ئەم پەڕەیە چاپ بکە

بەردی بناغەی دوو پرۆژەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی كارەبا لە سۆران دادەنرێت

ڕائیب جادر - هە‌ولێر

 

ئەمڕۆ، لە سۆران، لەژێر چاودێریی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغە بۆ دوو پرۆژەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی كارەبا دادەنرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی كارەبا، ئەمڕۆ 10/3/2020 لە ژێر چاودێریی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغە بۆ دوو پرۆژەی بواری بەرهەمهێنان و گواستنەوەی كارەبا دادەنرێت.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سەرەتا لە وێستگەی 132 كەیڤی سۆران لەسەر رێگای سۆران، بەردی بناغە بۆ پرۆژەی هێڵی 132 كەی ڤی و گۆڕینی تەلی نێوان (شەقڵاوە- سۆران) و فراوانكردنی وێستگەی سۆران بەگوژمەی 6.700.050 دۆلار جێبەجێ دەكرێت.
ئاماژە بەوەشكراوە: "دواتر هەر لەهەمان رۆژ، بەردی بناغە بۆ پرۆژەی وەبەرهێنان بۆ بەرهەمهێنانی 100 مێگاوات كارەبا لە ئاو (HIDRO +) بەشێوەی وەبەرهێنان لەلایەن هەردوو كۆمپانیای (ئاریان ئیندەستریت- ئوسترالی و strog oil) بەگوژمەی 250 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەكرێت".
ئەندازیار فەیسەل حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران، بۆ "هەولێر" دەڵێ:" ئەو دوو پرۆژەیە دەبێت لە ماوەی 180 رۆژدا تەواو بكرێن. بە تەواوبوونیشیان سوودێكی زۆر بە خەڵكی هەر چوار قەزای سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و رواندز دەگەیەنێت و، لە وەرزی زستان ساته‌کانی كارەبا زیاتر دەبن".