ئەیلول 19, 2021

سێی ئاب رۆژی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان

لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ داعش ھێرشی کردە سەر شارۆچکەی شنگال و کۆمەڵکوژییان بەسەر ئەو شارەدا ھێنا. زیاتر لە ٦ ھەزار کەسیان ڕفاند و ٣٦٠ ھەزار کەسیش ئاوارەی ھەرێمی کوردستان کران و ١٠٠ ھەزاریشیان ئاوارە کران و زیاتر لە ھەزار و ٢٠٠ کەسیش کوژران و ھەموو مەزارگە و شوێنە ئایینییەکانیش لەنێو بران و زیاتر لە ٨٠ گۆڕی بەکۆمەڵیش تا ئێستا دۆزراونەتەوە.

ئێزدییەکان کێن؟
لە ڕووی جوگرافیاوە، ئێزدییەکان لەگەڵ پارچەبوونی کوردستانی گەورەدا دابەش کران و زۆرترینیان لە عێراقن و ٩٠%یان دەکەونە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە شێخان و شنگال و ١٠%یان دەکەونە ھەرێمی کوردستانەوە و لە پارێزگای دھۆک نیشتەجێن، ئەوانیش لە باعەدرێ و شاریا و خانکێ و ناوچەی ھەوێریان و، میرگەی ئێزدییان باعەدرێیە شوێنی میری ئێزدییان.
ئێزدییەکان بە کوردییەکی پەتی و کرمانجی دوعا و نزا دەکەن، لە ھەمان کاتدا ھەندێکی کەمیشیان بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافییەوە بە زمانی عەرەبی قسە دەکەن، بە تایبەت ئێزدییەکانی باشیک و نزیک پارێزگای مووسڵ، بەڵام نوێژ و سرووتی ئایینی و کتێبە ئایینییەکانیشیان بە زمانی کوردییە. پیرۆزترین شوێنی ئایینیشیان پەرستگای "لالش"ـە، کە دەکەویتە قەزای شێخان لە نێوان سێ چیادا و گەورەترین و پیرۆزترین پەرستگایانە.
کارەساتی کەوتنی شنگال
رۆژی ٣/٨/٢٠١٤، شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری لە لایەن چەکدارانی داعشەوە ھێرشی کرایە سەر و بەھۆی ئەو بۆشاییە سەربازییەی سوپای عێراق لە ناوچەکەدا جێی ھێشتبوو، توانییان بە ماوەیەکی کەم ناوچەکە داگیر بکەن و ھەزاران ژن و منداڵ و پیاوانی ئێزدی رووبەڕووی مەرگ و ئاوارەبوون بکەنەوە ‌و بەشێکی زۆری ئەو خەڵکە لە ترسی شمشیر و نێزەی ئەو چەکدارانە روویان کردە چیای شنگال و لە ھەر چوار لاوە بەو گەرمایە گەمارۆدران و بێ ئاو و خواردن مانەوە و چەندین کەس بەھۆی تینوێتی و برسێتی و نەخۆشی لە رۆژەکانی یەکەمدا گیانیان لە دەست دا.
کۆمەڵکوژیی ئێزدییان
ئێزدییەکان بە وڵاتانی دنیادا دابەش بوونە، بەگوتەی ئێزدییەکان لە مێژوودا ٧٤ جار کۆمەڵکوژییان بەسەر ھاتووە و لە چەندین وڵاتدا ھەبوونە، بەڵام بەھۆی ئەو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدانەی بەسەر ئێزدییەکاندا ھاتووە، کۆچیان کردووە و زۆربەیان لە یەکیەتیی سۆڤییەتی جاران نیشتەجێ بوون و ئێستاش زۆربەیان لە ڕووسیا نیشتەجێن و زیاتر لە ٢٠ ھەزاریش لە جۆرجیا نیشتەجێن و بە ھەزارانیش لە ئەرمینیا و ئەڵمانیا و ھۆلەندا و سوێدن، سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئێزدییەکان ھەمیشە باجی ئایینی و نەتەوەییان داوە، بەڵام ھەرگیز چۆکیان بۆ دوژمن دانەداوە. بەگوتەی بەرپرسانی شنگال کە بۆ " ھەولێر" قسەیان کردووە، دنیای دەرەوە تەنیا سۆزی بۆ ئێزیدییەکان ھەبووە و بە کردار ھیچ وڵاتێک پشتیوانیی یاسایی لە ئێزیدییەکان نەکردووە، تەنانەت بەگوتەی ئەوان وڵاتان ھاوکار نەبوون بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و ھەوڵی ئەوەیشیان نەداوە رفێنراوەکان رزگار بکەن، ئەمەش جێی گومان و پرسیارە، لە کاتێکدا دەڵێن ئێمە پشتیوانی لە پێکھاتە ئاینییەکان دەکەین، بەڵام کوا ھەنگاوەکانیان.
