شوبات 28, 2021

من کارم بەو کەسانەوە نییە کە دەڵێن "کوردستان پێویستی بە دەوڵەت نییە"

ئیسماعیل بێشكچی

 

پەکەکە لە وڵاتانی وەکو ئەڵمانیا، فەرەنسا، هۆڵەندا و سوید خۆی لەگەڵ قەوارە و یاسای دەوڵەت دەگونجێنێ، هەروەها لە شوێنەکانی وەکو ئیستانبوڵ، ئیزمیر، بورسە، ئەدەنە و مێرسینیش زۆرێك لە کوردان پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە/کەجەکە هەیە، لەوێشدا بە شێوەیەکی سروشتی پەکەکە/کەجەکە پابەندی قەوارە و یاساکانی دەوڵەتی تورکیایە، هەروەها لە دیاربەکر، وان و باتمانیش هەمان حاڵەت هەیە، بەڵام پەکەکە/کەجەکە پابەندی رێسا و قەوارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نابێت، دەیەوێ ئەو قەوارەیە بچووک بکاتەوە، بیشکێنێت و گوشار بخاتە سەر حوکمڕانییەکەی.
ئەمە دۆخێکی پەیوەندیدارە بە هەڵوێست و هەڵسوکەوت و رۆحیەتی مرۆڤی ژێردەستەوە، خەڵکی ژێردەستە خۆی دەگونجێنێ و ملکەچ دەبێ بۆ ئەو رێنمایی و ئاراستەکارییانەی لە دەرەوە ئاراستەی دەکرێن، بەڵام ئەگەر چینێک لە خەڵکەکەی خۆی بیەوێت دەسەڵاتێک دروست بکات، رووبەڕووی دەبێتەوە و بە کەمی دەزانێ و هەوڵی لەباربردنی دەدات، چونکە لەلایەن دەوڵەتی دەسەڵاتدارەوە وەها فێر کراوە.
هەموو ئەوانەی هێرش دەکەنە سەرم و رەخنەم لێ دەگرن، کاتێک بە پەکەکە/کەجەکە ناڵێن (حکوومەتی هەرێمی کوردستان قەوارە، یاسا و رێسای تایبەت بەخۆی هەیە و ئێوە پێویستە پابەندی بن، هێرش مەکەنە سەر پێشمەرگە، هێرش مەکەنە سەر نووسینگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان). هەروەها ناڵێن (هەروەک چۆن پابەندی یاساکانی دەوڵەتەکانی وەکو ئەڵمانیا، فەرەنسا، هۆڵەندا بوویت، لێرەش پابەند بە یاساکانی هەرێمی کوردستانیش بە)، لە کاتێکدا ئەمە ناڵێن و بەلاشیدا ناڕۆن، دۆخێکی سەرسوڕهێنەرە".
ئەمڕۆ سوپای تورکیا لە زۆر شوێنی خاکی هەرێمی کوردستان و ناوچە سنوورییەکاندا بنکەی سەربازی دامەزراندووە، لە کاتێکدا پەکەکە/کەجەکە پێویستە هەوڵی دوورخستنەوەیان لە ناوچەکە بدات، بە دۆزینەوەی بیانووی جۆراوجۆر زەمینەسازیی زیاتر بۆ جێگیرکردنی سوپا لە ناوچەکە دەکات. ئەمە روونە کە سوپا هەڕەشەیەکی توندە لەسەر هەرێمی کوردستان.
دەبێت چارەسەرکرنی کێشەکانی نێوان کوردان لەسەر بنەمای دیالۆگ بێت، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە بەر لە هەموو شتێک، دان بە رەوایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بنرێت، بێگومان دوای ئەوە لە میانی دیالۆگدا رەخنەی پێویست دەگیرێت.
ئێمە باس لە یاسا و رێساکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین. ئەمە فیدراسیۆنێکە و لە نێو سنووری ئەم فیدراسیۆنەدا نابێت ئازادیی ئەنجامدانی تاوان هەبێت. ئەگەر لە نێو ئەو سنوورەدا کەسێک کوژرابێت، پێویستە فیدراسیۆن لەڕێی دادگەری، دامەزراوە، دادگاکان، پۆلیس، دادوەر، داواکاری گشتی و گرتووخانەکانییەوە تەدەخول بکات. ئەگەر نەتوانێ ئەمە بکات ئەوا لەڕێی تۆماری تاوانەکان، دۆسیە و وردەکارییەوە، ئەگەرنا ناتوانرێ باس لە فیدراسیۆنێکی راستەقینە بکرێت. پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاو بەرەو رێگەی بوون بە فیدراسیۆنێکی راستەقینە بنێ.

© 2017 Hawler