حوزەیران 22, 2021

لە بەغداوە پێمان دەڵێن گەشتەكەمان باخچەی ئاژەڵانی هەولێری تێدایە؟

باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، یەكێكە لە پڕۆژە گرنگ و جوانەكانی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستاندا؛ جگە لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، گەشتیاری عەرەب زۆر شەیدای ئەو شوێنەن و رۆژانە جمەی دێت لە گەشتیاری عەرەب.

 

كاتێك دەچیتە ناو باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، هەست بەوە دەكەیت لە شوێنێكی جیاوازدایت، چونكە پێشتر هەرێمی كوردستان باخچەیەكی ئاژەڵانی بەو شێوەیەی بە خۆیەوە نەبینیوە؛ گەشتیار و هاووڵاتیان دڵخۆشن بە پڕۆژەیەكی لەو شێوەیە.

ئەحمەد شێخ، خاوەنی یەكێك لە گروپە گەشتیارەكانی بەغدایە، ئەو هەفتانە گەشتیار لە بەغدا و خوارووی عێراقەوە دەهێنێتە هەرێمی كوردستان؛ لە یەكێك لە كافێكانی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر قاوەی دەخواردەوە و دڵخۆشییەكی زۆری پێوە دیار بوو.

كاتێك لێیم پرسی وەكوو رۆژنامەی ”هەولێر“ دەمانەوێت سەرنجت لەسەر باخچەی ئاژەڵانی هەولێر بزانین، ئەو یەكسەر گوتی : " زۆر شوێنێكی دڵڕفێنە و گەشتیار زۆر دڵی بەو شوێنە خۆشە".

ئەلشێخ ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: " لە بەغداوە گەشتیارەكان پرسیاری باخچەی ئاژەڵانی هەولێری لێ دەكەن و، دەڵێن بەو مەرجە دێین بمانبەن بۆ ئەو شوێنە.

گوتیشی: " هەولێر بە لای ئێمەوە شارێكی جیاوازە، ئێمە وەكوو بەهەشتی دەچوێنین، چونكە شارێكی دڵڕفێنە و ئەوەی ئێمە بمانەوێت هەیە. جیا لەوەش خەڵكەكەی زۆر میواندۆستن و زۆریش رێز لە بێگانە دەگرن، بۆیە تەنیا هەولێر بە لای منەوە خۆشە و لێی بێزار نابم".

نرخی چوونە ژوورەوەی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر تا ئاستێك گونجاوە و، هەموو كەسێك دەتوانێت سەردانی بكات، كە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

ئەگەر بتەوێت بە سەیارەی خۆت بچیتە ناو باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، چەند كەس لەناو سەیارەكە بێت كێشە نییە، تەنیا (٢٠هەزار) دینار دەدەیت.

ئەگەر بەبێ سەیارەش بتەوێت بچیتە ناو باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، بۆ هەر نەفەرێك تەنیا ٥ هەزار دینارە و، بەو پارەیە دەتوانێت سەیری هەموو ئاژەڵەكانی ناو باخچەی ئاژەڵانی هەولێر بكەیت.

شارەزایانی ئابووری، ئەم نرخەیان پێ گونجاوە، چونكە توێژی هەژارانیش دەتوانن ئەو شوێنە ببینن، جگە لەوەی لەناو پڕۆژەكەدا، كابینەی گەشتیاری لێیە، كە هاووڵاتیان دەتوانن بەكاری بهێنن و خواردنی تێدا بخۆن.

باخچەی ئاژەڵانی هەولێر یەكێكە لەو شوێنانەی كە بەرزی و نزمی زۆر تێدایە، ئەمەش وای كردووە پڕۆژەكە جوان بێت و لەو بەرزییەوە شاری هەولێر بە شێوەیەكی تر و جوانییەكی تر دەبینیت.

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، پڕۆژەی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر بێ كەموكوڕی نییە، بەتایبەت لەڕووی سەوزاییەوە كەموكوڕی زۆرە.

ئەندازیاری تەلارسازی (ئازیز عوسمان)، كە لە باخچەی ئاژەڵانی هەولێر چاومان پێی كەوت و لەسەر پڕۆژەكە قسەی بۆ "هەولێڕ" كرد. ئەو ئەندازیارە پڕۆژەكەی پێ گرنگ و باشە، بەڵام لەڕووی سەوزاییەوە باسی لەوە كرد، نابێت ئەو شوێنە گەورە و گرنگە سەوزاییەكەی بەو شێوەیە بێت.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا گوتی: "شوێنەكە هیچ كێشەیەكی نییە لەڕووی گەورەییەوە و، ئاژەڵەكانیش جۆرەكانی زۆرن و ئەوەی حەز بە سەیركردنی بكات دەتوانێت دەیان جۆری ئاژەڵ ببینێت، بەڵام لە هەموو دونیا باخچەی ئاژەڵان دەبێت سەوزایی زۆربێت، بە جۆرێك ئاژەڵ هەست نەكات لەناو قەفەسدا زیندانیكراوە و دەبێت وا بزانێت لەناو دارستاندایە. بڕوا بكەن، لە باخچەی ئاژەڵانی هەولێر دەتوانن ئەو سەوزاییە زۆرە بوونی هەبێت، چونكە زۆر زۆر گەورەیە و بەشی سەوزاییەكی زۆر دەكات".

لە باخچەی ئاژەڵانی هەولێردا، شوێن بۆ سەوزایی دانراوە و ئەوەی پێیدا تێپەڕ ببێت هەست بەوە دەكات شوێنەكانی سەوزایی جیا كراوەتەوە، بەڵام هیچ هەوڵ و كاركردنێك نییە بۆ ئەوەی ئەو شوێنە گرنگە بەسەوزایی پڕ بكرێتەوە، ئەمەش بووەتە جێگەی رەخنەی زۆرێك لە گەشتیار و ئەوانەی سەردانی دەكەن.

پاشخان:

باخچەی ئاژەڵانی هەولێر لەسەر رووبەری ٢٠٠ دۆنم زەوی دروست كراوە و، گەورەترین باخچەی ئاژەڵانە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێڕاقدا.

لەناو باخچەی ئاژەڵانی هەولێردا، ١٥٠ جۆرە لە ئاژەڵ و باڵندە و گیانلەبەری دەگمەنی تێدایە، كە پێشتر لە عێراق ئەو ئاژەڵانە بوونی نەبووە.

سێ دەریاچەی ئاوی تاڤگەدار و مەند لەخۆ دەگرێت، ئەمەش سیمای پڕۆژەكەی جوانتر كردووە. كارزان گلی - هه‌ولێر

 

© 2017 Hawler