بەڵێنی سەرۆک بارزانی بۆ ڕزگارکردنی شنگال
دوای داگیرکردنی شنگال لەلایەن داعشەوە، سەرۆک بارزانی، بەڵێنی بە میر و ھاووڵاتییانی کوردی ئێزدی و کوردستان بە گشتی دا، کە شاری شنگال رزگار دەکاتەوە و تۆڵەی شەھیدانی ئێزدی لەو رێکخراوە توندڕەوە دەکاتەوە، دەسەڵاتی داعش لەو ناوچانەدا زیاتر لە سڕڵێکی خایاند، لە ١٣/١١/٢٠١٥ لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە بەشداری زیاتر لە ٧ ھەزار پێشمەرگە، کە راستەوخۆ لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە سەرپەرشتی دەکرا، سەنتەری قەزای شنگال و ناوچەکانی دەوروبەریان کۆنترۆڵ کردەوە، پێشتر ناوچەکانی رەبیعە و زومار و سنونێ و عەینزالە و دەوروبەری کۆنترۆڵکرابوون. سەرۆک بارزانی، ھەر ھەمان رۆژ بەبۆنەی رزگارکردنی شنگال لەسەر چیای شنگال لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆزبایی لە خەڵکی شنگال و ھێزی پێشمەرگە رایگەیاند، ئازادکردنی شنگال لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش لەڕووی سەربازی و سیاسی و مێژووییەوە سەرکەوتنێکی مەزن بوو بۆ گەلی کوردستان کە لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەکانمان تۆمار کرا، ئەم سەرکەوتنە بە ھەموو لایەک دەڵێت کە ئیتر ئەو رۆژە رۆیشت داگیرکار و ستەمکاران گەلی کوردستان بچەوسێننەوە، ئێستا گەلی کوردستان سەربەرزانە بەرگری لە خۆی دەکات و دوژمن دەشکێنێ و پارێزەری بەھاکانی مرۆڤایەتیشە".
بەڵام بەداخەوە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەری ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حەشدی شەعبی، شنگال لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و چەکدارانی پەکەکەوە داگیر کرایەوە.
دواین ئاماری قوربانیانی کارەساتی شنگال
دوائاماری گشتی لە بارەی ژمارەی کوردانی ئێزدی و ئاوارەبووان و رفێندراوانی دەستی داعش، بەپێی ئامارەکە ژمارەی کوردانی ئێزدی لە عێراقدا ٥٥٠ ھەزار کەسن، لە سەروەختی ھێرشی داعشەوە بۆ سەر شنگال و دەوروبەری، لە ٣/٨/٢٠١٤ـەوە، بەھۆی شەڕی داعشەوە ٣٦٠ ھەزار کوردی ئێزدی ئاوارە بوون، لە سەروەختی ڕۆژانی یەکەمی شەڕەوە تا ئێستا ١٢٩٣ کوردی ئێزدی گیانیان لە دەست داوە. ٢٧٤٥ منداڵ بەھۆی شەڕەکانەوە بێسەرپەرشت ماونەتەوە، تا ئێستا ٨٢ گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزدییەکان دۆزراوەتەوە، وێڕای دۆزینەوەی دەیان گۆڕی تاکەکەسی، ٦٨ مەزار و مەرقەدە ئاینییەکانی ئێزدی کە لەلایەن داعشەوە تەقێنراونەتەوە، زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کوردی ئێزدی ئاوارەی دەرەوەی وڵات بوون، شەش ھەزار و ٤١٧ کەس ڕفێنراون، کە ٣ ھەزار و ٥٤٨ کەسیان پیاو و دوو ھەزار و ٨٦٩ کەسیان ئافرەت بوون، تا ئێستا سێ ھەزار و ٥٤٦ کەس رزگار کراون، کە ھەزار و ٢٠٥ کەسیان ئافرەتن و ٣٣٩ کەسیان پیاون، منداڵی کچ، ھەزار و ٤٥ کەس، منداڵی کوڕ ٩٥٦ کەس، ئەوانەی لە ژێر دەستی داعشدا ماون دوو ھەزار و ٧٦٨ کەس، کە ھەزار و ٢٩٨ کەسیان ئافرەت و ھەزار و ٤٧٠ کەسیان پیاون.
لەبەر پەکەکە خەڵکی شنگال ھەمان دۆخی ژێر دەستی داعشیان ھەیە
