ئازار 08, 2021

هۆڵەندا ١٥٠ سەربازی ناردە هەرێمی کوردستان

لە ٩ـی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی هۆڵەندای کرد و لەگەڵ مارک روتە سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، شەڕی داعش و پەرەپێدان لە بواری کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان لە نێوان هەردوولا تاوتوێ کرا، دوای سێ مانگ لەو سەردانە هۆڵەندا ١٥٠ سەرباز و راوێژکاری ناردە هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانی هێزەکانی پێشمەرگە .

هۆڵەندا ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشە، پێشتر راوێژکار و سەربازی لە هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام دوای تەواوبوونی ئەرکەکانیان گەڕانەوە، لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەم پڕۆژەیاسای پاڵپشتی لە هێزە عێراقیەکان و پێشمەرگە درایە پەرلەمانی ئەو وڵاتە و دواتر پەسند کرا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هۆڵەندا بڕیاری ناردنی 150 سەربازی دا بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئەرکی سەرەکی راوێژکارە سەربازییەکان بریتی دەبێت لە پاراستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و مەشق و راهێنانکردن بە هێزەکانی پێشمەرگە.
ستیف بلۆک وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا دوای بڕیارەکە رایگەیاند:" "سەرەڕای ئەوەی هەڕەشەی هێرشی داعش لەسەر ئەوروپا دەرنەکەوتووەتەوە، بەڵام گرنگە دڵنیابین داعش لە عێراق سەرهەڵناداتەوە".
قسەکانی بلۆک ئاماژەن بۆ زیادبوونی جموجۆڵی ئەو دواییەی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان .
جگە لە وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەش هۆشداری دەدات لەبارەی داعش دەڵێت :" شەڕی داعش چووەتە قۆناغێکی دیکە، لە قۆناغی پاراستنی ناوچەکان داین، "ئامانج ئەوەیە هاوکاری هێزە ناوخۆییەکان و دامەزراوەکان بکرێت بۆ ئەوەی پشت بەخۆیان ببەستن لە شەڕی دژی تیرۆر".
هەریەکە لە وڵاتانی ئەمریکا،ئەڵمانیا، هۆڵەندا، ئیتاڵیا و چەندین وڵاتی دیکەش چەند ساڵێكە پشتیوانی پێشمەرگەن لە چەک و مەشق و راهێنان بۆ شەڕی دژی داعش، ئەو وڵاتانە هاوکاریشن لە یەکخستن و چاکسازی لە ناو هێزەکانی پێشمەرگە .
رۆڵی هۆڵەندا لە شەڕی دژی داعش چەند بوارێک دەگرێتەوە :' لەوانە پاڵپشتی مرۆیی و سەربازی و سیاسی لەهەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵام راهێنان و مەشق بە هێزەکانی پێشمەرگە ئەکی سەرەکی ئەو هێزە کە هاتووەتە هەولێر،وڵاتەکە لە رووی دابینکردنی چەک، فریاکەوتنی سەرەتایی بۆ برینداران و هەڵگرتنەوەی مین و پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی داعش بە مین پیسی کردوون هاوکاری پێشمەرگە دەکات، ئەو هەنگاوەی هۆڵەنداش هەم لە چوارچێوەی فراوانکردنی ئەرکەکانی ناتۆیە هەمیش لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت لە کارەکانی .
لەدوای سەرهەڵدانی داعش، هۆڵەندا وەکو وڵاتێکی هاوپەیمانی دژی داعش هاتە ناو هاوپەیمانێتییەکە، تاوەکو بەهاری 2018 ئەرکەکانی بەردەوام بوون،دواتر دوای تەواوبوونی ئەرکەکانی گەڕانەوە،کەمتر لە دوو ساڵیش دوای گەڕانەوە جارێکی دیکە بڕیاری ناردنەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان درا .
وڵاتەکە هەروەها هاوکارتی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکانە لە تاوانەکانی داعش، ئامانج لێی کۆکردنەوەی بەڵگەیە لەسەر سزادان و لێپێچینەوە لەگەڵ ئەوانەی تاوانیان بەرامبەر خەڵك کردووە .
بەپێی زانیاری بەرپرسانی حکومەتی هۆڵەندا ئەو هێزەی نێردراونەتە هەولێر بۆ هاوکاریکردنی پاراستنی ئەمنیەتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرە، لەکاتێکدا بنکەی سەربازی لەو فڕۆکەخانەیە هەیە.
هانس ئاکربوم، کونسوڵی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت :" ئەو هێزەی نێردراون لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش و مەترسییەکانی ."
حکومەتی هۆڵەندا لەوبارەوە رایگەیاندووە:"دوای شکانی خەلافەتەکەی داعش و رووخاندنی، داعش دەستی کردووە بە شەڕی گەریلایی لە عێراق و سووریا،مانگانە دەیان هێرش دەکاتە سەر هێزە عێراقییەکان و سوودی لە بۆشایی ئەمنی وەرگرتووە، بۆیە هێزە ئەمنیە لۆکاڵییەکانی عێراق بەرپرس دەبن پێویستیان بە پاڵپشتییە ."
لە 25 نیسانی ٢٠١٥ تاوەکو ساڵی رابردووش، راوێژکارانی هۆڵەندا مەشقیان بە 100 هەزار کەس لە هێزە عێراقیەکان و پێشمەرگە کردووە،ئامانجی هاوپەیمانان و لە نێویشیدا هۆڵەندا ئەوەیە توانای بەرگری هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بەرزبکرێتەوە، شایانی باسە هێزەکانی ناتۆش بڕیاریاندا کە ژمارەی سەرباز و هێزەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیاد بکەن.

 

© 2017 Hawler