تشرینی یەکەم 29, 2020

پشکۆ نەجمەدین

 

سیحری نووسین
11
میتافۆڕەکان
ماگنیۆس یاکۆپسۆن، لەمەڕ چۆنییەتیی هەڵبژاردنی میتافۆڕ و پێکەوە سازان و هاوئاهەنگییان، لە وەڵامی پرسێکی "پێڕ ئیۆگرین"دا کە دەبێژێ:
"میتافۆڕەکانت هەمیشە سازگار و هاوئاهەنگ نین، یان وەک دەڵێن: زۆر پراکتیکی و مەبەستدار نین. ئەوان بەجۆرێک لەگەڵ ئەزموونەکانی ترانستیۆمەر هاومەبەست نابن"، ڕوونی دەکاتەوە و دەڵێ:
(نا...لای ترانستیۆمەر، وێڕای هەمووشت، لۆژیکێک لە زمانی وێنەدا هەیە. من دەخوازم لەتەک ڕووداوە نالۆژیکەکاندا مامەڵە بکەم. من زیاتر وەکوو ڕیژیسیۆرێک کار دەکام، کامێراکە لە شوێنێکی چاوەڕواننەکراودا دادەنێم، ئەوسا لە باشترین حاڵدا، جۆرە گرژییەک دروست دەبێ. بۆ نموونە: کاتێک شتەکان بە قەبارەی جیاوازەوە ئامێتە دەبن، ئیدی شتەکە لە خۆیدا دەبێتە وێنەیەکی سیحراوی!)
ئەم بۆچوونەی یاکۆپسن، بەرەو ڕاڤەکردنەکانی "یۆران گرایدەر"مان لەمەڕ پەیوەندییەکانی نێوان زمانی سینەما و فیکر و ئەدەب دەباتەوە.
گرایدەر، لە بەرسڤی پرسی(تارکۆفسکی و ڕێلکە، بەجۆرێک خزماێتییەکیان هەیە، تۆش پێت وا نییە؟)، دەبێژێ:
(ئەوان هێشتا لایان وایە جیهان لە بزووتنی خۆیدا، خاوتر دەبزووێ. ڕاستییەکەی، ئەوان بەشێوەیەک کاریان کردووە، ئەمە وەها بێت!
ریلکە، وا دەکات کە زمان لەسەرخۆ بگەڕێ و تارکۆفسکیش وێنە و زەمەن. بە هەمان شێوە کە هایدگەر فیکر خاو دەکاتەوە. ئەوان سەر بە دەستەی دەستبژێرن. ئەمە نەک لەبەر ئەوەی ویستبێتیان خۆیان لە کۆمەڵ هەڵاوێرن، بەڵکوو ئەو خەسڵەتەیان وەکوو شتێکی بەخشراو وەرگرتووە. ئەوان لە شوێنێکدان و لەوێدا شتێک دەبینن کە بێ بینینی ئەوان مەحاڵە ببینرێت! ساتێ ڕیلکە سەردانی ڕووسیای کرد، ئەگەر کامێرایەکی هەبایە، بەدڵنیایییەوە شتگەلێکی بەوجوود دەهێنان، ڕێک وەک فیلمەکانی تارکۆفسکی!)
کەتەرینا فرۆستێنسۆن، لەبەردەم سیحری نووسین و چۆن و بۆچی دەنووسێت، باس لە ئەزموونەکانی خۆی دەکات و دەڵێ:(من.. "بۆچی؟".. نازانم! من، پرسیار لەخۆ ناگرم و چ بەرسڤ و ڕاڤەیەکیشم بۆ شتەکان نین. من دەنووسم، نازانم چۆن و بۆچی. بەڵام هەر دەنووسم! "شوێن"ەکان کە هەمیشە چەندپات دەبنەوە، دڵبەندم دەکەن. نازانم بۆچ هێندە لەمەڕ "شوێن"ەکان دەنووسم. من لەمەڕ شێوازە باڵاکان و ڕووخسارەکان دەنووسم و کەچی هیچ "بۆچی"یەکیش نییە. دەشت وەکوو زەریایە. چ خۆشە بەسەر دەشت و تەختاییدا ڕێ بکەیت. من لەبارەی "دەشت"ەوە دەنووسم و کەچی جارێک و سەتان جاری دیکەش دێتەوە.. چ بکەم؟
خەتێکی ڕاستوچەپی بەسەردا بێنم و وێڵی بکەم، یاخود بەردەوام بینووسمەوە؟ بەڵێ دەینووسمەوە و دیسانیش دەینووسمەوە. ڕەنگە پیاو مەحکووم بە خۆدووبارەکردنەوە ببێت. شوێنەکان لەڕادەبەر گرنگن.. ئەوان مۆرکی ڕووحن!

 

© 2017 Hawler