کانونی دووەم 19, 2021

حەمەسەعید حەسەن

 

33
ڕۆمان شتێکە و بیرەوەری شتێکی ترە، بیرەوەری با جوان و ئەدەبییانەیش بنووسرێت، هەر بە ڕۆمان هەژمار ناکرێت. ئەوە ئاسایییە ڕۆمان سوود لە بیرەوەری وەربگرێت، بەڵام ڕۆمان بە پلەی یەکەم زادەی خەیاڵی بەپیتی نووسەرەکەیەتی. ڕۆمان واقیع ناگێڕێتەوە، بە سوودوەرگرتن لە واقیع، دونیایەکی نوێ دەخوڵقێنێت. زۆرن ئەوانەی دەتوانن بیرەوەرییەکانی خۆیان بگێڕنەوە، بەڵام کەمن ئەوانەی پێیان دەکرێت ڕۆمان بنووسن. بیرەوەری ڕۆمان نییە، با ڕۆمان بە کۆمەکی بیرەوەرییش بنووسرێتەوە. وینستۆن چەرچڵ یەکەمین سیاسەتمەدارە، لەسەر نووسینەوەی بیرەوەری نۆبێڵی لە ئەدەبدا وەرگرتبێت، ڕەنگە دوا سیاسەتمەداریش بێت بەو خەڵاتە شاد ببێت.

ئەوی بیرەوەری دەنووسێتەوە، کاتێک بە ئەدیب لە قەڵەم دەدرێت، توانای ئەوەی هەبێت، ئەوەندە جوان بنووسێت، خوێنەر سەرسام بکات. جاران ڕۆمان لە دەوری کارەکتەرێکی سەرەکی دەسووڕایەوە کە پێیان دەگوت: قارەمان، بیرەوەری بەوە نابێت بە ڕۆمان، نووسەرەکەی خۆی وەک قارەمان نمایش بکات. ڕەنگە لای ئێمە خەوشی سەرەکیی بیرەوەرییەکان ئەوە بێت، نووسەرەکانیان خۆیان وەک قارەمان دەناسێنن، بوێریی ئەوە شک نابەن، باسی هەڵوێستێکی لاوازی خۆیان بکەن، هەرچەندە ئاسایی ئەوەیە، لە هەندێک بارودۆخدا بترسین.

وەک چۆن ئەوە داهێنانی ئەدەبی نییە، بیرەوەرییەکانی خۆت بگێڕیتەوە، ئەوەیش ڕەخنەی ئەدەبی نییە، ڕۆمانێک بخوێنیتەوە و کورتی بکەیتەوە. ڕۆمان دونیایەکی نوێیە لە غەیری نووسەرەکەی پێشتر کەس پەی پێ نەبردووە، ڕەخنەی ئەدەبییش ئەوەیە، کە ڕەخنەگرێک قسە لەبارەی ڕۆمانێکەوە کرد، شتگەلێک بڵێت، هیچ کام لە خوێنەرانی ئەو ڕۆمانە دەرکیان پێ نەکردبێت. چەندان نووسەری گەورە بە کۆمەکی ژیاننامەی خۆیان و خێزانەکانیان، ڕۆمانی نەمریان نووسیوە، بەڵام ئەوەی ڕۆمانەکەی بە نەمریی هێشتووەتەوە، ژیاننامەکە نەبووە، ئەو دونیایە بووە کە بە کۆمەکی فەنتاسی و ئەزموون و بیرەوەری و ددانپێدانانی بوێرانە ئەفراندوویانە. یەکێک لەو ڕۆمانە هەرە بەناوبانگانە: خانەوادەی پاسکاڵ دووراتییە، کە نووسەری ئیسپانیایی: کامیلۆ خۆسیە سیلا نووسیویەتی.

ڕۆماننوس کە پشت بە دەفتەری بیرەوەرییەکانی دەبەستێت، ئەوە تەکنیکێکی نوێیە، ئەگەرنا هیچ دەفتەرێکی لەبەر دەستدا نییە. تەنانەت ئەگەر پشت دەستنووسێکی ڕاستەقینەیش ببەستێت، خۆ ناچێت دەستنووسەکە بە نرخی ڕۆمان بەسەر خوێنەردا ساغ بکاتەوە، بەڵکوو کەم و زۆر سوودی لێ وەردەگرێت و بە کۆمەکی خەیاڵی فراوانی، لەگەڵ گێڕانەوەکانیدا دەیگونجێنێت. ئەگەر لە غەیری گێڕانەوەی ژیاننامەی خۆت، توانای داهێنانی چیرۆکێکی دیکەت نییە، ئەوا با خۆت پێ داهێنەر نەبێت، چونکە داهێنان گێرانەوەی واقیع نییە، ئەفراندنی واقیعێکی نوێیە

© 2017 Hawler