ئایار 16, 2021

سەرچاوەی سەرەکی داهاتی پەکەکە بازرگانیکردنە بە ماددە هۆشبەرەکان

دوایین زیان و کارەسات، کە هەرێمی کوردستان بەهۆی پەکەکەوە بینیبێتی، کارەساتی زناری کێستەیە، کە بەهۆیەوە دەیان گوندی ئاوەدان بوون بە بە چۆڵەوانی و هەزاران کیلۆمەتر زەوی کشتوکاڵی سووتا. سه‌ربه‌رست سه‌برى، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسی سەر بە قەزای ئامێدی، کە پێی دەوترێت زناری کێستە، ئەوەی ڕاگەیاند؛ بەهۆی شەڕ و پێکدادان و بۆردومانەکانی نێوان پەکەکە و تورکیا، تا ئێستا 1500 دۆنم زەوی لە سنووری ناحیەکەمان سووتاون، کە زۆر رەز و باخی جووتیارانی تیادایە، لەگەڵ رووبەرێکی فراوانی لێڕ و پاوان، بەمەش زۆر داری بەردار سووتاون و لەناو چوون“.

دەشڵێت؛ خەڵکی ناحیەی کانی ماسی و گوندەکانی دەوروبەری، زەرەرمەندی یەکەمن لەو شەڕەی لەنێوان پەکەکە و تورکیادا لە زناری کێستە و ناوچەکەدا دەکرێ
بەپێی زانیارییەکانی "هەولێر" خەڵکی لە ئیستادا لەو ناوچەیە لە ماڵەکانیان ئابڵوقە دراون و تەنانەت ناتوانن بۆ پێداویستی گرنگیش هاتوچۆ بکەن، ئەگەر قەبارەی ئەم کارەساتە لەگەڵ کارەساتی عەفرین بەراورد بکەین، تێدەگەین هیچ جیاوازییەکی نییە و پەکەکە هەمان سیناریۆ و پیلانی بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش هەیە وەک ئەوەی لە ڕۆژئاوا کردی.

تێکدانی ئارامی هەرێمی کوردستان
هەرێمی کوردستان، چەندین ساڵە ئارامییەکەی بووەتە جێگای سەرنج و ستایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، چەندینجار پەکەکە بە ڕاستەوخۆیی ئەو ئارامییەی کردووەتە ئامانج و چاوکراوەیی و بەهێزی دەزگا ئەمنییەکان نەبووایە ڕەنگبوو ئێستا زەرەری گەورە و کردەی قێزەون لە نێو شارەکانیش ئەنجامبدات وەک ئەوەی لە ناوچە سنوورییەکان و لەو جێگایانە دەیکات جێگای خۆی قایم کردووە. پەکەکە لە ڕێگای کادیری نهێنی و هەواڵگرییەوە زۆرجار کاری تێکدەرانەی لە پیلاندابووە و پوچەڵبووەتەوە، سەرباری ئەوەش خەریکی ڕێکخستنی نهێنی و تەنانەت چەکداریشە.

