ئەیلول 19, 2021

بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان: لە دهۆک ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن تەواو بوونە

ڕائیب جادر - هە‌ولێر

 

بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە سنووری دهۆک ٨٢٧ هەزار دەنگدەر هەن، لە رێگەی ٤١ بنکە و تیمی گەڕۆک کارتەکانی دەنگدان دابەش دەکەین، تا ئێستا ٩٠% خەڵکی ئەو پارێزگایە کارتەکانی خۆیان وەرگرتووە، تەنیا ٦٧ هەزار کارت ماون ئەوانیش لەو چەند رۆژەدا دابەش دەکەین.

بەپێی بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق هەر دەنگدەرێک بەشداریی بایۆمەتریی کردبێت و کارتی دەنگدان وەرنەگرێتەوە مافی دەنگدانی نابێت لە هەڵبژاردنی عێراقدا، کە بڕیارە رۆژی ١٠/١٠/ ٢٠٢١ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرێوە بچێت.
خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ "هەولێر" دیار کرد: "دەنگدەر دەتوانێت بە کارتی بایۆمەتری و کارتی کورتخایەن دەنگ بدات، ئەوەی بە کارتی کورتخایەن دەنگ دەدات، پێویستە بە هەر ١٠ پەنجە مۆر بکات و کارتەکەیشی لێ وەردەگیرێتەوە.
بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەشڵێ:" ئامادەکاریی زۆر باشمان کردووە بۆ هەڵبژاردنەکان و خولمان کردووەتەوە، لە سنووری پارێزگای دهۆک ٤١ بنکەی کۆمسیۆن هەن، لەگەڵ تیمی گەڕۆک لە کۆی ٨٢٧ هەزار دەنگدەری دهۆک ڕێژەی ٩٠%ی دەنگدەرانی دهۆک کارتەکانیان وەرگرتۆتەوە، ئێستا تەنیا ٦٧ هەزار کارت لای کۆمسیۆن ماون رۆژانە ٣ هەزار کارت دابەش دەکەین، لەو ماوەی کە ماوە کە تا سەرەتای مانگی ١٠ـەیە ئەو کارتانەی ماون ئەوانیش دابەش دەکەین، داواش لە هاووڵاتییان دەکەین کارتی دەنگدانیان وەربگرنەوە، بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لە دەنگدان.
خالد عەباس ڕوونی کردەوە:" پارێزگای دهۆک لەسەر ئاستی عێراق یەکەمە لە دابەشکردنی کارتدا، واتە زۆرترین کارتی بایۆمەتری لە سنووری پارێزگای دهۆک دابەش کراوە و پێشبینی دەکرێت ڕێژەی وەرگرتنەوەی کارت لە دهۆک زۆر زیاد ببێت".
بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاشکراشی کرد:" هەڵمەتی هەڵبژاردن لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستی پێکردووە، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەمان پێکهێناوە ئەگەر لایەنێک سەرپێچی بکات بەپێی ئەو رێنمایانەی هەن سزا دەدرێت، کە تا ٧ی مانگی داهاتوو لایەنەکان ئازادن دەتوانن بانگەشە بکەن، هەروەها هەندێک شوێنمان دەسنیشان کردوونە پێویستە دوور لەو شوێنانە وەکو بنکەی کۆمسیۆن، قوتابخانە، نەخۆشخانە و مزگەوتەکان بانگەشەی خۆیان بکەن، ئەوەی دیکە کاندید ئازادە لە کوێ بانگەشە بۆ خۆی دەکات".
خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتیشی: "لە بابەتی ئاوارەکان کێشەمان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە تا ئێستا ئاڵیەتی دەنگدانی ئاوارەکان بۆ ئێمە نەهاتووە، کار لەسەر ئەوەش دەکەین بۆ ئەو بابەتە بەغدامان ئاگادار کردۆتەوە، بۆ ئەوەی بە پەلە چارەسەرێک بۆ ئەو بابەتە بدۆزنەوە، کە ٨٠ هەزار ئاوارە لە سنووری دهۆک هەن، کە لە رێگەی ٣١ بنکەی دەنگدان و ١٦٨ وێستگە دەنگ دەدەن".

© 2017 Hawler