ئەیلول 19, 2021

هەموو ئامادەکارییەک کراوە و، هەڵبژاردن لەکاتی خۆی بەڕێوە دەچێت

تا ئێستا ٢٥ حزب و کیانی سیاسی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق کشاونەتەوە، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش، رایگەیاند، کۆمیسیۆن هەموو ئامادەکارییەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی رێک خستووە، لەکاتی دیاریکراودا، کە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڕێوە دەچێت.

ئەندامێکی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی، دەڵێت: بۆ ئەو هەڵبژاردنە پارتی هەموو ئامادەکارییەکی کردووە و پارێزگاری لە ڕێژەی دەنگ و ژمارەی کورسییەکانی دەکات و هەوڵ دەدات دەنگەکانیشی زیاتر بكات.
بە پشتبەستن بە فەسڵی حەوتەمی یاسای ژمارە٩ی ساڵی ٢٠٢٠، تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن، لە ماددەی ٢، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، هەموو کاندیدێک مافی خۆیەتی رێکلامی هەڵبژاردن، بۆ خۆی بکات؛ بەر لە ٢٤ کاتژمێر پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردن، ئەو هەڵمەتە، رادەگیرێت؛ بەپێی ئەم یاسایەش، لە بەرواری ٨ی تەمووزی ئەمساڵ، دەست کرا بە راگەیاندنی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن، تا ٧ی تشرینی یەکەم، ئەو هەڵمەتانە بەردەوام دەبن، کۆمیسیۆن لە رێگەی لێژنەکانییەوە، چاودێری هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن دەکات.
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، جەخت دەکەینەوە کە هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراودا، بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەمە هەموو ئامادەکارییەکان رێک خراون، لاپەڕەی تایبەت بە دەنگدانیش، چاپ کراوە، کشانەوەی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراقی، كاریگەرییەكی نابێ.
کۆمیسیۆن جەخت لەوەش دەکاتەوە، کۆمیسیۆن بەردەوامە لە دابینکردنی توانای مرۆیی بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، تا ئێستاش لە رێگەی ناونیشانی (https://ihec.iq)، داواکارییەکان رۆژانە ٢٤ کاتژمێر، وەردەگیرێن، کە تایبەتن بە دامەزراندنی کارمەندانی نێو بنکەکانی هەڵبژاردن. پارتی دیموکراتی کوردستان هەر لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە تا ئێستا هەمیشە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پاک و بێ ساختەکاری و رەوا و دادپەروەر بووە، هەموو کاتێکیش بۆ ئەو مەبەستە بریکاریان لەسەر سندوقەکانی دەنگدان داناوە، بۆ ئەوەی چاودێرێکی دڵسۆز بن بۆ پاکڕاگرتنی هەڵبژاردنەکان لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیشەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١١ پارێزگا و٣٠ بازنە بەشداری دەکات و ٥٥ کاندیدی هەیە بۆ سەرجەم بازنەکان کە بڕیارە هەڵبژاردنی پەلەمانی عێراق لە١٠/١٠/٢٠٢١ بەرێوە بچێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن سێ هەزار و ٢٤٥ بەربژێر خۆیان پاڵاوتووە. ٢٧٦ حیزب و ٤٤ هاوپەیمانێتی رکابەرایەتی لەسەر ٣٢٩ کورسیی پەرلەمان دەکەن. ئێستا لە کۆی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق، کورد بە سێ کورسییەکەی کۆتاوە کە بە هی خۆی دەزانێت، خاوەنی ٦٢ پەرلەمانتار و کەمینەیە.

© 2017 Hawler