حوزەیران 22, 2021

خەسرۆ گۆران: پۆستی سەركۆمار لەسەر یەکێتی مۆنۆپۆل نەکراوە

خەسرۆ گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و سەرۆکی لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، ڕایگەیاند :" سەركۆماری عێراق پشکی کوردە نەک لایەنی دیکە، لەسەر یەکێتی مۆنۆپۆل نەکراوە، بە رێککەوتنی ستراتیژی دراوەتە یەکێتی و دەکرێت لێکتێگەیشتن هەبێت لەسەری.

خەسرۆ گۆران، لە هەڤپەیڤینێکدا، کە بەمزووانە لە رۆژنامەی هەولێر بڵاودەبێتەوە، لەبارەی هەڵبژاردنەوە، دەلێ:" سوورین لەسەر بەشداریمان لە هەڵبژاردن لە هەموو ناوچە کوردستانییەکان، بڕیار نییە بایکۆت بکەین، بە لایەنەکانی عێراقیشمان گوتووە کە قبووڵ ناکەین لەو ناوچانەی بارەگای پارتی لێ نییە گوشار لە کاندید و دەنگدەرانی پارتی بکرێت .
بە بڕوای بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، هەڵبژاردنی ئەمجارە شتێکی ئەوتۆ لە ریزبەندی لایەنەکان و کورسییەکان ناگۆڕێت، بەڵام پارتی وەکو گەورەترین حیزبی عێراق و هەرێمی کوردستان لە روی ژمارەی کورسییەوە هەوڵدەدات پارێزگاری لە پێگەکەی بکات یان ژمارەی کورسییەکانی زیاتر بکات .
سەرۆکی لیستی پارتی، پێشبیینی دەکات ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەندێک لایەن کەمەرشکێن بێت و دەڵێ ژمارەی کورسیان زۆر دادەبەزێت، سیستەمی نوێی هەڵبژاردنیش لە بەرژەوەندی پارتە گەورەکان و بە زیانی پارتە بچووکەکان دادەنێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کە بڕیارە ١٠ـی ١٠ بەڕێوەبچێ بە ١٥٥ کاندیدەوە لە ١١ پارێزگا بەشداری هەڵبژاردن دەکات.

© 2017 Hawler