ئاب 04, 2021

بە گوژمەی 40 ملیار دۆلار عێراق دەیەوێت هەشت وێستگەی ئەتۆمی دابمەزرێنێت

تا دێت خواستی عێراقییەکان بۆ کارەبا زیاتر دەبێت و پێشبینی دەکرێت تاوەکو 2030 خواست 50٪ بەرزبێتەوە. کەمال حوسێن سەرۆکی دەستی رێکخستنی سەرچاوە تیشکدەرەکانی عێراق رایگەیاند، بەبێ وزەی ئەتۆمی عێراق لە قەیرانێكی قووڵدایە.

عێراق لە پلانیدایە هەشت وێستگەی ئەتۆمی بە هاوکاری رووسیا دروستبکات، بە تەواوکردنی وێستگەکان عێراق دەتوانێت بەسەر قەیرانی کارەبادا زاڵ بێت.

رۆژنامەی تایمزی بەریتانی ئاماژەی بەوەداوە، توانای وێستگە ئەتۆمییەکان نزیکەی 11 گێگاواتە و عێراق هەوڵدەدات 40 ملیار دۆلار قەرز بۆ ماوەی 20 ساڵ وەربگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ فەرەنسا و ئەمەریکا و رووسیا و کۆریای باشوور دەستی بە گفتوگۆ کردووە.

رۆژنامەی تایمزی بەریتانی نووسیویەتی "یەدەگی نەوتی عێراق 8.4٪ بەمەش پێنجەم وڵاتە لەسەر ئاستی جیهاندا، بەڵام بەهۆی گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردن ژێرخانەکەی زۆر خراپە. ئەمەش وایکردووە نەتوانێت خواستی هاووڵاتییان لە کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی دیکە دابین بکات. کە بۆشاییەکی گەورە لە نێوان خستنەڕوو و خواست دروستبووە، لە دوای مانگی کانوونی یەکەمی 2020 کاتێک ئێران هەناردەی گازی بۆ عێراق کەمکردەوە قەیرانی عێراق قووڵتر بووەتەوە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشداوە، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی بەرچاو  روویان لە وەبەرهێنان لە وزەی ئەتۆمی کردووە و ئەوەش وەک هەوڵێکە بۆ ئەوەی پشتبەستنیان بە نەوت کەم بکەنەوە، کە هەریەکە لە ئێران و ئیمارات کورەی ئەتۆمی چالاکیان هەیە و تورکیاش کار لەسەر دامەزراندنی وێستگەی ئەتۆمی ئاکۆیۆ دەکات.

بۆ دامەزراندنی وێستگە ئەتۆمییەکانیش رووسیا رۆڵێکی باڵای هەیە، ئاژانسی ئەتۆمی رووسیا 'روساتۆم' کار لە وێستگەی ئەتۆمی ئاکۆیۆی تورکیا دەکات، کە کۆمپانیا رووسییەکان خاوەنداری 51٪ـی پشکەکانی پڕۆژەکە دەکەن، هەروەها ئەو ئاژانسە رووسیە هاوکاری ئیماراتیشی کردووە بۆ دامەزراندنی وێستگەیەکی ئەتۆمی بۆ ئاشتی، لە لایەکی دیکەشەوە لەگەڵ ئێرانیش رێککەوتووە بۆ دامەزراندنی 8 وێستگەی ئەتۆمی بەلایەنی کەمەوە، سەرەڕای ئەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان سزای بەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی ئێراندا سەپاندووە.

لە هەمان کاتدا روساتۆم، کار دەکات بۆ دامەزراندنی وێستگەیەکی ئەتۆمی لە میسر و هەوڵدەدات دوو دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی لە سعوودییە دروستبکات، چەند گرێبەستێکیشی لەگەڵ ئوردن و جەزائیر و تونس و مەغریب و سودان واژۆکردووە.

© 2017 Hawler