ئەیلول 19, 2021

هێرشە تیرۆریستییەکان دووبارە عێراقیان تەنی

ماوەیەکە رووداو و هێرشە تیرۆریستییەکان لە عێراق پەرەیان سەندووە و ئەمەش هۆشدارییەکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی عێراق و ناوچەکە. ئەگەر رێکاری توندی ئەمنی و سەربازی و سیاسییان بەرانبەر نەگیرێتە بەر، ئەوا لەوانەیە دۆخەدکە زۆر خراپتر بێت و لە کۆنترۆڵ دەربچێت.

لە دوای ئەو رێککەوتنەی کە هەفتەی رابردوو حکوومەتی عێراق لەگەڵ حکوومەتی ئەمەریکا بۆ کشانەوەی بەشێک لە هێزەکان و کۆتاییهێنان بە رۆڵی سەربازیی هیزەکانی ئەمەریکا لە عێراق تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١واژۆی کرد دۆخی ئەمنی زیاتر خراپ بووە و هێرشە تیرۆریستییە یەک لە دوای یەکەکان دەری دەخەن عێراق بەمزووانە ناتوانێت بەبێ پاڵپشتیی هیزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش ببێتەوە.
هەر دوێنێ کۆمەڵێک هێرشی تیرۆریستی لە عێراق كراون و لە یەکێک لەو هێرشانەشدا قوربانییەکی زۆری لێ کەوتوووەتەوە و بە یەکێک لە هێرشە تیرۆریستییە خوێناوییەکان هەژمار دەکرێت.
تیرۆریستانی داعش لە ناوچەی بەلەد کە کەوتووەتە باشووری پارێزگای سەلاحەدین لە نزیک سامەڕا، هێرشیان کردووەتە سەر رێوڕەسمێکی پرسە و پێشبینی دەکرێ کەسێک بە پشتێنی تەقینەوە خۆی لە نێو رێوڕەسمەکەدا تەقاندبێتەوە کە بە هۆیەوە دەیان کەس کوژران و بریندار بوون.
رێوڕەسمەکە بۆ منداڵێک بووە کە لە ئاودا خنکاوە و خەڵک لە گوندی ئەلبوجیلی کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییەکە بکەن، بەڵام هێرشە تیرۆریستییەکە زیانی زۆری گیانیی بە خەڵکەکە گەیاندوە و کارەساتێکی دڵتەزێنی لێ کەوتووەتەوە.
دەگوترێ باوکی منداڵەکەی خنکاوە یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای عێراق بووە و بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ سێ تیرۆریستی داعش لەو هێرشەدا رۆڵیان هەبووە و سەرەتا هێرش کراوەتە سەر برایەکی دادوەری دادگای فیدراڵی بە ناوی ئەحمەد عەلی عەزاوی و پاشان خێمەیەک تەقێنراوەتەوە کە خەڵک بۆ پرسەی منداڵەکە لێی کۆ ببوونەوە.
هەر دوێنێ تیرۆریستانی داعش لە بەغدا لە گەڕەکی تارومیە لە ناوچەی سەوزی بەغدا ژن و منداڵێکیان کوشت.
هێرشەکان تەنیا بۆ سەر خەڵک نەبووە بەڵکوو دامەزراوەکانی بواری کارەبا و نەوتیش بوونەتە ئامانجی هێرشی تیرۆریستان. هەر دوێنێ تاوەرێکی کارەبا لە پارێزگای دیالە لە رێگای دانانی بۆمب تەقێنرایەوە و دووبارە کارەبای تۆڕی گواستنەوەی ئێران لەگەڵ عێراق پچڕا.
دوابەدوای ئەمە لە پارێزگای سەلاحەدین بە مووشەك هێرشکرایە سەر كۆمپانیایەكی بواری نەوت بەڵام هیچ زیانی مادی و گیانی بەدواوە نەبووە. ئەوانەی هێرشەكەیان ئەنجام داوە نەناسراون و مووشەكێكیان ئاراستەی كۆمپانیای پاڵاوگەی نەوتی باكور لە پارێزگای سەلاحەدین كردووە.
ئەفسەرێكی پۆلیسی پارێزگای سەلاحەدین كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت ئاماژەی دا هێزە تەناهییەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە لەو شوێنە كردووە كە مووشەكەكەی لێیەوە ئاراستە كراوە.
كۆمپانیای پاڵاوگەی نەوتی باكور كۆمەڵێك پاڵاوگە لەخۆ دەگرێت و پاڵاوگەی بێجیش بە گەورەترینیان هەژمار دەكرێت. ئەو پاڵاوگەیە لە سێیەكەی بەرهەمهێنان پێك دێت و توانای پاڵاوتنی رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە.
هەفتەی رابردوو مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەیاوەری شاندێکی باڵای حکوومەتی فیدراڵی سەردانی ئەمەریکای کرد. بە پێی ئەو رێککەوتنەی کە لە نێوان کازمی و بایدن کراوە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق رۆڵی سەربازیی و شەڕکەریان نامێنێت و ئەم هەنگاوەش لە لایەن بزووتنەوەی سەدر و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و بەشێک لە لایەنەکان پێشوازیی لێ کرا.
جگە لەمە هەر بەپێی رێککەوتنەکە عێراق بەڵێنی داوە پارێزگاری لە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکات کە لە عێراق خەریکی راهێنانی هیزەکانی عێراق دەبن. هەر دوو لا لە رووی هەواڵگری و راوێژکاری و راهێنان هاوکارییەکتر دەکەن.
ئەو هێرشە تیرۆریستییانە سەلمێنەری ئەو راستییەن کە وەرگرتنەوەی رۆڵی سەربازی لە هیزەکانی ئەمەریکا و تەنانەت کشانەوەیان نەک یارمەتی ئەوە نادات تیرۆر لە عێراق کەم ببێتەوە بگرە زیاتر دەبێت و ئەوەی تا ئێستا عێراقییەکانی لە تیرۆر و مەترسییەکانی داعش پاراستووە هیزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بوون و دۆخەکە ئەوە دەخوازێت ئەو یارمەتییانە تا کاتێک درێژەیان هەبێت کە هێزەکانی عێراق بە تەواوی دەتوانن پشت بە تواناکانی خۆیان بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر ببەستن.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە عێراق هەڵبژاردن دەکرێت و ئەگەر دۆخەکە نائارام بێت ئەوا کاریگەری زۆری خراپی لەسەر هەڵبژاردنیش دەبێت و لەوانەی پەکی بخات.

 

© 2017 Hawler