ئەیلول 19, 2021

تابلۆ هونەرییەكەی هەورامان لە لیستەكەی یۆنسكۆدا

هەورامان ناوچەیەكی دێرینی جوان و ڕازاوەی كوردستانە، بەشێكی جوگرافیاكەی دەكەوێتە كوردستانی باشوور و بەشەكەی دیكەی دەكەوێتە كوردستانی ڕۆژهەڵات، لە پارێزگای سنە و كرماشانیشدا؛ هەورامان لە چەند بەش پێک ھاتووە کە بریتین لە: ژاوەرۆ، گاوەرۆ، ڕەزاو و کەمەرە، لهۆن، دزڵی، هەورامانی تەخت.

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ڕێكخراوە پەروەردەیی و زانستی و فەرهەنگییە جیهانییەکەی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان (یۆنسكۆ)، هەورامانی ژاوەرۆ و تەخت و لهۆنی، بە 12 گوندەوە خستە ناو شوێنەوارە دێرینە كولتوورییەكانی جیهانەوە. لە بەشێكی بەیاننامەكەی یونسكۆدا هاتووە: «ناوچە دوورەدەست و شاخاوییەکانی هەورامان لانکە و گەواهیدەری کولتووری خەڵکی هەورامانن. هەورامییەکان وەک هۆزێکی کورد لە 3000 ساڵ پێش زایینەوە لەو ناوچەیەدا دەژین، کاری باداری و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەکەن. لەناو دڵێ چیاکانی زاگرۆسدا، لە پارێزگای سنە و کرماشان، بە درێژایی سنوورەکانی ڕۆژئاوای ئێران، لە دوو بەشی سەرەکی پێک هاتووە: لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتەوە ژاوەرۆ و تەخت (لە پارێزگای سنە). لە ڕۆژئاوایشەوە لهۆن (لە پارێزگای کرماشان).»
بەیاننامەکە باسی سروشتی ناوچەكە و شێوازی سەرنجڕاكێشی ژیانی هەورامییەكانیش دەكات كە خۆیان لەگەڵ سروشت و ئەو ناوچە سەختەدا گونجاندووە. چاندنی دار و درەخت لەسەر بەرد و ناوچە شاخاوییەکان، شێوازی بەخێوکردنی ئاژەڵ و گەرمێن و كوێستانکردن یاخود ئێڵاخ و قشڵاخ، جیاوازییەکی هەرە گەورەی ژیان و کولتووری هەوارمییەکانە، کە ساڵانە بە گوێرەی وەرزی سەرما و گەرما لە بەرزایی و پێدەشتەکاندا ژیان دەکەن.
بە گوێرەی بەیاننامەكە چەندین شوێنەواری دێرینی ئاوەدان لە هەوراماندا ماونەتەوە و لە كۆنەوە پارێزگارییان لێ كراوە، ئەو شوێنەوارانە هەڵکۆڵراوی سەر بەرد، ئەشکەوت، پەناگە، چیاکان، پاشماوەی شوێنە کاتی و هەمیشەییەکانی نیشتەجێبوون، شوێنکار، گۆڕستان، رێگا، گوند، قەڵا و زۆر شتی دیکەدا نەخشێنراوە و دەردەكەون «ئەو 12 گوندەی لە پرۆژەکەدان، گەواهیدەر و سەلمێنەری ئەوەن، خەڵکی هەورامان سەرەڕای نەبوونی خاکی بەپیت لە ناوچە شاخاوییەکانیان توانیویانە وەڵامێکی باشی سروشت بدەنەوە و خۆیانی لەگەڵ بگونجێنن». هەر لە بەیاننامەكەی یونسكۆدا ئاماژە بە شێوازی دەگمەنی بیناسازی و دروستكردنی ماڵەكان كراوە كە ڕەنگە بۆ زۆرینەمان وەك دیمەنێكی جوانی هونەری دەربكەوێت. ڕۆنانی خانووەكان لەسەر یەكتری لە ناوچە لێژەکان، پتر لە دیمەنێكی هونەری یان شارۆچكەی هەڵواسراو دەچن و ڕەنگە مرۆڤ وا هەست بكات یەكێك لە شارە نادیارەكانی ئیتالۆ كالڤینۆ دەبینێت.
شایانی باسە گەلی كورد بە گشتی بەم بڕیارەی یونسكۆ خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی، بە تایبەتی كە، جگە لە هەورامان، هاوكات "گردی مەلد"یش لە نزیک شاری مەلاتیێ باکووری کوردستان بە هەمان شێوە خرایە نێو لیستی شوێنەوارە جیهانییەکانەوە.
یونسکۆ لە ١٩٦٥ەوە کۆمیتەی شوێنەوارە جیهانییەکانی دامەزراند و لەو کاتەوە ساڵانە چەند ناوچەیەكی گرنگ دەخاتە نێو لیستی ناوچە پارێزراوەکانەوە بە سامانێکی جیهانییان دادەنێت.

© 2017 Hawler