ئەیلول 19, 2021

ساسان عەونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار: خەرجیی دابینکردنی ئاو بۆ هاووڵاتیان ٩٠ ملیار دینار لەسەر حکوومەت دەکەوێت کە ئەمەش لە ئاستی ستاندارد زیاترە

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەم دیمانەیەدا باس لە پڕۆژە و کار و چاکسازی لە دوو ساڵی ڕابردوو و هەنگاوەکانی ئایندەی وەزارەتەکەی دەکات:

ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، له‌باره‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌زاره‌ت، گوتی:خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار به‌سه‌ر چوار سێكته‌ردا دابه‌ش بووه:
یه‌كه‌م: سێكته‌ری شاره‌وانی، بواره‌كانی كۆكردنه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاك، شه‌قام و ڕێگه‌وبان، شۆسته‌ی ناو شاره‌كان، ڕووبه‌ری سه‌وازیی و پاركه‌كان و نه‌خشه‌دانانی ئاوه‌دانی، به‌ڕێوه‌بردنی زه‌ویوزار و بواری مۆڵه‌تی بینا و بواری دیكه‌یش له‌ خۆ ده‌گرێت.
دووه‌م:سێكته‌ری ئاو و ئاوه‌ڕۆ کە ئه‌ركی دابینكردنی ئاوی خاوێنه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئاوی سه‌رزه‌وی و ژێرزه‌وی و دروستكردنی تۆڕی گه‌یاندنی ئاو و ئاوه‌ڕۆ بۆ هه‌موو ماڵێك.
سێیه‌م: سێكته‌ری گه‌شتوگوزار، به‌ڕێوه‌بردن و دیاریكردنی خاڵ و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان له‌ سه‌راسه‌ری هه‌رێمی كوردستان و گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان بۆیان، هاوكات سه‌رپه‌رشتیكردنی شوێنه‌ ئه‌هلییه‌كان كه‌ ئه‌مه‌یش سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی داهاتی هه‌رێمی كوردستانه‌.
چواره‌م: سێكته‌ری شوێنه‌وار کە ئه‌ركی پاراستن و لێكۆڵینه‌وه‌ و دۆزینه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌كانی كوردستانه‌. لایه‌نی شوێنه‌وار یه‌كێك له‌ لایه‌نه‌ بایه‌خپێدراوه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانە، به‌تایبه‌ت پاراستنی شوێنه‌واره‌كان و دروستكردنی مۆزه‌خانه‌ی شیاو.
ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، سه‌باره‌ت به‌ خزمه‌تگوزارییه‌ ڕۆژانەییە‌كان باسی لەوە کرد کە دابینكردنی ئاوی خاوێن له‌ ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاره‌، هه‌روه‌ها هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی خاشاك و پاكوخاوێنڕاگرتنی شار و شارۆچكه‌ و شاره‌دێكان، نۆژە‌نكردنه‌وه‌ و دروستكردنی شه‌قام و شۆسته‌كان، پاكڕاگرتنی سه‌وازیی و پارك و باخچه‌كان و ئاوه‌ڕۆ، ئه‌مانه‌ هه‌موویان ڕۆژانه‌ خه‌رجییه‌كی زۆر له‌سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دروست دەکەن، له‌ به‌رانبه‌ردا له‌ ڕێی ڕسووماته‌وه‌ كه‌متر لە ٥%‌ـی له‌ هاووڵاتییان وه‌ر ده‌گیرێته‌وه‌ کە ڕێژەیەکی زۆر کەمە.
ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ده‌ریده‌خه‌ن، لە دوو ساڵی ڕابردوودا، ٢٦٥ ملیار دینار له‌ كۆكردنه‌وه‌ی خاشاك خه‌رج كراوه‌. واته‌ مانگانه‌ زیاتر له‌ ١١‌ ملیار دینار بۆ خاوێنكردنه‌وه‌ی شار و شارۆچكه‌كان خه‌رج ده‌كرێت.
وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، ئاماژە‌ی به‌وه‌شكرد کە حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ساڵانه‌ زیاتر له‌ ٣١١ ملیار دینار بۆ دابینكردنی ئاوی خاوێن خه‌رج ده‌كات. كه‌ مانگانه‌ زیاتر له‌ ٧٠ملیۆن سێجا ئاو دابین ده‌كرێت، كه‌ ئه‌م ڕێژە‌یه‌یش زۆر زیاتره‌ له‌ ئاستی ستانداردی جیهانی.
به‌پێی داتاكانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگو‌زار، ته‌نها له‌ ڕۆژێكدا نزیكه‌ی ٢٤٠ ملیۆن دینار به‌هۆی به‌فیڕۆدانی ئاوی خاوین ده‌ڕوات كه‌ ساڵانه‌ نزیكه‌ی ٩٠ ملیار دینار به‌فیڕۆ ده‌چێت.
ساسان عه‌ونی، باسی لەوەش کرد کە له‌ ته‌واوی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان زیاتر له‌ ١٢٠٠ پاركی گه‌وره‌ و بچووك هه‌ن‌ كه‌ به‌رده‌وام پێویستیان به‌ دابینكردنی ئاو و پاكڕاگرتن و پاراستن هه‌یه‌.
ساسان عه‌ونی، ئاماژە‌ی به‌به‌شێك له‌ پڕۆژە خزمه‌تگوزارییه‌‌ گه‌وره و ستراتیژیانە کرد کە لە دوو ساڵی ڕابردوو کاریان لەسەر کردوون کە ئەویش ئه‌نجامدانی ٥١٩ پڕۆژە‌ی گه‌وره‌ و مامناوه‌ند بووە به‌ گوژمه‌ی ٣ ترلیۆن و ٣٤٠ ملیار دینارە كه‌ هه‌ندێكیان ته‌واو بوونه‌ و هه‌ندێكی دیكه‌یشیان له‌ ژێر جێبه‌جێكردندان.

