نیسان 15, 2021

قەیرانی عێڕاق قەیرانی لە یەکتر حاڵی نەبوونە

عباس سوارە

 

بەردەوام گوێبیستی وشەی قەیران دەبین و لەناو کۆمەڵدا زۆر بڵاوە هەر کاتێک بارودۆخ تێک بچێت لە هەر ڕویەکەوە دەگوترێت قەیران !.
قەیران بابەتێکی زانستیە و مانایەکی فراوانی هەیە بۆیە مەرج نیە هەموو کێشەیەک وهەموو بارودۆخێکی نالەبار سیاسی بێت یان ئابوری قەیران بێت .


( قەیران ) پێناسەی
قەیران بارێکی نائارامە و دەبێتە هۆی ڕووداوێکی کاریگەری خێراکە هەڕەشە بۆ سەر بەهاو ئامانجەکانی لایەنێک دروست دەکات
دەکرێت قەیران سیاسی بێت یان ئابوری بێت یان کۆمەڵایەتی یان دارایی بێت گرنگ ئەوەیە بارەکە بارێکی نائاسایی و ئاڵۆز بێت و ببێتە هەڕەشە بۆسەر بەها و ئامانجەکانی کۆمەڵ ئەو کاتە دەکرێت پێی بگوترێت قەیران .


( هۆکارەکانی قەیران )
١- تێگەیشتنی هەڵە لە زانیاریەکان
٢- هەڵسوکەوتی بڕیاربەدەستان لەڕابردوو لە ئێستادا
٣- نەبوونی هاوبەشی لەبڕیارداندا
٤- خۆسەپاندنی کەسێک یان لایەنێک
٥- بڕوانەبوون بەچاکسازی ٦-ناکۆکی و پیلان لەیەکترگێڕان
٧- سوربوون لەسەر بیروڕا ٨-داننەنان بەهەڵەدا
٩- لاوازی لە پێشبێنی کردن
١٠- زۆری متمانە بەخۆ بوون زۆرجار دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە واقع و قەیران دروست دەکات
١١- ئامانجەکان بە هەڕەمەکی ببرێن بەڕێوە دوور لە پلان و بەرنامەی پێویست
١٢- ئارەزوو لە نشاندانی هێز
١٣- پڕوپاگەندەی ناڕاست
١٤- بەریەکەوتنی ئامانج و بەرژەوەندیەکان .

( تایبەتمەندی قەیران )
قەیران تایبەتمەندی وایە کە کتوپڕ و لە ناکاوە بەو پێیەی پێش بینی نەکراوە دەبێتە هۆی هەڕەشە بۆیە کاتیش کەم دەبێت بۆ ڕوبەڕوو بونەوەی قەیرانەکە و تا زیاتریش بەردەوام بێت زیانەکانیشی زیاتر دەبێت و چارەسەرکردنیشی سەختردەبێت .
مەرجیش نیە قەیران کتوپڕ بێت لەگەڵ ئەوەدا کتوپڕە لەڕودان بەڵام هۆکارەکانی بۆ کەڵەکەبوونی کێشەکان دەگەڕێتەوە کە ڕەنگە ڕیشەیەکی قوڵ و مێژوویەکی دوورو درێژیان هەبێت و ساڵ دوای ساڵیش کێشەکان زیاد دەکەن جا سیاسی بێت، ئابوری هتد .

( ڕەگەزەکانی قەیران )
قەیران کۆمەڵێک ڕەگەز لە خۆ دەگرێت کە دەبێت هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت بۆ ناسینی جۆری قەیرانە کەو چۆنیەتی کەم کردنەوەی زیانەکان و دوای ئەوە دانانی پلان و بەرنامەی پێویست بۆ چارەسەرکردنی وەک
شوێنی قەیرانەکە، کاتی ڕودانی قەیرانەکان، هۆکاری ڕودانی قەیرانەکە، چۆنیەتی ڕودانی قەیرانەکە تاد،
ئەو کاتە دەتواندرێت هەنگاوی پێویست بنرێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە .

