حوزەیران 22, 2021

بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە لە کێڵگەکانی باشووری عێراق سه‌ریهه‌ڵدا

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ئەنفلۆزای باڵندە، پڕۆسەی لە ناوبردنی پەلەوەر لە بەسرە بەردەوامە.

هاوکات هۆکاری ئەو تووشبوونەش بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێنێتەوە، لەوانە هاوردەکردنی پەلەوەری تووشبوو بە ئەنفلۆزای باڵندە، کە بەشێوەی قاچاغ هێنراون، روونیشیكرده‌وه‌، کە هێلکە هیچ پەیوەندییەکەی بە بڵاوبوونەوەی پەتاکە نییە.

لە هەمانکاتدا وەزارەتی کشتوکاڵ داوا كرد، چاودێری لە دەروازە سنوورییەکان تۆکمەتر بکرێت و خاکی عێراق نەبێتە شوێنی ساغکردنەوەی کاڵای خراپی وڵاتان.

حەمید نایف، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ژمارەی پەلەوەرە تووشبووەکان زۆرە و لە چەند رۆژی رابردووەدا دەستیان بە لەناوبردنی پەلەوەرە تووشبووەکان کردووە، بە تایبەت لە پارێزگای بەسرە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، لە ترسی لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆزای باڵندە، پارێزگای بەسرە باری لە ناکاوی راگەیەندووە، دەرکردنی سەرجەم مۆڵەتی تەندروستی بەبازاڕکردنی بەرهەمی کێڵگەکانی راگرتووە.

لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق زانیاری لە بەردەستە، کە نرخی مریشکێک لە نێوان سێ تاوەکو و چوار هەزاره‌، بەڵام هەندێک لە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان ترسیان لەوە هه‌یه‌ پەتاکە تەشەنە بکات، بۆیە نرخەکانیان هەرزان کردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هۆشداری بە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان دەدات، کە ئەگەر دەزانن پەلەوەرەکانیان تووشی ئەنفلۆزا بووە، نەیفرۆشن، چونکە ئەو پەتایە لە ناو هاووڵاتیان بڵاودەبێتەوە و داواش لەلایەنی تەندروستی دەکات، بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکەن

© 2017 Hawler