ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ساڵانە بە هەزاران تۆن سماق لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت

ڕائیب جادر - هە‌ولێر

وەرزی رنینی بەرهەمی سماق لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد، كە یەكێكە لەو بەرهەمانەی بەڕێژەیەكی بەرچاو لە چیاكانی هەرێمی كوردستان دەچێندرێت، كە ساڵانە بە هەزاران تۆن سماق لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت و رەوانەی بازاڕ دەكرێت.

زكری وەهاب، كە خەریكی رنینی سماق بوو بۆ "هەولێر" دیاركرد:" بەم دوایە خەڵكێكی زۆر لە هەموو ناوچەكانی كوردستان روویان لە چاندنی سماق كردووە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئاو و هەوای كوردستان لەبارە بۆ بەرهەمهێنانی سماق، گرنگیەكی زۆر بە بەرهەمی خۆماڵی دەدەین و ساڵانە بژێو و ژیانی خەڵكێكی زۆر لەسەر بەرهەمی سماقە، هیوادارین حكوومەت زیاتر گرنگی بەو بەرهەمە بدات و هاوكاری جووتیاران بكات بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمە رۆژ بۆ رۆژ زیاتر ببێت.
ستار كەریم، هاووڵاتیەكی دیكەیە بۆ " هەولێر" گوتی:" سماق زیاتر سێ جۆری هەیە، هەر جۆرێكی لە كاتێكدا پێ دەگات، بەڵام بە گشتی ساڵانە لە سەرەتای مانگی هەشتەوە دەست بە رنینی بەرهەمەمەكەی دەكەین و لە بازاڕ دەفرۆشینەوە.
كەریم، گوتیشی:" ئەمساڵ كیلۆی سماق لە هەزار و 500 دینارەوە دەست پێ دەكات تا 3 هەزار دینار، بەرهەمی سماق نەك لە ناوخۆی كوردستان دەفرۆشرێت، بەڵكو هەناردەی شارەكانی دیكەی عێراقیش دەكرێت، ئەگەر حكوومەت هاوكاری ئێمە بكات دەتوانن هەناردەی دەرەوەش بكەین.
دیندار لەزگین، جووتیارێكی دینارتەی سنووری ئاكرێ یە بە " هەولێر"ـی گوت:" ئاكرێ بە سماق ناوبانگە، سماقی ئاكرێ دەچێتە دەرەوە، پێشتر بازاڕی سماق زۆر باش بوو و كیلۆی بە 5 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا تەنیا دوو هەزار دینار دەكات، بۆیە هیوادارین حكوومەت زیاتر گرنگی بەو بەرهەمە كشتووكاڵییە بدات، بۆ ئەوەی جووتیارانیش زیاتر گرنگی بەو بەرهەمە و بەرهەمەكانی دیكەی خۆماڵی بدەن.
رەشید محەمەد، كە خەریكی رنینی سماق بوو بۆ "هەولێر" دەڵێ:" بە سێ ساڵ سماق دێتە بەرهەم، ئەمساڵ بەرهەمی سماق زۆر باشە، باخەكەم بەرهەمێكی باشی هێناوە، كە پێشبینی دەكرێت بە سەدان تۆن بێت، بە هەرەوەزی بۆ چەند رۆژێك دێین تا هەمووی دەچنین، دواتر لەبەر رۆژ دادەنێین دوای وشكبوونی بە دار هەمووی ورد ورد دەكەین دواتر دەبەینە بازاڕ و دەفرۆشینەوە.
قادر عەبدوڵڵا، جووتیارێكی سنووری ئاكرێ یە بە "هەولێر"ـی گوت:" ئەمساڵ ئاكرێ هەموو بۆتە سماق، سماقی ئاكرێ بە ناوبانگە و لە هەموو شاروشارۆچكەكانی كوردستان هەتا لە عێراق كڕیاری خۆی هەیە و بەدوای سماقی ئاكرێ دا دێن و دەكڕن".
عەبدوڵڵا، روونیشیكردەوە:" سێ جۆر سماق لە ئاكرێ بەرهەم دێت، سماقی سپی، سوور، لەگەڵ سماقی كیڤە زەرد، بەڵام سماقی سپی لە هەموویان بەناوبانگترە و تامەكەشی لە هەمووی خۆشترە و بە نرخترە، بەڵام دوای جۆرەكانی دیكە پێ دەگات.
كازم عەزیز، هەموو بەیانیەكی زوو روو لە رنینی سماق دەكات و تا نیوەڕۆ سماق دەچنێت و پاشان دەگەڕێتەوە ماڵەوە، بۆ "هەولێر" روونیكردەوە:" ئەمساڵ بەرهەمی سماق لە ئاكرێ زۆر باشە، هاتووینە بۆ رنینەوەی سماق، داوا دەكەین كە سماقی ئێمە رەوانەی دەرەوە بكرێت، چونكە ئەگەر رەوانەی دەرەوە نەكرێت ناتوانین بە نرخێكی باش بفرۆشین".
عەزیز، ئاشكراشی كرد:" سماقی ئەمساڵ هیچ ناخۆشیەكی نەگرتووە، بەهۆی ئەوەی باشترین جۆری سماق لە ناوچەكە دەست دەكەوێت، پێویستە حكوومەت هاوكاری ئێمە بكات و كارگەی هاڕینی سماق بكاتەوە تا بەرهەمی جووتیاران بە فیڕۆ نەچێت و خەڵك زیاتر روو لە چاندنی ئەو بەرهەمە بكەن".
بەختیار موحسێن، كە دووكانی فرۆشتنی بەرهەمی خۆماڵی هەیە بە "هەولێر"ـی راگەیاند، زیاتر لە 15 ساڵە دووكانی بەرهەمی خۆماڵیم هەیە لە ئێستادا بەهۆی پێگەیشتنی سماق، كڕیاری تایبەتیم هەیە و بەرەو شارەكانی دیكەی عێراق دەینێرن، كە ئەمساڵ بەرهەمی سماق زۆر باشە، ساڵانی رابردوو كیلۆی سماق بە پێنج هەزار دینار بوو، بەڵام ئەمساڵ بە دوو هەزار دینارە و رێژەی كڕین و فرۆشتنی بەرهەمەكان 40% كەمی كردووە، هۆكارەكەشی بۆ ئەو دۆخە تەندروستییە دەگەڕێتەوە".
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ئاكرێ بە "هەولێر"ـی گوت:" یانزدە هەزار و 500 دۆنم زەوی لە ئاكرێ بە باخی سماق چێندراوە، ئەمساڵ بەرهەمی سماق زۆر باشە و پیشبینی دەكەین هەتا سێ هەزار تۆن سماق لە ئاكرێ بێتە بەرهەم هێنان لە لایەن جووتیارانەوە".
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ئاكرێ، ئاشكراشی كرد:" لە هەموو شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان هەتا شارەكانی عێراقیش بە مەبەستی كڕینی سماق هاووڵاتیان روو لە ئاكرێ دەكەن، سماقی ئاكرێ بەشی هەموو كوردستان دەكات، ئەوەش وای كردووە كە جووتیاران زیاتر گرنگی بە چاندنی سماق بدەن، ئەگەر زیاتر هاوكاری جووتیاران بكرێت، سماق رەوانەی دەرەوە دەكەن، كە پێشتر بۆ سووریا دەچوو، جگە لەوەی دوو كارگەی هاڕینی سماق لە ئاكرێ دانراون، ئەوەش لەبەرژەوەندی جووتیاراندایە".