ئاب 04, 2021

18 هەزار و 638 ماتۆڕسکیل تا مانگی پێنجی ئەمساڵ تۆمار كراوە

ئەگەرچی پارێزراوی شۆفێری ماتۆڕسكیل خۆی له‌ هه‌لومه‌رجی بێوه‌یی‌ و سه‌لامه‌تیدا ده‌بینێت كه‌ ئه‌ویش به‌كارهێنانی ئامرازه‌كانی خۆپارێزییه‌، به‌ڵام زۆرینەی شۆفێرانی ماتۆڕسكیل گوێ به‌و كه‌ره‌سته‌‌ و ئامرازه‌ خۆپارێزییانه‌ ناده‌ن و تەنانەت لە چراسووریشدا ناوەستن.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، 18 هەزار و 638 ماتۆڕسکیل تا مانگی پێنجی ئەمساڵ تۆمار كراوە، بەكارهێنانی ماتۆڕسكیل‌ مەترسیدارترین جۆری بەكارهێنەری ئامرازی هاتوچۆیە لە ڕێگاكان، هۆكاری سەرەكییش بەكارنەهێنانی ئامرازەكا‌نی سەلامەتییە، كە گرنگترینیان كڵاوی سەرپارێزە و پارێزەری ئەژنۆ و دەستە.
ئێستا لە بەشێك لەشەقامەكانی هەولێر لە لایەن مەفرەزەكانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولیر لێپرسینەوە لە شۆفێری ماتۆڕسكیلەكاندا دەكەن، (بوونی مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕسكیل، بەكارهێنانی ئامرازەكانی سەلامەتی، بوونی تاچەک (ئەوەلیات) و تۆماركردنی ماتۆرسكیلەكە لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ).
ئەم لێپێچینەوەیشە دوای ئەوە دێت كە لە ماوەی ڕابردوو بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، زۆرینەی هاووڵاتیان بۆ دووركەوتنەوە لە قەرەباڵغی پەنایان بۆ خزمەتگوزاریی گەیاندن (دلیڤەری) برد، بەمەش هەرچەندە بووە هۆی ڕەخساندنی هەلی كار بۆ زۆرێك لە گەنجان، بەڵام بە هۆی پابەندنەبوون بە ڕێنماییەكانی هاتوچۆوە ڕووداوەكانیش بەو هۆیەوە زۆر زیاتر بووە.
بە ڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێریش لە ڕێگەی ڕاگەیێندراوێكەوە جەخت دەكاتەوە كە: کۆمپانیاکانی گواستنەوە و چێشتخانەکان کەکاری دیلیڤەری دەکەن، بەهەمان شێوە دەبێت ماتۆڕسکیلەکانیان تۆمار کرابێت لەسەر ناوی کۆمپانیا یان چێشتخانەکە و، ئەو کەسانەی لەسەری کار دەکەن، دەبێت مۆڵەتی لێخوڕینیان هەبێت وەعیراقی بن ونابێت بیانی بن بە هەموو ڕەگەزنامەکانەوە.
هاوكات جەختیش دەكاتەوە پێویستە لەسەر ماتۆڕسوارەکان پابەندی یاسا و ڕێنماییەکانی هاتوچۆ بن وجگە لە پێداویستییەکانی لێخوڕینی سەلامەت لەسەر ترافیکەکان بۆ چرای سوور بوەستن، بە پێچەوانەی ئاراستەی ڕۆیشتنەوە لێنەخوڕن، بۆ کورتکردنەوەی ڕێگایەکان بەسەردورگەی ناوەندەکان نەکەون، لەنێوان ئوتومبێلەکان بەشێوەی لوولپێچ لێنەخوڕن، دەستەڕاستی شەقام بەکار بێنن نەک لایەنی چەپی خێرا، لە شوێنی قەدەغە ماتۆڕسکیلەکانیان ڕانەگرن.
فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، لە بارەی ئاماری دەستبەسەرداگرتنی ئەو ماتۆڕسكیلانە، ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا هیچ زانیارییەک لە بارەیانەوە بڵاو ناكەنەوە.
بەپێی یاسای هاتوچۆی ژمارە 86ی ساڵی 2004ی عێراق کە یاسای کارپێکراوە لە هەرێمی کوردستان پێویستە بۆلێخوڕینی ماتۆڕسکیل ئەم خاڵانەی خوارەوە پەیڕەو بکرێت:
1- هەرکەسێک ماتۆڕسکیل لێبخوڕێت پێویستە مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕسکیلی هەبێت کە ئەم مۆلەتە بەپێی یاسا دەدرێت بەو کەسانەی ئەو خاڵانەی خوارەوە بیانگرێتەوە.
ا. تەمەنی شانزە ساڵانیان تەواوکرد بێت؛
ب. لە پشکنینی پزیشکی بە سەرکەوتوویی دەربچن؛
ج. لە تاقیکردنەوەی پراکتیکی (ترای) دەربچن بە سەرکەوتویی.
د. هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقی بن،واتا کەسانی بیانی بە هیچ شێوەیەک نابێت ماتۆڕسکیل لێبخوڕن.
2- پێویستە ئەو ماتۆڕسکیلەی کە لێدەخوڕن تۆمارکراو بێت، واتە تابلۆی پێوە بێت و ماتۆڕسکیلەکە بەشێوەیەکی فەرمی و لە دەروازە سنووریەکانی هەرێمی کوردستانەوە بە گوێرەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی، داخلی هەرێم کرابێت. چونکە بەپێی یاسای هاتوچۆ هەر سوارۆیەک لە شەقام بڕوات، دەبێت تۆمارکراو بێت.
3- لەکاتی لێخوڕین پێویستە سەرجەم پێداویستیەکانی سەلامەتی لە کڵاوی سەرپارێز و ئەژنۆ و مەچەک پارێزەکان بەکار بێن لەلایەن شوفێرو سەرنشینەکەشەوە؛ نابێت لەیەک سەرنشین زیاتر سەر ماتۆڕسکیل بخرێت، نابێت سەرنشینەکە مناڵ بێت لەژێر هیچ بیانویەک.
ئەگەرچی لە ساڵی 2019 وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڵێننامەیەکی بە سەرجەم شۆفێرانی ماتۆرسکیل پڕ دەکاتەوە، کە بۆ لەمەودوا شۆفێری ماتۆرسکیل نابێت بێ مۆڵەت شۆفێری بکات.
لە نووسراکەدا ئەم بەڵێنە بە شۆفێرانی ماتۆرسکیل پڕ دەکرێتەوە:
1- شۆفێری ماتۆڕسکیل نابێت بەبێ مۆڵەت، ماتۆرسکیل لێبخوڕێت.
2- لەکاتی شۆفێرییدا دەبێت شۆفێری ماتۆرسکیل، پابەندی یاسا و ڕێنماییەکانی ھاتوچۆ ببێت و ڕێزیان لێ بگرێت.
3- لەکاتی شۆفێریدا ھۆکارەکانی سەلامەتی بەکار بھێنێت.
4- نابێت لە شەقام و گۆڕەپانە گشتییەکاندا شۆفێری ماتۆڕسکیل سەرکێشی بکات.
5- نابێت شۆفێر بەدەنگی ماتۆرسکیلەکەی ھاووڵاتییان بێزار بکات.
6- ئەگەر شۆفێر پابەند نەبوو بەو خاڵانەی سەرەوە، بۆ ماوەی (10) ڕۆژ ھاتوچۆ دەست بەسەر ماتۆرسکیلەکەیدا دەگرێت، لەکاتی دووبارەبوونەوەشدا، ھەر جارە و ماوەکە بۆ دوو ھێندە زیاد دەکات.
بەڵام بەشێكی زۆری شۆفێرانی ماتۆر سكیلەكان پابەندی ئەو ڕێنماییانە نابن.

© 2017 Hawler