تشرینی دووەم 26, 2020

ئابڵۆقەی ئابووری پێشینەی کۆنی هەرستەمکارێکە!

عومەری چنگیانی

 

نامەوێ نووسینێکی سیاسیتان بخەمە بەر دید، چونکە بشمەوێت ڕەنگە نەیزانم و، پێشبینییەکەیش بکەم، وا دەرنەچێ، وەلێ بە ئەرکی دەزانم لەم گوڵخەرمانەی ئیمڕۆمدا تیشک بخەمە سەر بابەتێکی مێژوویی سەروبەندی سەرەتاکانی بانگەوازی خوا لە ڕێگای پێشەوامان دوایین پەیامگەیێنی خوا محەمەدەوە ــ دروود و سڵاوی خوای لێ بێت ــ کە سەرجەم سەرچاوەکانی ژیاننامەی پیرۆزی ئەو کەسایەتییە ــ دروود و سڵاوی خوای لێ بێت ــ باسمان لەوە بۆ دەکەن کە نەیارە خزمە عەرەبە سەرسەختەکانی لە شاری مەککە، لە ساڵی حەوتی پێغەمبەرایەتی، تا ساڵی دە، بۆ ماوەی سێ ساڵ ئابلۆقەیەکی ئابووریی وایان خستە سەر، نەک هەر خۆی و هاو ئایینەکانی و بەس، بگرە ئەوەی بەخوێی چێشتیش بگەیشتایەتە ئەو ــ دروود و سڵاوی خوای لێ بێت ــ وەبەر ئەو خەشمە خرا و لە شیوەڵێک توند کران و قەدەغەی مامەڵە و کڕین و فرۆشتن و ژنوژنخوازییان بەسەردا سەپاندن، کە دەیان ئازاری کەمەرشکێن و تاقیکردنەوەی خەماوییان لەو سێ ساڵەدا بەسەر هات و تووشی سەدان تراژیدیای خەماوی بێسنوور بوون، وەلێ لەگەڵ ئەو هەموو ئەشکەنجە و برسی و تینووکردن و دابڕانە، بۆ داوە موویەکیش کاریگەری لەسەر بیرو باوڕیان نەکرد، چونکە:

١ـ خودی پێغەمبەریش ـ دروود و سڵاوی خوای لێ بێت ــ و ماڵومنداڵەکەیشی، لەدەرەوەی بازنەی ئازار و برسێتیەکان نەبوو و، بگرە پشکی شێری پێبڕابوو.

٢ـ خەڵکەکەی دەورووبەری پێغەمبەر ــ دروود و سڵاوی خوای لێ بێت ــ ئەوانەی بڕواداربوون دەیان زانی باجی بڕواداریی سەختە و ئەو پیاوەیش ــ دروود و سڵاوی خوای لێ بێت ــ بە ڕابردووی تا بە ئەوکاتی دەگات، بەدەر لە چاکە و بۆ خەڵک توانەوە لێیان نەبینیبوو دەیانزانی پاداشتی خوایی وەدەست دێنن، ئەوانەیش کە هاوبیرو ڕایشی نەبوون، لەبەر هۆزگەرایی پێیان شەرم بوو پشت بکەنە خزمەکەی خۆیان، با بە هەندێک لە بیر و بۆچوونەکانیشی ڕازی نەبن.

خوێنەری بەڕێز! ئەوەی ئەم بابەتەی هێنایەوە بیرم، ڕووداوەکانی هەفتەی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق و هاودەنگی عەرەبی نێو ئەو هۆڵە بوو بە شیعە و سوننەیانەوە، کە بینیمان چۆن دەنگیان بڵند بووەوە بۆ بەڕێکردنی بەندە یاسایەک کە دەرەنجامەکەی گرانترکردن و قورسترکردنی باری ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان بێت.

لێرەوە وەبیری خۆم و دەسەڵاتی سیاسی و هەر هاوڵاتییەکی بەڕێزی دێنمەوە، کە بەر لە هەر شت بەخۆداهاتنەوە و گەڕانەوە بۆ لای خوا و تەقوا کردن کلیلی چارەسەری هەموو ئازارەکانمانە، کە گومان لەوەدا نییە تەقوا وشەیەکی زۆر لایەنە و ڕەها و گشتگیرە و، تەنها مانای جێبەجیکردنی ئەرکەپەرستنەکان نیە و بەس، کە نوێژ و ڕۆژوو و زەکات و حەج لەپێشینەیە و دەبێ ڕەنگدانەوەیان هەبێت لە ئاکاردا، هەر بۆ نموونە چەند ئایەتێک وەبێر دێنمە کە باس لە دەرەنجامی تەقوای خوا دەکات:

یەکەم/ لە نەوەدەمین ئایەتی سوورەتی (یوسف)دا دەفەرمێت: (بەڕاستی هەرکەس لەخوا بترسێ و خۆی لە خەشمی ئەو بپاڕێزیت و دانی ئارام بگرێت بەخۆیدا، بەڕاستی خوای بێ هاوتا پاداشتی چاککاران بزرناکات).

دووەم/ لە دووەم و سێیەم ئایەتی سورەتی (تەڵاق)یشدا دەفەرمێت: (هەرکەس تەقوای خوا بکا و خۆی لە تووڕەیی خوا بپارێزێت، دەرووی لێ دەکاتەوە و ڕێی دەربازسبوونی لە هەر قەیرانێک بۆ ئاسان دەکات و، بەشێوەیەک ڕۆزی دەدات کە هەر بەبیریدا نەهاتبێت و لە پلان و چاوەڕوانی ئەودا نەبووبێت) لەکۆتایی چوارەم ئایەتی هەمان سورەتیشدا دەفەرمێت: (هەرکەس تەقوای خوا بکات لە کردار و ئەرکەکانیدا خوای گەورە کارئاسانی بۆ دەکات) لە کۆتاییەکەی پێنجەم ئایەتی هەمان سوورەتیشدا دەفەرمێت: (هەرکەس تەقوای خوا بکات ئەوا لەتاوانەکانی خۆش دەبێت و پاداشتی گەورە دەکات).

دوا وشە؛ لەکۆتاییدا دەڵێم گەرچی ئایەتەکانی باسی تەقوا و سوودەکانی زۆرترن لەوەی بتوانم لە گوڵخەرمانێکدا بیانهێنم، دوا ئایەتێک کە دەیهێنمەوە بیری هەموو لایەک، نەخاسمە دەسەڵاتی کوردی، دوایین وشەکانی درێژترین ئایەتی قورئان، کە دووسەدوهەشتاودووەمین ئایەتە، دێنمەوە بیر، کە خوا دەفەرمێت: (تەقوای خوا بکەن خوا زانستتان فێر دەکات).

بە ڕاستی گەڕانەوە بۆ لای خوا، دەتوانێ فێرکەری پلان و داڕشتنی نەخشەی دەربازبوون بێت لەو واقیعە تاڵە ئابوورییەی هەموومان تێی کەوتووین، خۆ کەمترین و کورتترین ڕێگای فێرمان دەکات ئەوەیە کە چیدی دەس بڵاویی و ئیسرافە بێجێیەکانمان ڕاگرین و پارەمان لە هیچەدا بە هەدەر نەڕوا و نەکرێ بە قورگی ئەوانەدا بە پێداگوتن فێرن و نەیشدرێت بەوانەی لەبەر خاتران ڕێز و پێکە و سامانیان پێ دراوە.

ئەستەنبۆڵ

١٥/١١/٢٠٢٠

 

© 2017 Hawler