ئەیلول 19, 2021

هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە بۆ بە جینۆسایدناساندنی دۆسییەی ئێزدییەکان لە ئاستی جیهاندا

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵێکی خۆی داوە چ لە ناوخۆی عێراق و چ لە دەرەوەی وڵات جینۆسایدی ئیزدییەکان بە فەرمی بناسێنێت، هەرچەندە لە ئاستی ناوخۆیی و هەندێک وڵات سەرکەوتوو بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە عێراق لە دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان ئەندام نییە، ئەم دۆسیەیە لەو دادگا نێودەوڵەتییە نەجووڵێنراوە.

حەوت ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئێزدییەکان تێپەڕی، بەڵام هێشتا ئێزدییەکان بە دەستی برینی قووڵی لەدەستدانی ئازیزانیان دەناڵێنن. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش جگە لە سۆز هیچ هەنگاوێکی پراکتیکی بۆ ساڕێژکردنەوەی برینی ئیزدییەکان نەناوە. لە سێی ئابی ساڵی 2014 لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بە سەدان هەزار کەس لە ئێزدییەکان ئاوارە بوون و بە هەزارانیشیان بە بارمتە گیرانیان کوژران. ئەم رووداوە لە سەدەی نویێ زاینی یەکێک بوو لە کارەساتبارترین و دڵتەزێنترین تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی کە جیهانی هەژاند.
ئەوەی تا ئێستا بۆ ئیزدییەکان کراوە زیاتر لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە چ لە رووی خزمەت و داڵدەدانیان لە هەرێمی کوردستان و چ لە رووی هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی رفێنراوان و بەرەو پێشبردنی دۆسیەکەیان بۆ بە جینۆسایدناساندن لە دادگاکانی ناوخۆیی و جیهانی.
دوو ساڵ لەمەوبەر پەرلەمانی كوردستان، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی، پرۆژەبڕیاری بە جینۆسایدناساندنی ئێزدییەكانی، پەسەند كرد، بەوەش ڕۆژی سێی ئابی هەموو ساڵێك وەك ڕۆژی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان دادەنرێت و ئەویادە دەكرێتەوە.
ئەو کات بڕیار درا، جگە لە دیاریكردنی رۆژی كۆمەڵكوژیی ئێزدیەكان، قەرەبووی كەسوكاری قوربانیان بکرێتەوە و خۆشگوزەرانی بۆ ئێزدیەكان دابین بکرێ و چارەنووسی ئەو منداڵانەیش بەهۆی ئەم كارەساتەوە کە بێ‌ دایك و باوك ماون دیاری بکرێت.
لە هێرشەکەی ساڵی 2014 داعش زیاتر لە شەش هەزارو 500 ژن و منداڵ و پیروپەككەوتەیان بێسەرشوێن كرد، كە تاوەكو ئێستایش چارەنووسی هەزارانیان نادیارە.
ئێزدییەکان دوای هێرشەکە رووبەڕووی ئاوارەیی، برسێتی، راوەدوونانی و کۆمەڵێک کیشەی تر بوونەوە و داعش دەیویست تەواوی ئەو خەڵکە لەناو بەرێت چونکە پێی وایە ئەوانە موسڵمان نین و دەبێت لەناو ببرێن. داعش بە هەزاران کەسی کوشتن و لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان حەشاری دان و گەورەترین تاوانی دژی ئیزدییەکان ئەنجام دا.
دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری، بەدەیان گۆڕی بە کۆمەڵ لەو ناوچەیە دۆزراونەتەوە و دواین ژمارەی گۆرە بە کۆمەڵەکان 82 ە کە بەشێکیان تاوەکو ئێستا هەڵنەدراونەوە و بوونی ئەو ژمارە زۆرەی گۆڕی بەکۆمەڵ دەرخەری ئەو راستییەیە کە تاوانی جینۆسیاد دژی ئەوان كراوە..
حکوومەتی هەرێمی کوردستان چ لە رێگەی رێکخراوەکان و چ لە رێگەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان هەوڵی داوە بەڵگەی پێویست بۆ تاوانی جینۆسایدی ئیزدییەکان بدۆزێتەوە بەڵام دوای ئەوەی حەشدی شەعبی بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکان و لەوانەش شنگالی داگیر کرد ئیزدییەکان نەک خۆیان وەک پێویست نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان بگرە نەیانتوانیوە بە ئاسانی لە چارەنووسی بێسەروشوێێنەکانیشیان بکۆڵنەوە.
لە ئاستی نێودەوڵەتیش بە هۆی ئەوەی کە عێراق لە دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان ئەندام نییە، دۆسیەکە لە دادگای لاهای وەرناگیرێت و حکوومەتی عێراق سەرەڕای ئەوەی کە بە قسە پشتگیری کردوون بەڵام بە پراکتیک نایەوێت دۆسیەکە بەرەو پێش بچێت.
بەهمەن کاک عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی کاروباری شەهیدان و ئەنفال و جینۆساید لە پەرلەمانی کوردستان بۆ هەولێر ئاماژەی دا وەک هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵیکیان داوە تا وڵاتانی تر هاوشێوەی پەرلەمانی بەلجیکا جینۆسایدی ئیزدییەکان بە فەرمی بناسێنن.
ناوبراو دەڵێ چاوەڕوانیان لە حکوومەتی عێراقیش هەیە بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بۆ بە جینۆسایدناساندنی ئەنفال و کیمیاباران جێبەجێ بکات، چونکە ئەم بڕیارە دواین تاوانی جینۆسایدی ئێزدییەکانیش دەگرێتەوە و ئەرکی حکوومەتی عێراقە قەرەبووی تەواوی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بکاتەوە.
هاوکات ئاماژەی دا هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ ئەوەی عێراق لە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان ببێتە ئەندام و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەو تاوانە دژە مرۆڤایەتییەی دەرحەق بە ئێزدییەکان کرا بە جینۆساید بناسێنرێت.
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان جگە لە دەربڕینی سۆز و هەندێک جاریش راگەیاندنی راپۆرت هیچ هەنگاویکی پراکتیکی نەناوە بۆ ساڕێژکردنەوەی دەرد و برینی ئیزدییەکان.
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە پێویستی زانیوە پاڵپشتی لەم قوربانیان بکرێت و تاوانبارانیش سزا بدرێن و داوای لە عێراقیش کرد بەرپرسیارانە بەرانبەر بەم پرسە بجووڵێتەوە .
بەپێی دواین ئامارەکان 360 هەزار كوردی ئێزیدی بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە ئاوارە بوون، ئێستا 150 هەزار ئاوارەی كوردی ئێزیدی گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان . بەهۆی ئەو كوشتارەی داعش دوو هەزار و 745 منداڵی كوردی ئێزیدی بێباوك مانەوە. هاوکات نزیكەی 100 هەزار كوردی ئێزدی پەنایان بۆ وڵاتانی دەرەوە بە تایبەت وڵاتانی ئەورووپا بردووە، چەكدارانی داعش شەش هەزار و 417 كوردی ئێزیدییان رفاندووە و لەوانەش سێ هەزار و 548 یان پیاو و منداڵی كوڕ بوون و دوو هەزار و 869شیان ژن و منداڵی كچ بوون.

© 2017 Hawler