کانونی دووەم 18, 2022

زۆرترین بینراو

Error: No articles to display

سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی روسیا خراوەتە زیندانەوە

لە 18_3_2018، روسیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەوە، بەڵام میدیا جیهانییەكان زۆر بە كەمی فۆكسیان خستوەتە سەر ئەو هەڵبژاردنە و زانیاری دروستیان لەسەر نییە. هۆكارەكەشی حكوومەتی روسیایە بە سەرۆكایەتی ڤلادمیر پۆتین، كە رێگە بە هیچ لایەنێك نادات دژی ئەو قسە بكەن، یاخود بە خراپە باس لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بكرێت.

ئەلێكسا ناڤالنی سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی روسیا، ركابەرێكی سەرسەختی ڤلادمیر پۆتینە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، بەڵام چەند رۆژێك بەر لە ئێستا پۆلیس چوە سەر ماڵەكەی و خستیانە زیندانەوە. ئەو كەسایەتییە ئەمە جاری یەكەمی نییە دەخرێتە زیندانەوە، بەڵكو پێشتریش بە هۆی ئەوەی داوای لە خەڵك و لایەنگرانی كردوە دژی حكوومەت بڕژێنە سەر شەقام، بۆیە چەند جارێك زیندانی كراوە و، ئازاد كراوەتەوە.
پۆتین بۆ جاری چوارەمە خۆی بۆ سەرۆكی روسیا هەڵدەبژێرێتەوە، رێگەش نادات هیچ كەسێك ببێت بە ركابەری و هەركەسێكیش ركابەری بكات، یان دەیخاتە زیندانەوە یان لەناوی دەبات. ئەگەرچی بردنەوەی پۆتین لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی مسۆگەرە، بەڵام نایەوێت ركابەرەكەی بە جیاوازی دەنگێكی كەم بكەوێـتە دوای ئەوەوە، بۆیە هەموو جارێك بەر لە هەڵبژاردن ركابەرەكانی خۆی تواندوەتەوە. پێشبینییەكانیش وای پیشان دەدەن، كە پۆتین 80%ی دەنگەكان دەهێنێـت

.
رۆژنامەی (گاردیان)ـی بەریتانی بڵاوی كردوەتەوە، رای گشتی روسیا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، كە روسیایەكی بە پۆتین، زۆر باشترە لە روسیایەكی بە بێ پۆتین. كەواتە تاوەكو ئێستا هیچ ركابەرێكی سەخت لە روسیا دژی پۆتین دروست نەبوە

.
فەهمی كۆرو نووسەری دیاری ماڵپەری (T24)ـی توركی، لە وتارێكدا باس لە ئەلێكسا ناڤالنی دەكات و، پێی وایە خەڵكێكی زۆری لەگەڵە، بەڵام پۆتین رێگەی پێ نادات جموجۆڵی سیاسی ئەنجام بدات.
ئەو توانی لەناو پەرلەمان ئیمزا كۆ بكاتەوە بۆ ئەوەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كاندید بكات، بەڵام وەكو ئەوەی فەهمی باسی لێوە دەكات، دۆسیەیەكیان بۆی كردوە و لە گەندەڵییەك تێوەیانگلاند و دادگاش رێگەی لێ گرت لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی خۆی كاندید بكات

.
ئەو دوای ئەوەی دەستگیركرا و دوای چەند رۆژێك ئازادیان كردەوە، ئێستا لە هیچ میدیایەكی روسیا بۆی نییە قسە بكات و پروپاگندە بكات، بۆیە تەنیا لە رێگەی سۆسیال میدیاوە پەیامی خۆی دەگەیەنێتە لایەنگرانی. بۆ ئەوەی ئەو رێگەشی لێ بگرن، هەفتەی رابردوو پۆلیس هەڵیكوتایە سەر ماڵەكەی و كۆمپیوتەرەكەشیان لێ زەوت كرد.
زۆرێك لە خۆپیشاندەران، لەبەر خۆشەویستیان بۆ ئەلێكسا نییە دەڕژێنە سەر شەقام، بەڵكو دەیانەوێت ئەنجامی هەڵبژاردن بۆ ئەوان بڕوا پێهێنەر بێت و نەكەونە گومانەوە لەوروەوە.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler