کانونی دووەم 18, 2022

زۆرترین بینراو

Error: No articles to display

ڕەوشی ناوخۆی یەمەن لەخراپیەوە بەرەو خراپی هەنگاوی ناوە بەتایبەتی لەدوای ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی بن باڵی حکومەتی یەمەن لەبەشی باشوور لێکترازان و کەوتنە شەڕی یەکتریەوە، کە بەشێکیان لەلایەن عەرەبستانەوە پاڵپشتی دەکرێن و، بەشێکی دیکەیان لەلایەن ئیماڕاتی عەرەبیەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ئە‌بی‌سی‌نیوز) لەنێو شەڕی ناوخۆی یەمەندا شەڕیکی دیکە هەڵایساوە کە بارودۆخی یەمەن بەرەو خراپتریپەلکێشدەکات. هێزەکانی پاڵپشتی یەکتری کە ئەمەریکا و، هاوپەیمانیەتی عەرەبی بەسەرکردایەتی عەرەبستان پاڵپشتی دەکرێن لەدژی بزوتنەوەی حوسیەکانی سەر بە ئێراندائێستا لە براوە بونەتە دوژمن، هێزەکانی ئەو گروپانە لێکترازاون و هەریەکەیان بەلایەکدا ڕۆیشتوە و بەهۆی ناکۆکیەکانیانەوە پشتیان لەیەکتری کردوە. سەرەنجام بەهۆی ئەو ئاڵۆزیانەوە کەماوەی حەفتەیەکە دەستیپێکردوە باشوری شاری (عەدەن) بۆتە زۆنی شەڕ، فڕۆکەخانە و، قوتابخانەکان و بازاڕ و دوکانەکان داخراون، خەڵکی بەرەو ناوچەکانی دەوروبەر دەستیان بەهەڵاتن کردوە

.
ئەو جیابونەوە تازەیەی یەمەن ناسەقامگیری زیاتر دروستدەکات بۆ دۆخی تێکشکاوی ئەو وڵاتە، لەلایەک شەڕ و ماڵوێرانی و، لەلایەکی دیکەش نەخۆشی و برسیەتی جوڵەی ژیانی لەو وڵاتەدا لاواز و بەرەو پەکخستن بردوە، کە نەتەوە یەکگرتوەکان بەگەورەترین قەیرانی مرۆیی لەجیهاندا وەسفیکردوە.

کێن ئەوانەی شەڕی یەکتری دەکەن؟
شەڕی ئەو جارەیان لەنێوان گروپەکانی نێو هاوپەیمانیەتی ژێر چەتری حکومەتی یەمەندایە، هێزەکانی پاڵپشتی لە (عەبد ڕەبا مەنسور هادی) سەرۆکی یەمەن بەشێوەیەکی بەرفراون لەبەرانبەر هێزەکانی جیابۆوەدا تێکشکاون، هێزەکانی جیابۆوە کە ناویان لەخۆیان ناوە (ئەنجومەنی کاتی باشور) ئەو هێزانە لەلایەن ئیماڕاتی عەرەبیەوە پاڵپشتی دەکرێن و (ئەیداروس ئەلزوبەیدی) سەرکردەی ئەو ئەنجومەنەیە کە پێشتر تا ساڵی پار پارێزگاری (عەدەن) بوە و، لەلایەن سەرۆکی یەمەنەوە لەپۆستەکەی دورخراوەتەوە، هەڵبەتە ئیماڕات و عەرەبستان هەردووکیان دوو وڵاتی سەرەکی هاوپەیمانیەتی عەرەبی دژی بزوتنەوەی حوسیەکانن، بەڵام بەهۆی ناکۆکیە سیاسی و پلە و پۆست و شێوەی کارگێڕییەوە باڵەکانی سەر بەو دوو وڵاتە لێکترازاون و شەڕی دژی یەکتری دەکەن.

بۆچی شەڕ لەدژی یەکتری دەکەن؟
لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا (هادی) پەیوەندی لەگەڵ ئیماڕاتی عەرەبیدا خراپ ببوو، بەپێی ڕاپۆرتەکە حکومەتی یەمەن دەڵێ ئیماڕاتی عەرەبی پاوانخوازی کردوە لەدەستبەسەرداگرتنی دامەزراوەکانی نەوتو گازی بەشی باشووری ئەو وڵاتە، ئەوەش لەلایەن حکومەتی یەمەنەوە دژایەتی لێکراوە و بۆتەهۆی تێکدانی پەیوەندی نێوان (هادی) و وڵاتی ئیماڕات.
هەروەها ئیماڕاتی عەرەبی لەو ناوچانەی باشور میلیشیا و هێزی چەکداری و زیندانی نهێنی دامەزراندوە و، (هادی) و بەرپرسەکانی حکومەتەکەیشی هەمیشە سکاڵایان لەدژی ئەو هەوڵانەی ئیماڕات بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاندوە و بەهەوڵی داگیرکارانەیان ناوبردوە، ئەوەش سەرەنجام بۆتە دژایەتیکردنی یەکتری و ئاڵۆزی و هەڵایسانی شەڕ. هەرچی ئیماڕاتیشە پێیوایە حکومەتەکەی (هادی) حکومەتێکی گەندەڵکارە و ناتوانێ خزمەتگوازرییەکان بۆ خەڵکی فەراهەم بکات

