تەمموز 01, 2022

زۆرترین بینراو

Error: No articles to display

سەرۆكی یانەی هەڵۆ: یانەكەمان هیچ سەرچاوەیەكی دارایی نییە و ئێستا نزیكەی 60 ملیۆن دینار قەرزدارین

یانەی هەڵۆ، كە تاكە یانەی دەڤەری بارزان و قەزای مێرگەسۆرە، ئەمساڵ بەشدارە لە خولی یانە پلەیەكەكانی كوردستان بۆ تۆپی پێ، بەسەرپەرشتی راهێنەر عەلی هیلال، دەیەوێت ئەنجامێكی باش بە دەست بهێنێت و سەركەوێت بۆ خولی یانە نایابەكانی كوردستان، بەڵام بە گوتەی سەرۆكی یانەكە، قەیرانی دارایی هۆكار بووە كە نەتوانن یاریزانی باش بهێنن و خۆیان بە باشی ئامادە بكەن بۆ خولەكە بۆ ئەوەی ئەنجامێكی باش بە دەست بهێنن. ڕوونیشیدەكاتەوە، یانەكەمان هیچ سەرچاوەیەكی دارایی نییە و ئەوە 6 ساڵە بە قەرز بەڕێوەدەچێت و ئێستا نزیكەی 60 ملیۆن دینار قەرزدارین.

عەلی هیلال، ڕاهێنەری یانەی هەڵۆ، بۆ "هەولێر" دەڵێت: خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان بۆ تۆپی پێ، خولێكی ڕێكوپێكە و هەموو تیپەكان ئاستیان لە یەكەوە نزیكە، پێش خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان 3 رۆژ یانەكەم وەرگرت، لە دوو یاری یەكەم ئێمە باشتر بووین، چ لەگەڵ یانەی ئاكرێ، چ لەگەڵ یانەی دهۆك، بەڵام ئەوە یاریە و هەموو شتێك لەناو یاریگادا روودەدات.
ڕوونیشیكردەوە، ئەگەر لە یارییەكانی رابردوو سێ خاڵی یارییەكەمان بە دەست هێنابایە، تموحی ئێمە زیاتر دەبوو و دەمان توانی ئەنجامێكی باش بە دەست بهێنین، بەڵام لەگەڵ ئەوەی هەوڵ دەدەین یاری بۆ یاری بەهێز تر ببین و سێ خاڵی یارییەكە لە یارییەكانی داهاتوو بە دەست بهێنین

.
لەلایەكی دیكەوە ئەحمەد خەلیل، سەرۆكی یانەی هەڵۆ بە "هەولێر"ـی گوت: بەو قەیرانە داراییە زۆر زەحمەتە كێبڕكێ بكەین، لەگەڵ ئەوەی یانەیەكی باشمان هەیە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ئێمە زۆر گلەییمان لەئاستی ناوبژیوان هەیە، بەتایبەتی لە یاری ئێمە لەگەڵ دهۆك ئاستی ناوبژیوان زۆر نزم بوو، غەدرێكی زۆر گەورە لە یانەكەمان كرا، لێدانێكی سزای نادروستیان لەسەر ئێمە هەژمار كرد، لەگەڵ ئەوەی سێ لێدانی سزا بۆ ئێمە نەگیرا.
ئاشكراشی كرد، چەند یاریزانێكی هەڵۆ كە پێشتر لەگەڵ ئێمە بوون بە خۆبەخشانە دەستمان لەناو دەستی یەكدی ناوە بۆ ئەوەی یانەی هەڵۆ ڕابگرین، كەسیش هاوكاری ئێمە ناكات، وای لێ هاتووە كە ئێمەش دەست لە یانەكە بەربدەین، یانەی هەڵۆ موڵكی من نیە، بەڵكو موڵكی بارزان و قەزای مێرگەسۆرە، بۆیە پێویستە دەست لەناو دەستی یەكدی بنێین، چۆن باشە بەوشێوەیە ئەو یانەیە ڕابگرین، بەڵام بەداخەوە بە هەموو شێوەیەك پشت لە یانەكە كراوە و كەس هاوكاری ئێمە ناكات، یانەی هەڵۆ ئەوە بۆ 6 ساڵ دەبێت پارە قەرز دەكات بە قەرز بەڕێوە دەچێت، كە ئێستا نزیكەی 60 ملیۆن دینار قەرزدارین. سەرۆكی یانەی هەڵۆ زیاتر گوتی: چوار یاریزانی خۆمان لە تیپی لاوان سەرخستوونە، سێ یاریزانی دیكەشمان لە كەركووك و هەولێر و دهۆك و دوو یاریزانیشمان لە وڵاتی ئێران بە مووچەیەكی زۆر كەم هێناون، كە یاریزانی زۆر باشن، تموحی ئێمە ئەوەیە سەر بكەوین بۆ خولی یانە پلە نایابەكانی كوردستان، بەڵام قەیرانی دارایی لە ئێمە بگەڕێت و یاریزانان لەگەڵ ئێمە هاوكار بن دەتوانین ئەنجامێكی باش بەدەست بهێنین و دڵی جەماوەی یانەكە خۆش بكەین".

 

ڕائیب جادر ـ هەولێر

© 2017 Hawler