ئایار 16, 2021

بازاڕی میوانخانە و هوتێلەکانی کوردستان سست بووە

بازاڕی زۆربەی میوانخانە و هوتێل و موتێلەکانی کوردستان لە ژێر کاریگەری پەرەسەندنی پەتای کۆرۆنا و هاتنی مانگی رەمەزان و رێکارە تەندروستییەکان لە دەروازە سنوورییەکان سست بووە و بەرپرسێکی ئەو کەرتەش رای دەگەیەنێت وڵاتان بە خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخی کۆرۆنا سەرجەم کەرتەکانیان چالاک کردووەتەوە بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەمە رووینەداوە و هاوکارییەکی ئەوتۆ پێشکەشی کەرتەکە نەکراوە.

کەرتی گەشتوگوزار بە یەکێک لەو کەرتە گرینگانە دادەنرێت کە ماوەی چەند ساڵێکە لە چوارچێوەی پلانە ستراتیجییەکانی ئابووریدا زیاتر ناوی د ەهینرێت هەرچەندە کۆمەڵێک رووداو رێگری لەوە کردووە ئەو کەرتە لە کوردستان وەک پێویست پێش بکەوێت.
شوکر عەزیز شێخ جێگری سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی کوردستان باسی لەوە کرد کە دۆخی میوانخانە و هوتێل و موتێەکانی کوردستان لە خراپترین دۆخدایە و زیانێکی زۆر بە خاوەن پڕۆژەکانی گەشتوگوزاری لە کەرتی تایبەت کەوتووە.
ئەو روونی کردەوە یەکێک لە گرنگترین ئەو هۆکارانە وایکردووە دۆخی میوانخانەکانی کوردستان بەرەو خراپی بچێت ئەو پەتایەیە کە لە ساڵی رابردووەوە بەربینگی هەموو جیهانی گرتووە و هەرێمی کوردستانیش بەدەر نەبووە لە کاریگەرییەکانی ئەو نەخۆشییە.
جێگری سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەکە ئاماژەی دا جگە لە پرسی کۆرۆنا هەر ئێستە کە مانگی رەمەزانە وەک هەر ساڵێکی تر لە مانگی رەمەزاندا خەڵکێکی زۆر کەم گەشت دەکات و میوانخانەکان بێ میوان دەبن و لەگەڵ ئەو دۆخە نالەبارە ئەو رێکارانەی بۆ هاتنی گەشتیارانیش لە پارێزگاکانی تری عێراق گیراونەتە بەر لە سوودی میوانخانەکاندا نین لە کاتێکدا لە هەموو وڵاتانی تر لە جیاتی رێگریکردن لە هاتنی گەشتیار زیاتر رێکارەکان بەرەو ئەو ئاراستەیە رۆیشتوون تا وڵاتان و کەرتە جیاوازەکان خۆیان لەگەڵ دۆخەکە رابهێنن.
بە پێی ئەو ئامارەی ئەو بەرپرسەی میوانخانەکان خستیەڕوو تەنیا لە پاریزگای هەولێر 21 هەزار کارمەند لە کەرتی گەشتوگوزار کار دەکەن و ژیانی 21 هەزار خێزان لەسەر ئەم کەرتە هەڵدەسووڕێت بەڵام وەک پێویست ئاوڕ لە کەرتەکە نەدراوەتەوە و هەر جۆرە کێشەیەک بۆ ئەو کەرتە بێتە پێشەوە ئەوا 21 هەزار خێزان کاریگەری وەردەگرن.
لەبارەی سستبوونی کاری میوانخانەکانەوە لە مانگی ئەمساڵی رەمەزان ئەو بەرپرسەی میوانخانەکان ئاماژەی دا سەرووی 60%ی میوانخانەکان وهوتێلە و موتێلەکان لە یەک ئەستێرەوە تا چوار ئەستێرە بە سستی کارەکانیان بەڕێ دەکەن، ئەوان دانەخراون بەڵام هیچ میوانێکیان نییە و ناچارن مۆلیدەکانیان بکوژێننەوە و زۆرێکیان بە زەرەر کار دەکەن و چاوەڕوانن دۆخەکە بەڵکوو باشتر بێت و چالاکییەکانیان پەرە پێ بدەن.
بەگوتەی شوکر عەزیز سەرووی 30%ی بازاڕی عەلوە بە چالاکی میوانخانەکان و هوتێلەکان گرێ دراوە و ئەگەر هوتێلەکان بازاڕیان هەبێت ئەوا راستەوخۆ کار دەکاتە سەر بازاڕەکان و جووتیاران و سەرجەم کاسبکاران سوودیان پێ دەگات. جگە لەمە هاتنی گەشتیار سوودەکەی تەنیا بۆ هوتێلەکان نییە بەڵکوو هاتنی گەشتیار سوود بە سەرجەم کەرتە ئابوورییەکان دەگەیەنێت.
ئەو گلەیی لە حکوومەت کرد کە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا کە کۆرۆنا بەرۆکی کوردستانی گرتووە لە یاسا و رێنماییەکانی پێوەندیدار بە زەریبە و باج و رسوومات و کرێی کارەبا و تەنانەت زەمانی کرێکاران بە هیچ شێوەیەک هاوکاری کەرتەکەی نەکردووە و ساڵی رابردوو کە لە مانگی ئادارەوە تا مانگی ئاب هیچ چالاکییەکی هوتێلەکان و میوانخانەکان نەبوو کەچی باج و رسوومات و کرێی خزمەتگوزارییەکان و هەموو جۆرە باجێکیان لێ ستێندراوە و رەچاوی دۆخەکە نەکراوە و یارمەتی پێشکەش ئەو کەرتە نەکراوە و تەنیا یەک مانگ لێخۆشبوون بۆ بەشێک باج هەبووە و هاوکارییەکە لە ئاستی ئەو زیانە زۆرە نەبووە کە بەر ئەو کەرتە گرینگەی گەشتوگوزار کەوتووە.
پێویستە بگوترێت چاوەڕوان دەکرێ دوای تەواوبوونی مانگی رەمەزان و دەستپێکردنی وەرزی هاوین دۆخی کەرتەکە باشتر بێت بە مەرجێک پاشەکشە لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا رو بدات و ژیان ئاساییتر ببێتەوە.
لە هەرێمی کوردستان هەڵمەتی کوتان هاوشێوەی پارێزگاکانی تری عێراق دەستی پێ کردووە و دۆخەکە لە جیهاندا مانگ لەگەڵ مانگ باشتر دەبێت و ئومێد هەیە لە کوردستانیش دۆخەکە بەرەو باشی بچێت.

© 2017 Hawler