تشرینی دووەم 26, 2020

کازمی: رێککەوتووین لەسەر پێدانی بڕە پارەیەکی سادە بە هەرێمی کوردستان تاوەکو پەسندکردنی بودجە

سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە پەرلەمانتاران دەکات "ناکۆکییە سیاسییەکان رەنگدانەوەو کاریگەرییان لەسەر بژێویی خەڵک نەبێت". لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغداش دەڵێت "رێککەوتووین تاوەکو پەسندکردنی بودجە پارەیەکی سادە بنێرین"، کە مەبەستی 320 ملیار دینارەکەیە. 
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوای کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی سازکرد، کە درەنگانی شەوی سێشەممە کەناڵی فەرمی عێراقییە بڵاویکردەوە. بەشێکی قسەکانی کازمی تایبەت بوو بە رەوشی دارایی عێراق و رێککەوتنەکانی هەولێر و بەغدا.
 
کازمی لە قسەکانیدا باسی لە تێپەڕاندنی یاسای قەرز بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە لە پەرلەمانی عێراق بەبێ خواستی کورد کرد، گوتی "ئێستا یاسای قەرز زۆر کاری حکومەتی پەکخستووە،  لێرەدا باسی ناکەم، بە راشکاوانە دەڵێم هیوادارم لە برایانی پەرلەمان، ناکۆکی سیاسی رەنگنەداتەوە لەسەر بژێوی گەل، جا کورد بێت یان عەرەب بێت".
 
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، پەرلەمانی عێراق بەبێ رەزامەندیی کورد، پرۆژەیاسای قەرزی بۆ کورتهێنانی بودجە پەسندکرد. بەپێی یاساکە هیچ پشکێک لەو قەرزە بۆ هەرێمی کوردستان دیارینەکراوە، هاوکات رادەستکردنی هیچ بڕە نەوتێکیش لەسەر هەرێمی کوردستان نەسەپێنراوە، بەڵکو دانراوە کۆمپانیای سۆمۆ دیاریبکات، بۆیە بڕیارە هەرێمی کوردستان شاندێک بۆ گفتوگۆ بنێرێتە بەغدا. بیانووی پەرلەمانتارانی شیعە و بەشێکی سووننەکان لە تێپەڕاندنی ئەو یاسایە ئەوەیە، کە دەڵێن هەرێمی کوردستان هیچ داهاتێکی نەداوەتە حکومەتی عێراق.
 
مستەفا کازمی لەو بارەیەوە دەڵێت "بەڵێ هەڵە هەیە و هەندێک شت هەیە لە پەیوەندییەکانی بەغدا و هەرێم، بەڵام داوادەکەم بازرگانی بە بژێوی گەل نەکرێت، ئەمڕۆ ئێـمە شەڕیان پێدەفرۆشین سبەینێ ئەوان شەڕمان پێدەفرۆشن و زیان بە پێدانی مووچە دەگات. هاووڵاتیان بەهیچ شێوەیەک ناتوانن هەڵەی سیاسی لە ئەستۆبگرن، پێویستە هاووڵاتی بەتەواوی لەمە بەدووربن. نابێت مووچە ببێتە ماددەیەک بۆ کێشانەوەی پارە، ئەمە حەرامە".
 
لەبارەی بەردەوامی دانوستاندنەکانی هەولێر و بەغدا، کازمی رایگەیاند "دانوستاندن بەمنزیکانە دەکرێت و پێشتریش هەبووە و  بەردەوامە، پێشتر رێککەوتین لەسەر پێدانی بڕە پارەیەکی سادە تاوەکو یاسای بودجەی 2021 پەسند دەکرێت. کەمتر لە مانگێک کوتلە سیاسییەکان بەوپەڕی جیدییەتەوە کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم ئاستەنگییەکان، دانووستاندنی نێوان کوتلە سیاسییەکان مافێکی سرووشتی کوتلە سیاسییەکانە کە قسەیان لەسەر بودجە هەبێت، بەڵام بەپێی بەرژەوەندی عێراق بێت".
 
لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیران، کازمی داوای لە وەزارەتی دارایی و وەزارەتەکانی دیکە کرد، پەلە بکەن لە پێشکێشکردنی بودجەی ساڵی 2021، بەڵام ئەم هەفتەیە هۆشداریی دا و گوتی "هۆشداری دەدەم، ئەگەر بودجەی ساڵی 2021 پەسند نەکرێت، ئەوا لە مانگی یەک رووبەڕووی کێشەی مووچە دەبینەوە، هەر لە ئێستاوە ئەوە دەڵێین، دواتر نەڵێن حکومەت بۆچی مووچە نادات. ئێستا بابەتەکە روونە، کە ئەویش ئەوەیە ئامادەین مووچە دابینبکەین، بەڵام دەبێت بودجە هەبێت و دەنگی لەسەر بدرێت".
دواترین دەستکاریکردن لەسەر چوار شەممە, 18 تشرینی دووەم 2020 08:37
© 2017 Hawler