ئازار 08, 2021

حکوومەتی عێراق بە نیوەچڵی پارەی گەنمی جووتیارانی کوردستانی نارد

دوای فشارێکی زۆری نوێنەرانی کورد لە بەغدا و دوای چەندین بەڵێن، دواجار حکوومەتی عێراق نیوەی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی نارد.

حکومەتی عێراق 268 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ناردووە، کە بەمەش هەر جووتیارێک ٥٠٪ی ئەو پارەیەی شایستەیەتی وەردەگرێت.
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاندووە " لە کۆی 557 ملیار و 775 ملیۆن دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، 268 ملیار دینار بۆ پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نێردرا، ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
ئەوەشی گوت: "ئەو پارەیە هی ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ یە، ئەمەش دەکاتە نیوەی شایستەانی جووتیاران.
لەبارەی پارەی گەنمی ساڵی 2020یشەوە، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: "ئەوە هیچ گرفتێکی نییە و تاوەکو ئێستا شەش قۆناخی پارەکە گەیشتووە و لە داهاتوودا ئەوەی دیکەش دەگات".
حکوومەتی عێراق، لە ڕیگای چەند پرۆژەیەکەوە، دەیویست، زیان بە جووتیارانی هەرێمی کوردستان بگەیەنێت، ئەویش لە ڕێگای قەدەغەکردنی هەناردە بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بەڵام ئەو بڕیارەش لە بەرژەوەندی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەڵگیرا و کاری پێ ناکرێت، چاوەڕوانیش دەکرێت پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بە بێ کێشە بگاتە هەرێمی کوردستان و بەسەر جووتیاراندا دابەش بکرێت، بەمەش کۆتایی بە نیگەرانییەکانیان بێت.

© 2017 Hawler