تا ئێستا رێککەوتنی شنگال لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا جێبەجێ نەکراوە، ھەریەک لە گرووپەکانی سەر بە پەکەکە و حەشدی شەعبی کێشەی گەورەیان بۆ خەڵکی شنگال درووست کردووە و شارەکە وێرانە و ھیچ ھەوڵێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی نەخراوەتە گەڕ، بە گوتەی بەرپرسانی شارەکە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە کەمتەرخەمییەکی زۆر ھەیە، لەگەڵ ئەوەی پەکەکە و میلیشیاکانی حەشد، کێشەی زۆری ناوخۆیی و دەرەکیان بۆ خەڵکی شنگال دروست کردووە و بوونەتە رێگر لەبەردەم ئاساییکردنەوەی رەوشی ئەو ناوچەیە، رێککەوتنی شنگال لە نێوان ھەولێر و بەغدا واژوو کراوە، بەڵام تا ئێستا ئەو رێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە و چەندین گرووپ و تاقمی چەکدار لە ناو شنگال ماون و دەرنەچوونە.
قاسم خەلیل، خەڵکی شنگالە و نزیکەی ٧ ساڵە ئاوارەی سنووری سۆران بووە بۆ "ھەولێر" دەڵێت:" ماڵ و حاڵی خۆمان بەجێ ھێشتووە و ھەر یەکەمان روومان لە شارێکی کوردستان کردووە، راستە ژیان و گوزەرانی ئێمە لەژێر خێمەدا نەخۆشە، بەڵام ھێشتا ئێرە خۆشترە، چونکە ئەمن و ئەمان لە شنگال نەماوە، ئەگەر پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئێمەش دەگەڕێینەوە، ئەگەرنا ناگەڕێینەوە و ھەر لە ئاوارەییدا دەژین، چونکە ھێزی پێشمەرگە تاکە ھێزە کە خەڵکی شنگال باوەڕی پێ ھەیە و دەتوانێت ئەمن و ئاسایشی خەڵکی شنگال بپارێزێت.
تەحسین حەسەن، ئاوارەیەکی دیکەیە بۆ "ھەولێر" دیارکرد:" حکوومەتی عێراق ھیچ ھاوکاری ئێمە ناکات، ئەوەی دەستی ھاوکاری بۆ ئێمە درێژ دەکات تەنیا حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، تا ئیدارەی شەرعی شارەکە نەگەڕێتەوە، ئێمەش ئامادە نین بگەڕێینەوە ناوچەکانی خۆمان.
حەسەن خەلەف، ئاوارەیەکی شنگالە و لە یەکێک لە کەمپەکانی سنووری دھۆک دەژیت بۆ "ھەولێر" گوتی:" نەبوونی پرۆژەی خزمەتگوزاری و سەقامگیری ئەگەری سەرەکی نەگەڕانەوەی ئێمەیە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆمان، شنگال بێ خزمەتگوزارییە، کارەبا نیە، بە تانکەر ئاو دەکڕین، نەخۆشخانەی شنگال وەکو پێویست نیە، شنگال ھەموو بۆتە پاشەڕۆ، بۆیە ژیانی ئاوارەیی زۆر خۆشترە لەو ژیانەی کە بگەڕێینەوە شارێکی بێ خزمەتگوزاری، جگە لەوەی ئیدارەیەکی ناشەرعی لە شارەکە ھەیە، تا ئیدارەی شەرعی و ھێزی پێشمەرگە نەگەڕێنەوە ھەر لە ئاوارەییدا دەژین".
مەحما خەلیل، قایمقامی شارۆچکەی شنگال بۆ "ھەولێر" دەڵێت:" لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە تا ئەمڕۆ کارەساتی شنگال بەردەوامە، ئەوەش حکوومەتی عێراق لێی بەرپرسیارە، کە جددی نیە لە ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شارەکە، ئەو رێککەوتنەی لە نێوان ھەولێر و بەغدا کراوە تا ئێستا یەک خاڵ جێبەجێ نەکراوە، ئەوەش ھەموو بۆ بوونی چەکدارانی پەکەکە و گرووپە چەکدارەکان لە شنگال دەگەڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەی رێگرن لە گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەکە و گەیاندنی پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ شارەکە، ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی ھەرێم بەردەوام کار بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شارەکە دەکات".

 

© 2017 Hawler