تشرینی دووەم 26, 2020

کۆرۆنا و کۆمەڵگای کوردی لە نێوان پابەند بوون و پابەند نەبووندا

هەورامان عەلی تۆفیق

 

پەتایەک دنیای گیرۆدە کردووە، تەواوی ژیان و گوزەرانی خەڵک و ئابوریی وڵاتان و زۆرێک لە خەڵکی شێواندووە و وڵاتانی ئەوروپا بۆ پاراستنی گیانی ھاووڵاتیان و کەمکردنەوەی ڕێژەی تووشبوان ڕێکاری توندیان گرتەوە بەر لەداخستنی زۆر لەو شوێنانەی خەڵک لێیان کۆ دەبنەوە و کۆنتاک لێوەیانەوە دروست دەبێت.

ئەوەی لێرەدا جێگای باسە کاتێک حکومەت ڕێکارە تەندروستیەکانی بۆ خۆپارێزی گرتە بەر و لە سەرەتا توانرا رێگە لە بڵاوبوونەوەی بگیرێت، بەڵام ئەوەی بووە کێشە ژیان و گوزەرانی خەڵک بوو، حکومەت بەھۆی قەیرانی داراییەوە نەیتوانی ھاوکاریی زیانلێکەوتووان بکات و لەو لایشەوە بۆ تێکدانی پلانەکانی حکومەت ھەموو کورد بووە کاسب و دووکاندار و خاوەن پڕۆژە، دەکرا لایەنە پەیوەندیدارەکان وەک زۆرێک لە وڵانی دنیا ڕەچاوی گوزەران و ژیانی خەڵکی کاسبکاریان بکردایە، لەھەمان کاتدا خەڵک ناچار بکرایە بە پابەندبوون بە ڕێنمایە تەندروستیەکانەوە، نەک خەڵک بۆ خۆی بارودۆخ ئاسایی بکاتەوە، خەڵک وەک ئەوەی ھیچ لە گۆڕێ نەبێ لە ڤێستیڤاڵ و کۆڕ و کۆبوونەوە و شایی و گەڕان و پرسە و قەرەباڵغیی زۆر و سەردان و میوانداری بەبێ ھیچ پابەندبوونێک وەک ئەوەی کۆرۆنا هەر نەبێت، لەگەڵ ئەو هەموو ڕێژە زۆرەی تووشبوان و حاڵەتی مردن و بارودۆخی خراپی زۆرێک لە تووشبوان و ھۆشداریەکانی وەزارەتی تەندروستی ھێشتا ھیچ کاریگەری ئەوتۆیی لەسەر خەڵک نیە.

ئەوەی ڕاگەیاندنەکان و ھەواڵی ڕێژەی تووشبوان و ھۆشداری لایەنی پەیوەندی و ڕێژەی ھەڵکشانی خێراو زۆری تووشبوان پێچەوانی ڕەفتارو مامەڵەی خەڵکە لەگەڵ ئەو دۆخە، کاتێک لە سۆسیال میدیا و بڵاوکراوەکان دەڕوانی بەردەوام و بەڕێژەیەکی زۆر ھەواڵ و وێنەی کۆچکردوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاودەبێتەوە، بەڵام ھێشتا خەڵک جدیەتی لە خۆپارێزیدا نیە و وەک کردارێکی بەرپەرچدانەوە بۆ بڕیارەکانی حکومەت مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.

لە دنیای دەرەوەشدا مامەڵەکان جیاوازن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە بەپێی بارودۆخی ئەو وڵاتە کاری لەگەڵ دەکرێت، عێراقیش وەک وڵاتانی دی و ھەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق بەو پلانەی وەزارەتی تەندروستی و دەسەڵاتە ئیداریە ناوچەیەکان بەو دەسەڵاتەی ھەیانە لە ڕوو بەڕووبونەوەی کۆرۆنا بێگومان جێگای دەستخۆشیە و کاری باش ھەنگاوی راستاڵ لەو بارەیەوە نراوە، بەڵام کاتێک خەڵک پابەند بە ڕێنمایەکان نەبێت و بە پێچەوانەوە مامەڵە بکات بێگومان ئەو کات دەرەنجامەکان باش نابن و ڕێژەی تووشبوانیش زیاتر دەبێت و لەدەستدانی خەڵکیش زیاتر دەبێت، بۆیە گرنگە ھاوڵاتی پێش ئەوەی خەمی خۆیی بێت دەبێ لە خەمی کەسە نزیکەکانی خۆیدا بێت ئەوانەی بەساڵدا چوونە و نەخۆشیی تریان ھەیە و بەرگەی ئەو ڤایرۆسە ناگرن، بۆیە خۆپارێزی، پاراستنی ئەوانە.

 

 

© 2017 Hawler