حوزەیران 22, 2021

ئاواره‌كانی كوردستان ڤاكسینی كۆڕۆنا وه‌رده‌گرن

هه‌رێمی كوردستان كه‌ زیادتر له‌ ٩٢٧ هه‌زار ئاواره‌ی له‌خۆ گرتووه‌ و تا دێت ژماره‌شیان زیادتر ده‌بێت، هه‌ڵمه‌تی كوتان به‌ پێكوته‌ی دژه‌ ڤایرۆسی كۆڕۆنا بۆ ئاواره‌كان و په‌ناهه‌نده‌كان ده‌ستی پێكرد و بڕیاره‌ له‌ جاری یه‌كه‌م دا ڤاكسین به‌ ١٥ هه‌زار ئاواره‌ بدرێت و به‌رده‌وام ده‌بێت تا هه‌موو ئاواره‌كان ڤاكسین وه‌رده‌گرن.
٢٥ ی ئایاری ٢٠٢١، به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زیری ته‌ندروستی و پارێزگاری هه‌ولێر و ده‌زگای خێرخوازی بارزانی و كۆنسوڵی گشتی ده‌وڵه‌تی ئیمارات و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی و مانگی سووری ئیماڕاتی، له‌ كه‌مپی دیبه‌گه‌ ناحیه‌ی دیبه‌گه‌ی سه‌ر به‌ هه‌ولێر، هه‌ڵمه‌تی كوتان به‌ پێكوته‌ی دژه‌ ڤایرۆسی كۆڕۆنا بۆ ئاواره‌كان ده‌ستی پێكرد و له‌ یه‌كه‌م جاردا بڕیاره‌ ڤاكسین به‌ ١٥ هه‌زار ئاواره‌ بدرێت.
پڕۆسه‌ی لێدانی ڤاكسینی دژه‌ كۆڕۆنا بۆ ئاواره‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌و پێكوتانه‌ی كۆڕۆنا، له‌لایه‌ن مانگی سووری ئیماراتی دابین كراوه‌.
له‌ هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ هه‌نه‌ و به‌پێی ئاماره‌كانی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و قه‌یرانه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئێستا ٩٢٧ هه‌زار و ٨١٣ ئاواره‌ و په‌نابه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌نه‌، له‌و ژماره‌یه‌ ٦٦٥ هه‌زار و ٨٢٨ ئاواره‌ی ناوخۆین و ٢٤١ هه‌زار و ٧٤٩ په‌نابه‌ریش هی وڵاتی سوریان.

© 2017 Hawler