ئەیلول 19, 2021

تیرۆریستان لەبەرەبەری هەڵبژاردن چالاکییەکانیان چڕ دەکەنەوە

سلێمان تاشان - هەولێڕ

ماوەیەکە تیرۆریستانی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دی جموجۆڵ و هێرشە تیرۆریستییەکانیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم زیاتر کردووە و، ئەو جموجۆڵانەش لەوەتەی ساڵی ٢٠١٧ـەوە کە کۆتایی داعش راگەیەنرا بێوێنە بووە. دواجار بەغدا بۆ دابینکردنی ئاسایش لەم ناوچانە دەیەوێت لەگەڵ پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێم هەماهەنگی بکات و پلانی هاوبەش بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان و دابینکردنی ئاسایشی بنکەکانی دەنگدان دابڕێژن.

زۆرترین جموجۆڵی داعش لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک و دیالە بووە و زیاتر لەو شوێنانە تیرۆریستان پەرەیان بە هێرشە تیرۆریستییەکانیان داوە کە بۆشایی ئەمنییان هەیە. لە چەند رۆژی رابردوودا تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر گوندێکی خاڵس و تەنانەت بنکەیەکی سەربازییان کۆنترۆڵ کرد و سێ کەسیشیان کوشت و پاشان چوونە ناو گوندەکەوە.
عەبدولخالق عەزاوی، ئەندامی لیژنەی ئەمنی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی داوە نۆ گوند هەن کە دانیشتووانەکەی چۆلیان کردووە و چەکدارانی داعش کردوویانەتە مۆڵگەی خۆیان. لە هێرشێکی تردا کە کرایە سەر گوندی خەتاب لە باشووری مووسڵ، کوێخای گوندەکەیان کوشت و دوای فریاکەوتنی هێزەکانی عێراق دیسان شەڕ لە نێوان تیرۆریستان و پۆلیسی فیدراڵی دروست دەبێت و بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک چوار ئەفسەر کوژران و سێی دی بریندار بوون.
هەر سەرەتای ئەم هەفتەیە لە کەرکووک هێرشێکی تیرۆریستی رووی دا و بە هۆیەوە حەوت پۆلیس گیانیان لەدەست دا، تیرۆریستان لە نزیک رەشاد توانیان دەست بەسەر بنکەیەکی پۆلیسی فیدراڵی دابگرن.
پێویستە بگوترێت لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ و کەمتر لە مانگێکی تر هەڵبژاردنی پەرلەمان لە عێراق بەڕێوە دەچێت و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەستیان بە بانگەشەکانی هەڵبژاردن کردووە.
ئەوەی ئاشکرایە دابینکردنی ئاسایشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە کە پاش رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە هەر لە لایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە بەڕێوە چووە و، بێتواناییان لە دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە هۆکار بووە، دواجار حکوومەتی عێراقیش بەو قەناعەتە بگات بەبێ هێزی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک ئاسایش و ئارامی لەو ناوچانە دابین ناکرێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا کۆمیتەی باڵای دابینکردنی ئاسایشی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کەوتە گفتوگۆ بۆ ئەوەی بە یەکەوە بتوانن ئاسایشی هەڵبژاردن لەم ناوچانە دابین بکەن.هەفتەی رابردوو عەبدولئەمیر شمری سەرۆکی لیژنەکە لەگەڵ کۆمەڵێک فەرماندەی سەربازی هاتنە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنیی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی ناوخۆ کۆ بوونەوە.
ئەوان باسیان لە دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی هاوبەش کردوە بۆ ئەوەی بە یەکەوە بتوانن ئاسایشی هەڵبژاردن دابین بکەن. میادە نەجار نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئەلعەرەبیە جەدیدی گوتووە، لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان ئامادەیی تەواویان هەیە لە هەڵبژاردن لە ناوچە کوردستانییەکان بەشداری بکەن و چاویان لەوە هەیە ئاسایش لەوو ناوچانە دابین بکرێت و زۆرترین کورسی مسۆگەر بکەن.
پێشتر بەغدا و هەولێر لەسەر دامەزراندنی شەش بنکەی هاوبەشی سەربازی و ئەمنی رێککەوتبوون کە لە هیزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێک دێت و ئاسایشی ناوچە کوردستانییەکان دابین دەکەن و بەشێک لەو بنکانە دستیان بە چالاکییەکانیان کردووە.
ئەوانەی هیرشی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن تەنیا داعش نین و گرووپی تری تیرۆریستیش دەستیان بە چالاکییەکانیان کردووەتەوە. هەر لەچەند رۆژی رابردوودا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بنکەی سەربازیی هاوپەیمانان بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کرایە ئامانج هەرچەندە هیچ زیانێکی نەبوو بەڵام بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی بکەرانی بەردەوامە.
سەرچاوەی ئەو هێرشانەش بۆ بۆشایی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکان دەگەڕێتەوە و بۆیەش لەو کاتەوە گەشتی هاوبەش لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە بەشیک لەو ناوچانە دەستی پێ کردووە. ئەندامێکی لیژنەی ئەمنی پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کردووە بۆ ئەو مەبەستە ژوورێکی هاوبەشی هەواڵگرییش دامەزراوە.

 

© 2017 Hawler