پڕۆژە‌كان پێكدێن له‌وانه‌:
ـ ته‌واوكردنی چه‌ند پڕۆژە‌یه‌كی ئاو و ئاوه‌ڕۆ له‌ سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌
ـ دواقۆناغی پڕۆژەی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری له‌ هه‌ولێر
ـ به‌شی یه‌كه‌م له‌ قۆناغی شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری بازنه‌یی له‌ هه‌ولێر
ـ به‌شی یه‌كه‌م له‌ پڕۆژه‌ی شه‌قامی ١٠٠ مه‌تری له‌ سلێمانی
ـ جێبه‌جێكردنی پڕۆژە‌ی ستراتیژیی ئاوی ئاكرێ
ـ واژۆكردنی ٣٢ گرێبه‌ستی تایبه‌ت به‌ كۆكردنه‌وه‌ و گواستنه‌وه‌ و خاوێنكردنه‌وه‌ی شار و شارۆچكه‌ و گونده‌كان
-چه‌ندان پڕۆژە‌ی ئاو و كڕینی مه‌وادی پاككه‌ره‌وه‌ و بواره‌كانی دیكه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان بۆ خزمه‌تكردنی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بووه‌.
ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، باسی لەوە کرد کەله‌ژێر په‌یامی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، کاری جدییان بۆ چاكسازی ڕیشه‌یی له‌ ڕێی شه‌فافییه‌ت و كاركردن و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و ئاسانكاریكردن بۆ مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتیان ئەنجام داوەوەک:كاركردن بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسا په‌یوه‌ندییداره‌كان،گۆڕانكاریی پێویست له‌ سه‌رجه‌م جومگه‌ ئیداری و ناوه‌نده باڵا‌كان،پێداچوونه‌وه‌ و نوێكردنه‌وه‌ی ماسته‌رپلانی سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كان،پێكهێنانه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نه‌كانی شاره‌وانی،به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی داتا و زانیارییه‌كان،ئه‌نجامدانی كۆنفڕانس بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ و زیادكردنی داهاته‌كانی وه‌زاره‌ت،دانانی هێڵی گه‌رمی ڕاسته‌وخۆ بۆ هاووڵاتییان و گۆڕانكاری له‌ په‌یكه‌ری کارگێڕی و ده‌یان ڕێكاری دیكه‌ی چاكسازی
ساسان عەونی سەبارەت بە ڕوانگه‌ و دیدگه‌ی وه‌زاره‌تەکەی بۆ ئایندە،گوتی: "وێڕای به‌رده‌وامی خزمه‌تگوزارییه‌كان، ئامانجی گه‌وره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بریتییه‌ له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌، چونكه‌ هاووڵاتییان چه‌قی بایه‌خپێدانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانن و به‌رده‌وام شایسته‌ی زیاترن. هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ پلانمان ئه‌وه‌یه‌ سبه‌ی له‌ ئه‌مڕۆ باشتر بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ژماره‌یه‌ك پڕۆژە‌ی ستراتیژیمان له‌ هه‌موو سێكته‌ره‌كان له‌به‌رده‌ستدایه‌ كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین جێبه‌جێیان بكه‌ین. هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌ سێكته‌ری ئاودا گرفتی كه‌مئاوی نه‌مێنێت و زیاتر بایه‌خ به‌ دابینكردنی ئاوی سه‌رزه‌وی بده‌ین، شه‌قام و شۆسته‌ی كۆڵانه‌كانی شار و شارۆچكه‌كان قیڕتاو بكرێن و شه‌قامی گه‌وره‌ له‌ هه‌موو شار و شارۆچكه‌كان دروست بكه‌ین. هه‌وڵ ده‌ده‌ین رێژەی سه‌وازیی زیاد بكرێت، كاری رژد و سه‌ره‌كیمان بۆ چاره‌سه‌ركردنی خاشاكه‌ له‌ دوای