 

ئیسلام قوتابخانەی لێبوردەیی و پێگەی دروستکردنی کەسایەتییەکان

وەرگرتنی چارەسەر لە دەرەوەی کوردستان و پشووەکەی نەورۆز هۆکاری دابڕانی چەند هەفتەییم بوو لە خزمەتتان و بە ئەرکی دەزانم لەم یەکەم گۆشەی ساڵە کوردییە نوێیەکەدا ١٠٦هەمین گوتارم لەسەردوانگەی مزگەوتی خەدیجەکوبرا بکەمە توێشووی گۆشەکەی ئیمڕۆمان کە ١٢ی شەعبانی١٤٤٢ بەرانبەر٢٦ی ئاداری٢٠٢١ئاراستەمان کرد، کە خودی گوتارەکە لەلایەن مامۆستا بەڕێزەکانی هاوڕێم لە بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینییەوە نووسرابوو و داڕشتنم بۆکردەوە و لێکدانەوەم بۆ ئایەتەکان کرد بە زمانی کوردی، کە هەر دەستپێکی گوتارەکە بە سیو چوارهەمین ئایەتی سورەتی (فصلت) دەست پێدەکات کە خواگیان لە داڕشتنی کەسایەتی محەم\مەد پێغەمبەردا – دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت - بەشێوەی فەرمان ڕووی تێدەکات و بەرچاو ڕۆشنی بەو و بە هەموو مسوڵمانان دەبەخشێت و دەفەرمێت:(هەرگیزاوهەرگیز چاکە و خراپە یەکسان نین و چاکەکانیش لە نێو خۆیاندا هاوتەریب و یەکسان نین! وەکچۆن خراپەکانیش یەکسان و هاونمرە و هاوتەریب نین – هەرخودی ئەم هەڵسانگدنە بۆ مەردم و ئەم بەرچاو ڕوونی پێدانە وا لە تاک دەکات کە پێوەرەکەی زۆر پڕبێت لە دادپەروەری و بزانێت چاکە یەک شت نییە و خراپەیش یەک ڕووی نییە و دەکرێ پلەبەندی بۆ هەردوو لایەنەی خێرو شەڕ هەبێت - پاشان بەشێوەی فەرمان دەفەرمێت: بەوڕێگایەی چاکترین وگونجاوترینە هێرش و پەلاماری نەیاران دوور بخەرەوە – ببینن نافەرمێت هێرش بکە، بەڵکو دەفەرمێت: داکۆکی لە خۆ بکە و هێرش دووربخەرەوە بەو ڕێگای باشترینە، کە ئەمەیش هەر لە وشەوە تا دەگاتە بەکارهێنانی هێزی بازووو چەکی،هەمووی دەگرێتەوە! گەر وایشت کرد دەرەنجامەکەی ئەوە دەبیت، ئەوەی لەنێوان تۆ و ئەودا نەیارییەک هەبێت وەک دۆستێکی دێرینی لێ دیت).
بەڕێزان: ئەوەی وا تێدەگا لێبوردەیی نیشانەی لاوازیە زۆر بە هەڵەدا چووە، لێبوردەیی و لیخۆش بوون تایبەتمەندی کەسایەتیە میهرەبانەکانە و، شانازیە بۆ خاوەنەکەی.
کەسی باوەڕدار پێویستە ئەو تایبەتمەندیە لە خۆشەویستمان وەربگرێت کە سەرچاوەی هێمنی و ئارامی بووە و هەردەم کەسەکان و نەتەوەکان بە لێبوردەیی گەورەتر دەبن و بەهێز تر دەبن.
ئەوەش ڕەهەندێکە ئیسلام زۆر بەرز ڕایگرتووە.
هەر ئەوەش ئیسلامی بە بەرزی هێشتۆتەوە کە قین لە دڵ و تۆڵە سێن و کاولکار نەبووە.
ئیسلام داوا دەکات موسڵمانان لەگەڵ یەکتر لێبوردە بن:
ئیسلام زۆر جەخت لەسەر لێبوردەیی دەکاتەوە کە موسڵمان لە کۆمەڵگا هەردەم لێبوردە بێت و بۆ دەوروبەری خزمەتگوزار بێت.
