نیسان 15, 2021

بۆ دابینکردنی گاز و کارەبای عێراق پێشبینی دەکرێ سعوودیە ببێتە ئەلترناتیڤی ئێران

 

سلێمان تاشان - هه‌‌ولێر

 

حکوومەتی ئێران، عێراق بەوە تۆمەتبار دەکات بە بیانووی جیاواز قەرزی کارەبا و گازی سروشتی بۆ ناگەڕێنێتەوە و عێراقیش هۆکارەکە بۆ سزاکانی ئەمەریکا دەگەڕێنێتەوە و پێشبینی دەکرێ عێراق بۆ دابینکردنی گاز و کارەبا بە دوای وڵاتی تردا بگەڕێت و ئەمەش مایەی نیگەرانی ئێرانە.

لە چەند رۆژی رابردوودا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی سعوودیەی کرد و کۆمەڵێک گرێبەستی لەگەڵ ئەو وڵاتە واژۆ کردو و رۆژی یەکشەمیش بە سەردانێک گەیشتە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و خەریکە عێراق پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بەرفراوانتر دەکات.
یەحیا ئالی ئیسحاق سەرۆکی ژووری بازرگانی ئێران و عێراق دەڵێت بەغدا بە بیانووی سزا بانکییەکانی لە پێدانی پارەی ئەو گازە و کارەبایە، خۆی دەدزێتەوە کە ئێران پێی فرۆشتووە. ئەو پێداگری لەوەش کردووە سەرەڕای هاتنی وڵاتانی تری وەک سعوودیە بۆ نێو بازاڕەکانی عێراق، هیچ نیگەرانییەکیان بۆ دروست نەبووە.
ئەو ئاماژەی داوە نیگەرانییەکانیان لەوە سەرچاوە دەگرێت سەرەڕای نەهێشتنی بەربەستەکانی بیرۆکراسی، پێداویستییەکانی گواستنەوەی دڵنیایی، پەرەپێدانی دەروازە بازرگانییەکان، رێککەوتنی فەرمی لەگەڵ حکوومەتی عێراق، و ئاڵوگۆڕیی بانکی کەچی عێراق کەمتەرخەمی دەکات.
ئەو بەرپرسە بازرگانییەی ئێران سەردانەکەی کازمی بۆ سعوودیەی بە هەوڵێک بۆ پەرەپێدانی هەژمونی ئەو وڵاتە بۆ ناو بازاڕەکانی عێراق هەژمار کردووە.
سەرەڕای ئەوەی کە چالاکانی کەرتی تایبەتی ئێران گوتوویانە وڵاتەکەیان گوێی لەو پێوەندییانە نییە بەڵام لە راستیدا ئەو هەنگاوانەی کازمی لەوانەیە بۆ سەر هەناردەی نەوتی ئێران مەترسیدار بێت و عێراق چیتر کارەبا لە ئێران نەکڕێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا حکوومەتی سعوودیە و عێراق پێنج رێککەوتننامەی لێکتێگەیشتنیان لە بوارەکانی هاوکاری دارایی، بازرگانی، ئابووری، کولتوری واژۆ کرد. هاوکات هەر دوو لایەن باسیان لە دامەزراندنی سندووقێکی وەبەرهێنان بە قەبارەی سێ ملیار دۆلار کردووە.
بەشێکی بەرچاو لە بودجەی سندووقەکە لە لایەن سعوودیەوە دابین دەکرێت و هەر دوو لایەن بە بەشداری کەرتی هاوبەش رۆڵیان دەبێت لە پەرەپێدانی وزە بەتایبەتی وزەی کارەبا. ئەمە هەمان مەترسییە بۆ سەر ئێران کە پێشتر وزیری دارایی عێراق ئاماژەی پێ کردبوو.
ساڵی رابردوو عەلی ئەمیری وەزیری دارایی عێراق لە تویتێکدا باسی لەوە کردبوو لە داهاتوودا سعوودیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی عێراق بە کارەبا جێی ئێران دەگرێتەوە و تەنانەت باسی لە هەندێک پڕۆژەی سعوودیە کرد کە بە هۆیانەوە سەرووی 20 هەزار دەرفەتی کار لە عێراق دێنە کایەوە.
جێی باسە لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمەریکا دووبارە مۆڵەتی کڕینی گاز و کارەبا لە ئێران بۆ عێراقی درێژ کردەوە و پێشتر کە تەنیا 90 رۆژ درێژ کرایەوە ئەمساڵ بۆ چوار مانگ درێژ کرایەوە.
کۆی قەرزی ئێران لەسەر عێراق بە نزیکەی شەش ملیار دۆلار دەخەڵمێنرێت. بەرپرسەکەی ئێران گوتوویەتی کاتێک ئەمەریکییەکان مۆڵەت بە وڵاتێک بدەن لە وڵاتێکی تر شتێک بکڕن ئەوا رێی ئەوەیان لێ ناگرێت پارەکەیان بدەن بەڵام عێراقییەکان بیانووی جیاواز دەهێننەوە.
پارەی کارەبا لەبەر ئەوەی بە دینار دەدرێت عێراق لە پێدانی هیچ کێشەیەکی نەبووە و ئێرانیش دانی بەوە ناوە پارەی کارەبای وەرگرتووە بەڵام لە پێدانی پارەی گاز کە بە دۆلارە عێراق نەیتوانیوە پارەکە بدات.
فەیسەڵ عیساوی لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وەڵامی ئێرانی داوەتەوە و گوتوویەتی هیچ بڕە پارەیەکی ئێران لە عێراق دەستی بەسەردا نەگیراوە بەڵام بەهۆی ئەوەی کە کڕینی بەرهەمەکە بە تایبەتی گاز بە دۆلارە عێراق ناتوانێت بە دۆلار پارەکە بدات و سزاکانی ئەمەریکا دەستی بەستووە و ئێرانیش بە دینار پارەکەی ناوێت.
هەر خۆی قەبارەی هەناردەی ئێران بۆ عێراق 15% دابەزیوە و ئێرانییەکان هۆکارەکە بۆ ئەو رێسایانە دادەنێن کە لە هەناردە دیارییان کردووە و ئەگەر دەرگای هەناردەی گاز و کارەباش ببەسترێت ئەوا دۆخی بازرگانی ئێران نالەبارتر دەبێت.
ئەمەریکا چەندین جار داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە بۆ ئەوەی پڕیشکی ئەو سزایانەی بەرنەکەوێت کە بەسەر ئێرانی سەپاندوون، کارەبا و پێداویستی گازی خۆی لە سعوودیە دابین بکات یان پەرە بە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بدات و بۆشاییەکە پڕ بکاتەوە.

© 2017 Hawler