( مانای بەڕێوەبردنی قەیران )
هونەری کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخێکی لەناکاوە لە ڕێی پێشبینی کردنی ئەوەی ڕودەدات بە هۆی گۆڕاوە ناوخۆیی و دەرەکیەکان و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسی و کاریگەریانەی کە ڕەنگە لێی بکەوێتەوە .
بەپێی ئەو تایبەتمەندیانەی کە لەقەیراندا هەیە دەردەکەوێت کە ئاڵۆزترین قەیران قەیرانی لە یەکتر حاڵی نەبونە کە لە هەموو قەیرانەکانەکان گەورەترە .
کاتێک لە یەکتر حاڵی نەبوون هەبێت بەتایبەت لەناو دەوڵەتدا کە ژمارەیەک گەل و نەتەوەی جیاواز لەڕووی ئاینی مەزهەبی تێدا بژیت ناتوانرێت سازان، هاوبەشی لە بەڕێوە بردندا هەبێت بۆیە ناشتواندرێت پلان و بەرنامەی پێویست دابندرێت بۆ بەڕێوەبردن سەرئەنجام پاشاگەردانی دروست دەبێت و قەیرانی سیاسی دروست دەبێت کە قەیرانی ئابوری، دارایی و کۆمەڵایەتیش بەدوای خۆیدا دێنێت .
بەپێی ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەی بەدرێژایی مێژووی دەوڵەتەکە هەیە لەڕووی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و دەروونی بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە قەیرانی عێڕاق قەیرانێکی بەردەوام و چارەسەر نەکراوە ئەویش قەیرانی لە یەکتر حاڵی نەبوونە !
عێڕاق وەک دەوڵەتێکی فرە نەتەوە، فرەئاین، فرەمەزهەب و جیاواز لەڕووی جوگرافی و مێژووی پڕیەتی لە کێشەی جۆراوجۆر .
کێشەکانی عێڕاق لەگەڵ دروست بوونیدا پێیەوە نوساون لەگەڵ تەمەنیشیدا گەشەیان کردووە وەک کێشەی نەتەوەیی و کێشەی مەزهەبی وەک نمونە لەسەرەتادا کێشەکان بچوک بوون لەگەڵ بچوکی تەمەنی دەوڵەتەکە و لە ئێستادا کێشەکان زۆر گەورە بوون لەگەڵ گەورەیی تەمەنی دەوڵەتی عێڕاق !
یەکێک لە هۆکارەکانی دروست بوونی قەیران تێگەیشتنی هەڵەیە لە زانیاریەکان و لاوازی لە پێش بینی کردنە .
ئەوەش بۆ دەوڵەتی عێڕاق دەگونجێت چونکە دەوڵەتی عێڕاق داتاشراوە و بەپێی بەرژەوەندی وڵاتان دروستکراوە و کۆمەڵێک جیاوازی لەڕووی نەتەوەیی، ئاینی، مەزهەبی و جوگرافی لەبەرچاو نەگیراوە ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە تێگەیشتنی هەڵە زانیاریەکان هەیە بەو پێیەی کە ناتواندرێت ئەو جیاوازیانە پێکەوە بسازێندرێن ؟
هەڵە لە پێش بینی کردندا هەبووە لەسەرەتاوە بەو پێیەی ئەوانەی دەوڵەتی عێڕاقیان دروست کردووە پێیان وابووە ئەو دەوڵەتە بەرژەوەندیەکانیان دەپارێزێت و بەردەوام لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان دادەبێت !
دوای چەند ساڵێک بارودۆخی عێڕاق گۆڕا و کەوتە ژێر هەڕەشەی هەڵووشانەوە و ڕۆژ دوای ڕۆژیش کێشەکان زیادیان کرد بەتایبەت کە داگیرکەرانی ئەو سەردەمە پێیان وانەبو کە دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێڕاق دەگۆڕێ بۆ کۆماری جڵەوی دەسەڵات لە دەست ئەوانە دەردەچێت کە لەژێر سەرپەرشتی ئەواندا وڵاتیان دەبرد بەڕێوە .
کێشەی سیاسی و دەسەڵات هاوبەشی لە حوکمڕانی و دەستگرتن بەسەر دەسەڵات لەلایەن پێکهاتەیەک و سەرکوتکردنی پێکهاتەکانی دیکە ئاڵۆزی لێ دەکەوێتەوە و دەبێتە قەیران چونکە پێکهێنەرەکانی دەوڵەتەکە لە یەکتر حاڵی نەبوون و لە سەرەتادا لەوە حاڵی نەبوون کە بۆ لایەنێک یان پێکهاتەیەک نیە کە قۆرخی دەسەڵات بکات و پێکهاتەکانی دیکە بێبەش بکرێن لێی ؟