.
حەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی کاتی باشور داوای لە (هادی) کردوە سەرۆکوەزیرانی حکومەتی یەمەن بەهۆی گەندەڵیەوە لەسەر کارلابدا، بەڵام دوای ئەوەی ئەو مۆڵەتەی دیاریانکردبو تەواوبوو و داواییەکەیان بەجێ نەهات، شەڕ و پێکدادان لەڕۆژی یەکشەممەدادەستیپێکرد، وەبەپێی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) ڕۆژی سێشەممە هێزەکانی جیابۆوە کۆنتڕۆڵی شاری (عەدەن) یان کردوە.
ڕاپۆرتەکە زانیاری لەخەڵکی ئەو ناوچانەوە وەرگرتوە، تیایدا ئاماژەیان بەوەداوە کە هێزەکانی سەر بە ئەنجومەنی کاتی باشور لەساڵی (٢٠١٧) ەوە دروستبون بەئامانجی دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ بەشی باشوری یەمەن، هەڵبەتە باشوری یەمەن لەگەڵ باکوری یەمەندا لەساڵی (١٩٩٠) دا یەکیان گرت.

لەداهاتوودا چی ڕوودەدات؟
ئەگەر بێتو ئەو شەڕەی ئێستای نێوخۆی هێزەکانی هاوپەیمانی درێژەی هەبێ و لە(عەدەن)ەوە بۆ ناوچەکان و شارەکانی دیکە بگوازرێتەوە ئەوا بۆشایی دەسەڵات و ئاسایش دروستدەبێت، لەو حاڵەتەشدا هێزە توندڕەوەکانی وەکو قاعیدە و، داعش و، هەروەها بزوتنەوەی حوسیەکانیش دەرفەت وەردەگرن و پێشڕەوی دەکەن و لەباکورەوە بەرەو باشوور دەکشێن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە سیناریۆی یەکەم بۆ چارەسەری ئەو دۆخە کەپێشبینی دەکرێ ئەوەیە (عەبد ڕەبا مەنسور هادی) سەرۆکی یەمەن بچێتە ژێرباری فشارەکانی ئیماڕاتی عەرەبیەوە حکومەتەکەی ئێستای دەستکاری بکات، وە ئیدارەیەکی تازە پێکبهێنێت کە ئەو کەسانەی بەرپرسیاریەتی لەو ئیدارەیەدا وەردەگرن دەبێ لەلایەن ئیماڕاتەوە پاڵپشتی بکرێن و ناسراوبن، ئەگەری زۆر هەیە بەهەماهەنگی لەنێوان عەرەبستان و ئیماڕاتدا ئەوە ڕێکارانە بۆ چارەسەری دۆخەکە ئەنجامبدرێن

.
شیاوی باسکردنە، شەڕی ناوخۆی یەمەن جارێ هیچ ئاسۆی کوژانەوەی لێبەدیناکرێ، بەهۆی ئەو شەڕەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی (١٠ هەزار) کەس لەخەڵکی یەمەن کوژراون، وە نزیکەی (٣ ملیۆن) کەس ئاوارەبوون و، (٢٨ ملیۆن) کەسیش توشی برسیەتی و نەداری بونەتەوە

.
بۆ چارەسەری درێژخایەن بۆ دۆخی یەمەن بەگشتی پێشنیارێک لەشێوەی پرۆژە لەئارادایە کە لەلایەن (ئەنوەر ئیشکی) کە کەسێکی نزیک لە شازادە (محمد) ی شازادەی جێنیشینی عەرەبستانە پێشنیارکراوە، لە پرۆژەکەدا پێشنیاری دامەزراندنی ناوچە یان یەکەی خۆبەڕێوەبەری جیاجیا کراوە، یەکێک لە باکور و، ئەوی دیکەیان لەباشور وە هەردووکیان لەژێر فیدراسیۆنێکدابن کە لەلایەن (هادی) یەوە سەرۆکایەتی بکرێن

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر.

© 2017 Hawler