تەمموز 03, 2020

سەرۆكی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان بۆ هەولێر: هاوردەكردنی كاڵا و خۆراك بەردەوامە

ڕائیب جادر - هە‌ولێر

 

سەرۆكی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هاوردەكردنی كاڵا و خۆراك لە سنوورەكان لەژێر چاودێرییەكی وردی تەندروستیدایە و پشكنین بۆ هەموو جۆرە كاڵایەك دەكرێت، ئەگەر هاتوو وای پێویست كرد دەروازە سنوورییەكان دابخرێن تا شەش مانگ پێویستمان بە هیچ نابێت.

مستەفا شێخ عەبدولرەحمان، سەرۆكی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان بۆ "هەولێر" دەڵێ:" ئەو كاڵانەی لە ئێرانەوە دێنە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی تەندروست دێن، هەر لە سنوورەكانی هەرێم بارهەڵگرەكانی خۆمان بارەكان بۆ هەرێمی كوردستان دەگوازنەوە، جگە لەوەی هاوردەكردنی كاڵا و خۆراك لەژێر چاودێرییەكی وردی تەندروستیدایە و پشكنین بۆ هەموو جۆرە كاڵایەك دەكرێت و هیچ بڕیارێك بۆ راگرتنی ئالوگۆڕی بازرگانی لە سنوورە نێودەوڵەتییەكان نییە و هاوردەكردنی كاڵا و خۆراك بەردەوامە و هیچ كێشەیەك نییە.
سەرۆكی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان دەشڵێ:" عێراق سنوورەكانی خۆی لەگەڵ ئێران داخستووە ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەو سنوورانە كاڵا و خۆراك بێ پشكنین داخیلی عێراق دەكرا، بەڵام حكوومەتی هەرێم خۆی پەیوەستە بەو سنوورانە و سنوورەكانی هەرێم لەگەڵ ئێران كراوەنەوە و بە هیچ شێوەیەك داناخرێن، بەڵام ئەگەر هاتوو وای پێویست كرد دەروازە سنوورییەكان دابخرێن لە كۆگاكان بۆ ماوەی زیاتر لە 6 مانگ خۆراك و خواردەمەنی پێویستمان هەیە، جگە لەوەی لەناوخۆی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 33 كارگەی بەرهەمهێنەری شیر هەن، لە هەولێر 6 كارگە، سلێمانی 6 كارگە، دهۆك 20 كارگە و لە كەلار كارگەیەك هەیە، هەروەها لێرە بەدواوە ئەوانەی هێڵكە بەرهەم دەهێنن، هێڵكەیەكی زۆر دەخەنە بازاڕەوە، بەوەش پێویستمان بە دەرەكی نابێت، واتە لە حاڵەتی داخستنی سنوورەكان ئەو پێداویستییانەی رۆژانەن لەناوخۆ هەمانە و هیچ كێشەیەكمان نابێت و پێویستمان بە هاوردەكردنیان نابێت".

© 2017 Hawler