ئەیلول 19, 2021

دارکامازی: پەکەکە ڕێکخراوی تایبەتی هەیە لە کەمپی مەخمور بۆ لەخشتەبردنی لاوان و چەکدار کردنیان

پەکەکە لەسەر کارە قێزەونەکانی لە کوردستان بەردەوامە و ڕۆژبەڕۆژ زیاتر منداڵانی کورد بەرەو مەرگ پەلکێش دەکات. پەکەکە بە هەموو دامەزراوە و ڕێکخستنەکانییەوە هەوڵ دەدات کە مێشکی منداڵانی کورد ئاڵۆز بکات و لەپێناو بەرژەوەندییە تەسکە حیزبیەکانیدا، بیانکاتە قوربانی.

سەرجەم دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی سەر بە پەکەکە وەکوو دامەزراوەی شۆردنەوەی مێشکی منداڵانی کورد کار دەکەن، منداڵی کوردان لە بنەماڵە و شار و گوندەکانیان دادەبڕێت و لەناو ڕیزەکانی خۆیاندا وەکوو کۆیلەی سەردەمی ڕۆمی كەونارا بۆ پێکهێنانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان کاریان پێ دەکات.
یەکێک لەو ڕێکخراوانەی پەکەکە، ڕێکخراوی لاوان لە کەمپی مەخموورە کە بە "گەنجلیک" دەناسرێت، ئەو ڕێکخراوە لاوانی کورد رەوانەی ڕیزەکانی پەکەکە دەکەن و بۆخۆشیان لە کەمپی مەخموور پاڵیان لێ داوەتەوە و خەوتوون.
بە پێی زانیارییە تایبەتەکانی پێگەی "دارکا مازی" ڕیکخراوی لاوانی پەکەکە لە کەمپی مەخموور کە بە گەنجلیک دەناسرێت و، تایبەتە بە کار و چالاکیەکانی لاوان لەناو کەمپەکەدا، بەرپرسیاری سەرەکییە لە ناردنی لاوان بۆ ناو پەکەکە. ئەو ڕێکخراوە لەلایەن دەستەیەکی 4 کەسییەوە بەڕێوە دەبردرێت. ناوی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە بریتین لە: "عەلی شیر، ئارگەش، تەکۆشین و ڕەوشەن"، بارەگای ئەو ڕێکخراوە لەناو کەمپی مەخموور هەڵکەوتووە.
سەرچاوەکانی پێگەی "دارکا مازی" هەروەها ئاشکرایان کرد کە لە ماوەی رابردوودا، پەکەکە لە ڕێگای ئەو ڕێکخراوە و ڕێکخراوەکانی دیکەی پاشکۆیەوە، مێشکی زۆرێک لە لاوە کوردەکانیان شۆردۆتەوە، لە بنەماڵە و زێدی خۆیان دووریان خستوونەتەوە و پەلکێشی ڕیزەکانی خۆیانیان کردوون. دەزانرێت کە هەموو ئەو کەسانە لە ژێر تەمەنی 18 ساڵیدان و ئەوەش لەگەڵ یاسا نێونەتەوەییەکانی تایبەت بە مافەکانی منداڵان لە ناتەباییدایە.
هەندێک لەو منداڵانەی کە ئەمساڵ لە لایەن پەکەکەوە هەڵخەڵەتێندراون بریتین لە:
ـ کچێک بە ناوی دیدار محەمەد سەعید، لەدایک بووی ساڵی 2007. ئەو کچە قوتابی بووە و دانیشتووی گەڕەکی داڵانی شارۆچکەی خورماڵی سەر بە هەڵەبجە بووە. دیدار لە شەوی 16-17/4/2021 ون بووە و دواتر ئاشکرا بووە کە پەیوەندیی بە ڕیزەکانی پەکەکە لەناو سلێمانیدا کردووە و دواتر لە لایەن بنەماڵەکەیەوە گەڕێندراوەتەوە بۆ ماڵەوە.
ـ ئامەد عەبدوڵڵا، تەمەن 18 ساڵ، خەڵکی گوندی هیلالی سەر بە شارۆچکەی ئولودەر لە پارێزگای شرناخ. ئامەد لە ڕێکەوتی 4/5/2021 لە لایەن ڕێکخراوی لاوانەوە لە کەمپی مەخموور بە بێ ڕازیبوون و ئاگاداری بنەماڵەکەی ڕەوانەی شاخ کراوە. بنەماڵەکەی لەسەر ئەوە بابەتە دەسەڵاتدارانی پەکەکەیان ئاگادار کردۆتەوە کە لە ئەگەری نەگەڕاندنەوەی منداڵەکەیان کەمپی مەخموور بەجێ دێڵن و دەچنە شوێنێکی دیکە کە لە ژێر دەسەڵاتی پەکەکەدا نەبێت. تا ئێستا بنەماڵەی ئامەد نازانن کە کوڕەکەیان لە کوێیە و بۆ کوێ نێردراوە و هیچ پەیوەندییەک لە نێوانیاندا نەماوە. پەکەکە بە بنەماڵەی ئامەدی ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەیان بە دڵی خۆی تێکەڵ بە ڕیزەکانی پەکەکە بووە و بەڵێنی بە پەکەکە داوە کە لەناو پەکەکەدا چالاکی بکات.
ـ محەمەد سیروان کەمال، دانیشتووی گەڕەکی ڕاپەڕین لە شارۆچکەی چەمچەماڵ. لە ڕێکەوتی 12/1/2021 لە ماڵ چۆتە دەرەوە، لە دوای لێکۆڵینەوەی بنەماڵەکەی ئاشکرا دەبێت کە کە لە لایەن ڕێکخستنە نهێنییەکانی پەکەکەوە نێردراوەتە قەندیل. هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی ئەندامی پەدەکەن. بە پێی زانیارییەکانی پێگەی "دارکا مازی" لە لایەن بەرپرسێکی یەنەکەوە بە مەرامی ڕادەستکردنی ناوبراو بە بنەماڵەکەی پەیوەندیی بە بەرپرسێکی پەکەکە بە ناوی "هەڤاڵ ڕۆستەم"ەوە کراوە، بەڵام داواکەیان ڕەد کراوەتەوە.
ـ جوانڕۆ محەمەد زیاد، تەمەن 17 ساڵ، خەڵکی گوندی شێخ وەیسی. باوکی کادرێکی یەنەکەیە. لە ڕێکەوتی 21/1/2021 لە لایەن کەسێکەوە بە ناوی "هەڤاڵ خاڵی" کە فەرماندەیەکی پەکەکەیە لە سنووری شارۆچکەی ئاخچەلەر و بارەگایان لە ناوچەی چنارتوویە، نێردراوە بۆ دەورەی پەروەردەیی لە قەندیل.
ڕفاندن و هەڵخەڵەتاندنی منداڵانی کورد لە لایەن پەکەکەوە شتێکی تازە نییە. پەکەکە لەوەتەی دامەزراوە تا ئێستا بەردەوام یان منداڵانی کورد هەڵدەخەڵەتێنێت و تێکەڵ بە ڕیزەکانی خۆیان دەکات، یانیش بە داری زۆر ئەوان لەناو گوند و شارەکانی کوردستاندا دەڕفێنێت و لە چیاکانی کوردستان بە دەستی تورکیە بە کوشتنیان دەدات.

© 2017 Hawler