سەرکردەی کورد سوڵتان (سەلاحەدین ئەیوبی) ئەو کەسایەتیەی دژمنەکانی لە پێش دۆستەکانی شایەتی بۆ دەدەن کە چەند لێبوردە بووە. کاتێك ئەو ئافرەتەی لە جەنگی (حطین) منداڵە بچووکەکەی خۆی لێ ون دەبێت، ناڵە و فیغانی دنیا هەڵدەگرێت، تا دەڵێن خۆت بگەیەنە لای سوڵتان سەلاحەدین؛ کاتێك ئافرەتەکە دەگاتە لای خۆڵ و قوڕ بەسەری خۆی دەکات کە سوڵتان سەلاحەدین چاوی پێ دەکەوێت، چاوی پڕ بوو لە فرمێسک؛ داوای کرد منداڵەکەی بۆ بدۆزنەوە و، خۆی سەرپەرشتی کارەکەی کرد تا ئەو کاتەی سواری ئەسپ بوون گەڕانەوە ناو کەسوکاری خۆیان.
لێبوردەیی لەگەڵ ئەوانی تر:
خوای باڵا دەست لە دووسەد و پەنجا و شەش هەمین ئایەتی سورەتی(ئەلبەقەرە)دا دەفەرمێ:
(لە ئاییندا زۆرە ملێ و سەپاندن نییە و ڕاست و چەوت لێک جودا و ڕوون بوونەتەوە) .
ئیسلام داوا لە موسڵمانان دەکات کە لەگەڵ هەموو مرۆڤەکان و ئەوانەی موسڵمانیش نین هەر لێبوردە بن و بیکەن بە نەریتی مرۆڤایەتی.
تا ئەو ڕادەیەی موسڵمانان ڕێزێکی زۆریان بۆ ئایینەکانی تر دادەنا: عەبدوڵای کوڕی عومەر – خوا لێیان ڕازی بێت - کاتێك ماڵێکی جولەکە دەبێتە دراوسێی، فەرمووی دیاریتان بۆ ئەو دراوسێیە بردووە؟، مەبەستی ئەو مەڕە بوو کە سەریان بڕیبوو، لە حاڵێکدا دراوسێکەیان جوولەکەش بووە، دواتر باسی لە فەرمودەیەکی پێغەمبەری خوا کرد – دروود و سلاوی خوای لەسەربێت - کە دەفەرمێ: (بە بەردەوامی جوبرائیل لەبارەی مافی دراوسێوە ئامۆژگاری دەکردم تا گومانم بۆ ئەوە چوو کە دراوسێ لەدراوسێ میرات ببات) .
هەندێك لە بەرهەمەکانی لێبوردەیی:
یەکەم : بڵاو کردنەوەی گیانی هاریکاری و خزمەتگوزار بوون لە کۆمەڵگا.
دووەم : فراوان بوونی رزق و رۆزی بەخشندەیی لە وڵات .
سێیەم: لە ناو بردنی گیانی تۆڵەسەندنەوە و قین دروست کردن .
تێبینی:
بەر لە ئامادە کردن و دەستنیشانکردنی ئەم گوتارە لەلایەن بۆردەوە – هێشتا لە تورکیا بووم - زۆرێک لە سۆشیال میدیای کوردی بە ژاوەژاو و هەڵیت و پڵیتی قسەی کابرایەکی کوردەوە سەرقاڵ کرابوو، کە هەر زوو لە ڕێگای لاپەڕەی تایبەتی خۆمەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فیس بووک لەوبارەوە گوتم: (ڕام وایە کە ئەو کابرایە، نە پاشخانێکی مەعریفی ئەوتۆ و نە فیقهێکی بە ئایین و بە مێژوو هەیە بەدەر لەو حەزی ناوبردنەی کەپێشینانمان گوتوویانە: (نابووتی وا هەیە کە کەس باسی نەکرد، دەچێ لەسەر ڕێگای گشتی پیسایی دەکات تا ناوی ببرێت)، هەڵوێستی تایبەتی خۆیشم وەک ئەندامێکی بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینی بڕیارچی بێت – پشتیوان بەخوا - جێبەجێی دەکەم و سوپاسی بێ پایانم بۆ وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتی زانایانیش تۆماردەکەم لەسەرهەڵوێستی جوامێرانە و مەردانەیان و پێزانینیشم هەیە بۆ هەر خەمخۆرێکی ئایین و نەتەوە و وڵاتم و خۆم وەک مسوڵمانێک بە بتپەرست نازانم و هیچ پێغەمبەرێکیش بتپەرست نەبووە و ئیسلام یەکێک لە کارە هەرە جوانەکانی دروستکردنی کەسایەتی گەورە بووە بۆ مرۆڤایەتی و سەلاحەدینی ئەیووبی وەک نموونەیەکی گەورە و پیرۆزە لەلام.

© 2017 Hawler