ئەم پەڕەیە چاپ بکە

گرووپە چەکدارەکان لەم ساڵدا ٥٠ هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان

سەرەڕای ئەوەی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، ئەرکیان لە عێراق دەگۆڕن، بە هیچ شێوەیەک نەیانگوتووە لەو وڵاتە دەچنە دەرێ و بەجێی دێڵن، بەڵام بەشێکی گرووپە چەکدارە شیعەکان بەتایبەت ئەوانەی نزیکی ئێرانن، لە ئێستاوە ڕۆڵی ئەوە دەگێڕن کە ئەمریکا لە عێراق بچێتە دەر، حکوومەتی عێراق دەڵێ تەنیا هێزی شەڕکەری ئەمریکی لە عێراق دەکشێنەوە، هاوکاریی لۆجستی و راهێنان و هەواڵگری لە ئەمریکاوە بۆ عیراق بەردەوام دەبێت .

رۆژی دووشەممە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "لە کۆتایی ساڵدا چی دیکە بەشێک نابین لە ئەرکە جەنگییەکانیان شەڕکردن لە عێراق."، بایدن کە هەفتەی رابردوو پێشوازیی لە کازمی کرد باسی کشانەوەی هێزی شەڕکەری ئەمریکای کرد، سوپای ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هاوکاری و راهێنان بە سوپای عێراق، لەوانەش هاوکاریی هەواڵگری، ئەوەش شکستی داوا و داخوازی گرووپە چەکدارەکانە کە ئەمریکا بە تەواوی لە عێراق بکشێتەوە .
هاوپەیمانیی فەتح کە باڵی سیاسیی حەشدی شەعبییە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "هەنگاوەکەی ئیدارەی ئەمریکا بە ئەرێنی دادەنێن بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری بۆ عێراق، هیوادارە لە واقیعدا رەنگدانەوەی هەبێت و بە کردار جێبەجێ بکرێت" .
سەربازانی ئەمریکا لە ساڵی 2014 دا، سێ ساڵ دوای کشانەوەییەکجارەکیی هێزەکانیان، لەسەر داواکاریی حکوومەتی عێراق بانگهێشت کران بۆ وڵاتەکە تاوەکو هاوکار بن لە شەڕی دژی داعشدا. ئەوان ٨ ساڵ لە عێراق مانەوە لە نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2011 لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق، حكوومەتی عێراق داوای هاوکاریی لە ئەمریکا کرد تاوەکو رێگە نەدات داعش شوێن و ناوچەی دیکە بگرێت .
لە ساڵی 2017 دا عێراق سەرکەوتنی سەربازی بەسەر داعشدا راگەیاند، بەڵام ئەو گرووپە چەکدارە توندڕەوە بەردەوامە لە چالاکی و کارەکانی و لە ناوچە جێناکۆکەکان رۆژانە هێرش دەکات، ئێران و ئەمریکا هەردووکیان رۆڵیان هەیە لە عێراق هەردووکیشیان بە حكوومەتی عێراق گوتووە دەیانەوێت داعش لە عێراقیەکجارەکی بشکێت، بەڵام لە زۆر پرسی دیکە ناکۆکن و کێشەیان هەیە و ئەوەش رەنگدانەوەی خراپی لەسەر عێراق هەبووە .
گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نزیکەی ٥٠ هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان .
لە ساڵی رابردووەوە رۆڵی سەربازانی ئەمریکا لە عیراق کە ئێستا ژمارەیان ٢٥٠٠ سەرباز دەبێت تەنیا مەشق و راوێژ و راهێنان بووە بە سوپای عێراق و پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش، ئێستا سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێ دووبارە رۆڵەكەیان رێک بخاتەوە،کۆبوونەوە دووقۆڵییەكەی نێوان بایدن و کازمیی جەخت لە بەردەوامی ئەو راهێنان و هاوکارییانە کرایەوە، بەڵام بەشێکی گرووپە چەکدارە توندڕەوەکان داوای کۆتایی هاتنییەکجارەکی ئەمریکا دەکەن لە عێراق ئەوەش بەلای حكوومەت و بەشێکی لایەنەکان ئەستەمە روو بدات لە هەرێمی کوردستانیش سەرکردایەتیی کورد لەگەڵ مانەوەی هاوپەیمانانە، بەتایبەت کە هێرشی داعش لە ناوچە جیاوازەکان بەردەوامە و هێشتا داعش کۆتایی نەهاتووە تاوەکو هێزی هاوپەیمانان بکشێنەوە.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەڵێ: "بەهۆی ئەو ناسەقامگیرییەی لە عێراق هەیە لەگەڵ نەبوونی رێکخستنییاسایی بۆ هێزە سەربازییەکان و بوونی گرووپی زۆری چەکدار لە دەرەوەییاسا و بەهێزبوونەوەی داعش وایان کردووە، هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەرچوونی هاوپەیمانان نەبێت لە وڵاتەکە".
کەمتر لە ٥ مانگی ماوە ئەو وادەیە کۆتایی بێت، كە ئەمریکا و عیراق دایانناوە بۆ کشانەوەی سەربازانی شەڕکەر، بەڵام قسەی زۆرینە ئەوەیە کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریی سوپای عیراق و پێشمەرگە، هەفتەی رابردووش تەنیا لە چەند رۆژێکدا دوو کاروانی هاوکاریی سەربازیی گەیاندە هێزەکانی پێشمەرگە.