ڕاپۆرتێکی ئەوروپی؛ پەکەکە ملیۆنان دۆلاری لە ماددەی هۆشبەر دەستدەکەوێت
ناوەندی ئەوروپا بۆ لێکۆڵینەوە لە ماددە هۆشبەرەکان کە ناسراوە بە EMCDDA لە ڕاپۆرتێکدا لە ساڵی ٢٠١٩ ئەوەی ئاشکرا کردبوو، کە پەکەکە هۆکاری سەرەکییە لە تەشەنەکردنی ماددەی هۆشبەر بە ئەوروپادا و باسی لەوە کردبوو سەرچاوەی سەرەکی داهاتی پەکەکە بازرگانیکردنە بە ماددە هۆشبەرەکان و ساڵانە ملیۆنان دۆلاری بەو ڕێگایە دەستدەکەوێت. بە پێی زانیارییەکەی پێگەی دارکامازیش بێت؛ پەکەکە هێڵی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکانە بۆ کوردستان و لە ڕێگای چەندین کادیری خۆیەوە ئەو کارە دەکات. لە ڕاپۆرتێکی دارکامازیدا ئەوە خراوەتەڕوو؛ لە مانگی ٣ی ئەمساڵدا کەسێک لە ڕێگای ئێرانەوە کە کادیرێکی ناسراوی پەکەکەیە نزیکەی ١٠ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری لە سنووری ئێرانەوە گواستووەتەوە هەرێمی کوردستان.
گۆڕینی ناوی یاسایی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان
ئەوەی جێگای سەرسوڕمان نییە ئەوەیە، زۆرجار لە میدیای داگیرکەران و وڵاتانێک خۆیان بە دوژمنی هەرێمی کوردستان دەزانن، ناوی هەرێمی کوردستان یان ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوازێکی دیکە دەهێنن، بەڵام پەکەکە لە میدیاکانی خۆیەوە، بێ گەڕانەوە بۆ یاسا و ڕیزگرتن لە شعور و هەستی خەڵکی هەرێمی کوردستان و ڕیزگرتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادە نییە ناوی هەرێمی کوردستان بهێنێت، لەوەش سەیرتر ناوی چیا و ناوچە سنوورییەکانی بە دڵی خۆی داتاشیووە و لە ناوهێنانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن؛ هەرێمەکانی میدیا و مەتین !

ڕێگا خۆشکردن بۆ داگیرکەران
لە کاتێکدا پەکەکە، هەردەم لە پاشەکشەی سەربازیدایە و توانای ڕووبەڕووبووەنەوەی نییە لەو شەڕانەی هەڵیدەگیرسێنێت، لە هەمان کاتدا، هەوڵی چارەسەری ئاشتیانە نادات و دژی دەوەستێتەوە. ئەمەش سەدبارە کردنەوەی ئەو هەڵەیەیە کە پەکەکە دەیکات و کردوویەتی و وەک ئەوەی بینیمان لەماوەیەکی زۆر کەمدا بناری چیای کێستەی بۆ سەربازانی تورکیا جێهێشت و جگە لە ماڵوێرانی خەڵکی سڤیل هیچی دیکەی پێ نەبوو.

پەکەکە ڕێگا نادات تیمەکانی مینهەڵگرەوە کاری خۆیان بکەن
بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکانی مینەوە لەو ناوچانەی پەکەکەی تێدا جێگیربووە، لە پێناو پاراستنی خەڵکی سڤیل تیمەکانی مینهەڵگرەوەی پارێزگای دهۆک ڕۆژانە بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن لەو ناوجانە، بەڵام بەهۆی پەکەکەوە ئێستا کارەکەیان ئاڵۆز بووە. رێگر عه‌بدولشاسى، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مین و تەقەمەنی لە دهۆک، لە لێدوانێکی میدیاییدا، رایگەیاندووە؛ ئێمە تیمێکی تایبەتمان لە ناحیەی کانیی ماسی هەبوو لە دەڤەری ئامێدی، کە رێگایەکی دوورە و رۆژانە لە دهۆک بۆ ئەوێ دەچووین، ئەو کەمپە شوێنی حەوانەوەی ئەو کارمەندانەمان بوو، کە شەو و رۆژ لە ناوچەکە کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا پەکەکە بووە بە رێگر لەبردەم کارەکانمان لەو دەڤەرە و کەمپەکەشمان داخستووە”.
دەشڵێت؛ رۆژانە تیمەکانی ئێمە لە سەرانسەری پارێزگای دهۆک زەوی و زاری هاووڵاتییان لە مین پاک دەکەنەوە، بەڵام ئێستا گرفتی هەرە گەورە لەبەردەم کارەکانی ئێمە بوونی پەکەکە و بنکە و بارەگاکانیەتی لە هەندێ ناوچە، بۆ نموونە لە سنووری قەزای ئامێدی، کە تورکیا بە بیانووی ئەوانەوە ناوچەکە بوردومان دەکا و بەو هۆیەشەوە کارەکانی ئێمە لەو ناوچانە راوەستاون”.

© 2017 Hawler