ئاب 04, 2021

راوێژکارێکی کازمی: بڕیارەکانی حکومەتی عێراق رێژەی تاوانەکانی زیادکردووە

راوێژکاری ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بڕیارەکانی حکومەتی عێراق لەبارەی دارایی و ئابوورییەوە رێژەی تاوانەکانی زیادکردووە.

عەبدولرەحمان مەشهەدانی راوێژکاری ئابووری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا "بەهۆی بڕیارە داراییەکانی حکومەت و بە تایبەت دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار رێژەی تاوان بەرزبووەتەوە".

گوتیشی: "تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ رێژەی هەژاری بۆ 37٪ بەرزدەبێتەوە".

ئەو راوێژکارە ئاماژە بەوەشکرد: "حکومەتی عێراق داتایەکی ئەوتۆی لەبارەی رێژەی هەژاری لەبەردەست نییە، بەڵام بە گوێرەی خەملاندنەکان رێژەی هەژاری بۆ 37٪ بەرزدەبێتەوە".

راوێژکارەکەی کازمی راشیگەیاند "چارەسەرییەکانی حکومەت تەنیا مەرەکەبی سەر کاغەزن، لەگەڵ واقیع یەکناگرنەوە، و سەرۆک وەزیران ئاگاداری شەقام نییە کە چی روودەدات".

© 2017 Hawler