دەوڵەت وەک دامەزراوەیەکی سیاسی کە ئەرکی بەڕێوەبردن و خزمەتکردنە ئەرکی دەوڵەتیش بە پێی سەردەمەکان و بەپێی فەلسەفەی حوکمڕانی دەگۆڕێت .
ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە وڵات پێویستی بەسەقامگیری سیاسی هەیە ئەو کاتە ڕوبەڕووی قەیران نابێتەوە هەرچەندە وڵات دەوڵەمەند بێت لە ڕووی سامانی جۆراو بێ لێک حاڵی بوونی پێکهێنەرەکانی هەژارە و بەردەوام لە قەیراندایە !
لە عێڕاقدا تێڕوانینی پێکهاتەکانی جیاواز بووە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هەر لایەنە بەپێی بەرژەوەندی خۆی سەیری دۆخەکە دەکات نەک بەرژەوەندی یان بەپێی دەستوورو یاسا !.
بەشێک لە دانیشتوانی عێڕاق لەگەڵ بوونی دەوڵەتێکی سادە و خاوەن دەسەڵاتن بەشێک لەگەڵ فیدراڵیزمن هەر لایەنەش کار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی خۆی دەکات ئەوەش وایکردووە لەیەکتر حاڵی نەبوون دروست ببێت و پشێوی لەو وڵاتە دروست ببێت .
قەیرانی لە یەکتر حاڵی نەبوون بۆتە هۆی پشێوی سیاسی و ئەوەش دەرگا واڵا دەکات بۆ دەستێوەردانی دەرەکی و ڵاتان هەوڵ دەدەن ئەجێندای خۆیان بەسەر گەلانی ئەو وڵاتەدا جێبەجێ بکەن و ئەوەش قەیران دروست دەکات و نائارامی باڵ بەسەر وڵاتدا دەکێشێ و دامودەزگاکان ناتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن بۆیە وڵات بێ خاوەن دەبێت .
بۆ بوونی خۆشگوزەرانی لەناو وڵاتدا سەقامگیری سیاسی مەرجێکی سەرەکیە سەقامگیری سیاسیش بەهۆی هاوکار و هاوئاهەنگی پێکهێنەرەکانی دەوڵەتەکە دەستەبەر دەبێت بۆیە دەبێت پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە لەسەرەتاوە لە یەکتر حاڵی بوو بن چیان دەوێت و ئامانجیان چیە ئەو کاتە هەر لایەنە ئەرکی خۆی دەزانێت و هەموان کار بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەکەن .
لەو حاڵەتەدا وڵات کەم دەرامەتیش بێت دەتوانێت بەپێی پلان و بەرنامە خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیانی بەدی بێنێت هاوشێوەی وڵاتی ئوردن لەگەڵ ئەوەدا کە وڵاتێکی دەوڵەمەندنیە و هەژارە لەڕووی سامان و یەکێک لەو وڵاتانەیە کە کێشەی ئاوی هەیە و هەژارترین وڵاتە لەو ڕوەوە بەڵام توانیویانە سەرکەوتووبن لە بەڕێوەبردنی وڵات و یەکێکە لە وڵاتە سەقامگیرەکانی ناوچەکە بەدرێژایی مێژووی دروست بونی بەهۆی ئەوە کە قەیرانی لەیەکتر حاڵی نەبوونی نیە .
کێشەکانی عێڕاق نە ئابوریە نە دارایی لەگەڵ ئەوەدا وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە سامانی جۆراو جۆر و هەڵکەوتێکی سروشتی گرنگی هەیە بەڵام بەردەوام لە قەیراندایە و ساڵ دوای ساڵ کێشەکانی لە زیاد بوندایە ؟
مەترسی گەورەهەڕەشە لەو وڵاتە دەکات بەتایبەت ئابوری هۆکاری ئەوەش بۆ کێشە و ململانێکانی ناوخۆ دەگەڕێتەوە بۆیە هێزی ئابوری ئەو وڵاتە نەتواندراوە کەڵکی لێ وەربگیرێت و بەردەوام سامانی ئەو وڵاتە بەفیڕۆدراوە زۆری لە شەڕو کوشتاری ناوخۆ و جەنگی لابەلادا سەرفکراوە کە جگە لە زیان هیچ سودێکی بۆ گەلانی ئەو وڵاتە نەبوە هۆکارەکەشی لە یەکتر حاڵی نەبونی پێکهاتەکانیەتی ....
*ئەندامی دەزگای هەڵبژاردن
26\3\2021

 

 

 

 

© 2017 Hawler