ئازار 08, 2021

بەرپرسانی پۆلیس و ژینگە: بەهۆی نەبوونی هیچ یاسایەک ناتوانین ئیجرائاتی پێویست لەگەڵ خاوەنی ئاژەڵەکان بکەین

ڕائیب جادر - هە‌ولێر

 

بەپێی بەدواداچوونی پەیامنێری "ھەولێر" لە زۆربەی شاروشارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان ئاژەڵی ماڵی بەخێو دەکرێت، ئەوەش جگە لەوەی سیمایەکی ناشارستانی بەو شارانە بەخشیوە، رۆژانە زیان بە باخچەی ماڵان و حاوییەکانی زبڵ دەگەیێنن و دار و درەختی شەقامەکان دەشکێنن. بەگوتەی بەرپرسانی پۆلیس و ژینگەش، بەھۆی نەبوونی ھیچ یاسایەک ناتوانن ئیجرائاتی پێویست لەگەڵ خاوەنی ئاژەڵەکان بکەن کە سیمای شاریان تێکداوە.

بەپێی یاسای ژمارە ٨٩ی ساڵی ١٩٨٣ـی پەرلەمانی عێراق لە پێناو پاراستنی تەندروستیی شارەکان بەخێوکردنی ئاژەڵ لەنێو سنووری شارەوانییەکاندا قەدەخەکراوە.
لە ماوەی رابردوو بە پاڵشتی دادگا و ھاوکاریی دەزگا ئەمنییەکان، ھەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی ئەو ئاژەڵانە دەست پێکرا کە لە شەقام و کۆڵانەکان بەرەڵا دەکران، بەڵام تا ئێستا ئەو دیاردەیە کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
مریەم مەحموود، دانیشتووی شاری سۆرانە، بۆ "ھەولێر" دەڵێت:" ئەوە چەندین ساڵە ئاژەڵ بەخێو دەکەین، راستە ئێرە شارە و جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ گوند ھەیە، بەڵام ئێمە بەبێ ئاژەڵ ناژین، چونکە ئەوانە نەبن ژیانمان سەخت دەبێت".
لەیلا فەریق، ئافرەتێکی دیکەی شارۆچکەی ئاکرێ یە، بۆ "ھەولێر" گوتی:" ئاژەڵی خۆماڵی رۆژ نیە زبڵدانی بەر دەرگا نەڕێژن و کۆڵانەکان پیس نەکەن، جگە لەوەی ئەو داروبارەی چێندراوە بۆ جوانی ھەموو لەلایەن ئەو ئاژەڵانەوە شکێنراون، بۆیە ئەگەر ھاووڵاتیان وا حەز لە ئاژەڵ دەکەن با بچنەوە گوندەکان، ئەگەرنا وا بڕوات ھیچ جیاوازییەک لە نێوان شار و گوند نامێنێت، چونکە رۆژ بۆ رۆژ بەخێوکردنی ئاژەڵ لە شارەکان زیاتر دەبێت".
چالاکوانانی بواری ژینگە بۆ "ھەولێر" دەڵێن:"ناکرێت شار و گوند لە یەکتر جیا نەکرێنەوە، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان رێوشوێنی پێویست بگرنە بەر بۆ نەمانی ئەو دیاردەیە، ئەگەرنا زیانێکی زۆر بە ژینگەی شارەکان دەکەوێت. بەرپرسانی پۆلیس و ژینگەش بە "ھەولێر"ـیان راگەیاند، بەھۆی نەبوونی ھیچ یاسایەک ناتوانن ئیجرائاتی پێویست لەگەڵ خاوەنی ئاژەڵەکان بکەن کە سیمای شاریان تێکداوە، پێویستە پەرلەمان پەلە بکات لە دەرچوونی یاسایەک بۆ قەدەغەکردنی بەخێوکردنی ئاژەڵ لە نێو شارەکان".
لەلایەن خۆیانەوە بەرپرسی باخچەکان لە ھەندێک لە شاروشارۆچکەکان کە بۆ "ھەولێر"باسی ئەو دیاردەیان کردووە دەڵێن، ساڵانە بە ھەزاران دار دەچێنرێن، بەڵام زۆربەیان لەلایەن ئەو ئاژەڵانەوە شکێنراون و لە نێو براون، پێویستە ھەرچی زووە کۆتایی بەو دیاردەیە بێت، ئەگەرنا ئەو دارانەی ماون ئەوانیش نامێنن، بەوەش سیمای شارەکان بە تەواوەتی تێکدەچێت، لەگەڵ ئەوەی چەندین جار داوامان کردووە ئەو دیاردەیە بنبڕ بکرێت بەڵام ھەر ماوە، ھیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو دیاردە ناشرینە بنبڕ بکەن و لێ نەگەڕێن کەس لەناو شاردا ئاژەڵ بەخێو بکات".

© 2017 Hawler