تشرینی یەکەم 21, 2020

پێشنیارکراوە خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەستپێبکات

وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ڕێگای لیژنەیەکەوە تاوتوێی دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خوێندن دەکات

دوای زیادتربوونی ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان، ورزی خوێندنی ساڵی ڕابردوو بە شیوەی جیاواز لەسەر ئاستی قۆناغەکانی خوێندن بریاریان لەبارەوە درا و بۆ یەکەمجاریش لە کوردستان خوێندنی ئەلیکترۆنی ئەزموون کرا.

ئیستا وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا، سەرقاڵی ئەوەن چۆنییەتی دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خوێندن لە کوردستان بە باشترین ڕێگا بێت، بەشێوەیەک لەژێر ڕێنمایی و بڕیارەکانی وەزارەتی تەندروستی بێت. ئەکرەم عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە لێدوانێکدا بۆ "هەولێر" ڕایگەیاند؛ لە ڕێگای لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە کە پێکهاتووە لە سەرۆکی زانکۆ حکومی و ناحکومییەکان، وەزارەتی خوێندنی باڵا سەرقاڵی داڕشتنی پلانە بۆ دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خوێندن. ئەکرەم عەباس، ئەوەشی گوت:" بڕیار و پێسنیازەکانی ئەو لیژنەیە دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران و دوا بڕیار لەوێوە دەدرێت.
سەبارەت بە باشترین پێشنیاری ئەو لیژنەیە تا ئێستا، ڕایگەیاند؛ باشترین پێشنیار ئەوەیە دەستپێکردنەوەی وەرزی خوێندنی ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١ لە ڕێگای ئەلیکترۆنییەوە بێت، ئەمەش لە پێناو پاراستنی تەندروستی قوتابیان و ڕیگا گرتن لە تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسی کۆڕۆنا، کە ئێستا تەنگی بە ناوەندە تەندروستییەکان هەڵچنیووە.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنینەوە زانستی لە بڵاوکراوەیەکی نوسراویشدا، لەبارەی دەستپێکردنەوەی خوێندنی وەرزی نوێ، ڕایگەیاندووە:" بە لەبەرچاوگرتنی رەوشی تەندروستی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای کۆڤید ١٩ و بەمەبەستی دیراسەتکردن و خۆئامادەکردن و داڕشتنی پلان و ئەگەرەکان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لێژنەیەکی باڵای لە سەرۆک زانکۆ حکومی و تایبەتەکان بۆ چۆنیەتی دەوامی ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بە ڕەچاوکردنی ستانداردە جیهانییەکان پێکهێناوە.
لە بڵاوکراوەکەدا ئەوەش هاتووە:" یەکێک لە پێشنیازەکانی لێژنەکە کە هێشتا نەبۆتە بڕیار: پێشنیازکراوە خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی لە ١/٩ وە دەست پێبکات، بۆ ئەم مەبەستە دواتر وەزارەت باشترین بژاردە بۆ کارنامەی ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) جێبەجێ دەکات و لەشێوەی ڕێنمایی بۆ سەرجەم خوێندکاران و قوتابیان بڵاوی دەکاتەوە.
جیگای ئاماژە پێکردنە، ساڵی رابردوو لەدوای نیوەی یەکەمی وەرزی خوێندنەوە، بەهۆی گیرانەبەری ڕێکاری خۆپارێزییەوە، هەر لە سەرەتاوە ناوەندەکانی خوێندن ڕاگیران و دواتر زانکۆ و پەیمانگەکان لە ڕێگای ئەلیکترۆنییەوە بەشیوەیەکی ئارەزوومەندانە درێژەیان بە خوێندن دا. وەک هەڵسەنگاندنیش بۆ دەرچوواندنیان بڕیاردرا بۆ هەر وانەیەک قوتابیان ڕاپۆرتێکی زانستی ئامادە بکەن، ئەگەرچی قوتابیان ئەم ئەرکەیان بە ئەرکێکی قورس دەزانی و ناڕازی بوون.

پاڤین ڕەمەزان - هەولێر

© 2017 Hawler