كۆكردنه‌وه‌یان، چونكه‌ ژینگه‌ی كوردستان شایانی ئه‌وه‌یه‌ به‌ پاكوخاوێنی بمێنێته‌وه‌. ڕۆتینی مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتییان كه‌م بكرێته‌وه‌ و هاووڵاتییان بتوانن به‌ كه‌مترین ماوه‌ مامه‌ڵه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن. ڕێگری ده‌كه‌ین له‌ زێده‌ڕۆیی بۆ سه‌ر موڵكی گشتی، ئه‌و موڵكه‌ گشتیانه‌یشی كه‌ تا ئێستا‌ وه‌ك پێویست به‌كار نه‌هاتوون، هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌ ڕێكاره‌ یاساییه‌كان باشترین به‌كارهێنانیان بۆ بكرێت".
کەمئاوی مەترسییەکی گەورەیە کە ئەگەری هەیە ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکات، هەر بۆیە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمبارەوە ‌داخداری دەربڕی لەوەی کە‌ ئه‌مساڵ به‌ هۆی كه‌مبارانبارینه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی وشكه‌ساڵی بووینه‌تەوه‌ کە ئەمەش كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی هەبووە و هەیە له‌سه‌ر دابه‌زینی ئاستی ئاوی سه‌رزه‌وی و ژێرزه‌وی، بۆیە گوتی "حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پلانێكی ته‌واوی داناوە بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌، به‌ڵام باشتر وایه‌ به‌ داتا و زانیاریی بۆ هاووڵاتیان ڕوونی بكه‌ینه‌وه‌. حكوومه‌ت ساڵانه‌ ٣١١ ملیار دینار له‌ دابینكردنی ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌ بۆ هاووڵاتیان خه‌رج ده‌كات، كه‌ مانگانه‌ ٧٠ ملیۆن مه‌تر سێجا له‌ ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت. له‌ كوردستان رێژە‌ی ئه‌و ئاوه‌ی به‌رهه‌م ده‌هێنرێت زۆر به‌رزتره‌ له‌و ستاندارده‌ جیهانییه‌ی كه‌ وه‌ك رێژە‌ بۆ تاكی هاووڵاتی دابین كراوه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هه‌ده‌ردانی ئاو هه‌یه‌،هه‌روه‌ها رێگه‌گرتن له‌ به‌هه‌ده‌ردانی ئاو وا ده‌كات خه‌رجییه‌كانی حكوومه‌ت كه‌م ببێته‌وه‌، ئه‌و خه‌رجییانه‌ی له‌ ئێستادا له‌سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌كه‌وێت ڕۆژانه‌ ٢٤٠ ملیۆن دیناره‌ كه‌ ساڵانه‌ ده‌گاته‌ ٩٠ ملیار دینار. بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی سه‌رۆكوه‌زیران ڕە‌زامه‌ندی دا له‌سه‌ر ته‌رخانكردنی بودجه‌یه‌كی ته‌واری به‌ بڕی ٢ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دینار، كه‌ ده‌خرێته‌ به‌رده‌ست سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كانی ئاو له‌ هه‌موو هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت له‌ هه‌ر شوێنێك گرفتی دابینكردنی ئاو هه‌بوو بێگه‌ڕانه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و وه‌زاره‌تی دارایی راسته‌وخۆ بتوانن ئه‌و گرفتانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ وه‌كو قۆناغی یه‌كه‌می بودجه‌ی ته‌وارییه‌، كه‌ سه‌رۆكوه‌زیران خودی خۆی سه‌رپه‌رشتی ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كات و له‌ خه‌می هاووڵاتیاندایه‌، هیوداریشین بتوانین له‌ میانی ئه‌و پلانه‌وه‌ قۆناغی وشكه‌ساڵی تێپه‌ڕێنین و دابینكردنی ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌ بۆ هاووڵاتیان ئاسایی ببێته‌وه‌."

© 2017 Hawler