
لە کۆبوونەوەی دوێنێی پارێزگارو شارەوانییەکان کە لە دیوانی پارێزگای هەولێر بەڕێوە چوو، وێڕای ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووەوە کرا، هاوکات پارێزگاری هەولێر جەختی لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری بێدەنگکردنی مولیدە ئەهلییەکانی گەڕەک و شوێنە گشتییەکان کردەوە.
لەمبارەوە بەشی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاوی کردووەتەوە: "سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە 2020.10.3، بە سەرپەرشتیی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی دوو جێگری پارێزگار و قایمقامی ناوەندیی هەولێر و هەریەک لە سەرۆکی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان و سەرجەم بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانی و فەرمانگەکانی پارک و باخچەکان و خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزی، لە دیوانی پارێزگا کۆبوونەوەی هەفتانەی شارەوانییەکان بەڕێوە چوو".
لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووەوە کرا، هاوکات جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری بێدەنگکردنی مۆلیدە ئەهلییەکانی گەڕەک و شوێنە گشتییەکان و دەستپێکردنی ههڵمهتی گهورهی دارچاندن و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی کرایەوە کە بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە لەلایەن پارێزگای هەولێر و بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر لە هەموو قەزا و ناحیەکان دەست پێ بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها تیشک خرایە سەر چەند پرسێکی دیکەی پەیوەست بە شارەوانییەکانی هەولێر.
ڕێکەوتی چوارشهممه 30/9/2020 فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند: "لە سبەی پێنجشهممه 1/10/2020وە ئەوەی مۆلیدەی بێدەنگی دانەنابێت، لە قۆناغی یەکەمدا سزا دەدرێت، له قۆناغی دووەمیشدا ئەگەر پابەند نەبێت، مۆلیدەکەی دەدرێته خەڵکی دیكه، ئێمە چیتر وادەی دانانی مۆلیدەی بێدەنگ درێژ ناکەینەوە".
روونیشی کردەوە: "پێش مانگی 5ی 2020 دیاری کرابوو بۆ دانانی مۆلیدەی بێدەنگ، بەڵام بەهۆی کۆرۆنا و کەرەنتینهوه، ماوەکە بۆ مانگی 10 درێژ کرایەوە".